زارا محەمەدی سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا
زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی، دوای کەمکردنەوەی سزاکەی لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٥ ساڵ، داوادەکرێت خۆی ڕادەستی گرتوخانەی ژنان بکات.

ناوەندی هەواڵ
زارا محەمەدی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٩دا بە تۆمەتی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی و رێکخستنی سیمیناری کۆمەڵایەتی و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان دەستبەسەر کرا، زارا دوای دوو مانگ زیندانی بە بارمتە ئازادکرا.
دادگای سەرەتایی شاری سنە بڕیاری سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر زارا محەمدیدا دا، لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٠ دادگای تێهەڵچوونەوەی شاری سنە سزای ١٠ ساڵ زیندانی کەمکردەوە بۆ ٥ ساڵ، تۆمەتەکەشی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بوو، خێزانی زارا چەندین جار تانەیان لە بڕیارەکەی دادگا داوە و نێردراوەتە دادگای باڵای ئێران.
بەڵام دوای نزیکەی دوو ساڵ بەرپرسی گشتی دادگای پارێزگای سنە ماوەی ١٠ ڕۆژی بۆ زارا دیاریکردووە تا خۆی ڕادەستی گرتوخانەی ژنان بکات و بەپێی ماددەی ٤٧٧ سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنی، کە بە سەریدا سەپێنراوە، جێبەجێبکرێت.
ت.پ