تاڵیبان ناوی جێگرانی وەزیرەکانی ئاشکرا کردووە، لە لیستەکەدا ژن نییە
زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان، کە لە شاری کابوڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامداو ناوی جێگرانی وەزیرەکانی ڕاگەیاند لەو لیستەدا ناوی هیچ ژنێکی تێدا نییە.

ناوەندی هەواڵ
تاڵیبان کە ئیدارەی ئەفغانستانیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، بە بڕیارەکانیان لەسەر ژنان لە هەموو جیهانەوە کاردانەوە دروست بووە، وەزارەتی ژنان لادرا، لە خوێندنگاکاندا پەروەردەی تێکەڵ قەدەغەکراوە، ڕێگە نەدراوە بە ژنان کار بکەن و لە ئێستادا هیچ ژنێک لە ناو ئەو جێگرانەی وەزیرەکاندا نییە کە ناوەکانیان ڕاگەیاندووە.
زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە کابوڵ ناوی جێگرانی وەزیرەکانی ڕاگەیاند دەرکەوتووە کە هیچ جێگرێکی ژن لەو لیستەدا نییە کە رایدەگەیەنن، پێشتر تاڵیبان "وەزارەتی ژنان"ی گۆڕیی، کە لە ئیدارەی غەنیەوە مابوو، بۆ "وەزارەتی بانگهێشت بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە".
وتەبێژەکەی تاڵیبان وتیشی: " بەزووترین کات ڕێگە بە کچانی ئەو وڵاتە دەدرێت بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە".