منداڵێک لەلایەن باوکیەوە کوژرا
کوشتنی منداڵێک لە لایەن باوکیەوە لە فەڵەستین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا دروست کردووەو توڕەبوونی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە، داوا دەکەن ڕێگری بکرێت لە زیادبوونی توندوتیژی.

ناوەندی هەواڵ
بابەتی سەرەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەڵەستین بووە بە هەواڵی کوشتنی کچێک لەلایەن باوکیەوە، ئەمەش پاش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ئەیلول ئاشکرا کرا کە "حەنان بوجی"ی تەمەن ١٣ ساڵ لەلایەن باوکیەوە کوژراوە.
ئەو منداڵە خەڵکی شاری رفحی سەر بە کەرتی غەزەیە، ماوەی دوو ڕۆژ بووە نەچووەتەوە بۆ قوتابخانە، پاش لێکۆڵینەوەی مامۆستاکانی لە نەچوونەوەی بۆ خوێندن، دەرکەوتووە بەهۆی زۆری لێدانی لە لایەن باوکییەوە کۆچی دوای کردووە.
ئەم تاوانە یادی کوشتنی منداڵێکی فەڵەستینی "عیزەتی کویدەر" دەکاتەوە کە لە مانگی ئابی ڕابردوودا لەلایەن خێزانەکەیەوە کوژرا و تووڕەیی مافی مرۆڤ و بازنە کۆمەڵایەتییەکانی فەلەستینی لێکەوتەوە.
ڕووداوەکانی توندوتیژی بەگشتی و بەرامبەر بە منداڵان بە تایبەت، لە فەڵەستین لەلایەن دەزگاکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی زۆری لێکەوتەوە، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن ڕێوشێنێک دابنێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان و ژنان.