پەیامێکی "هەڕەشە ئامێز" لە ئاسایشەوە هاوڵاتیان دەهێنێتە دەنگ
لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاسایشی سلێمانی بە جلی پڕتەقاڵیەوە دانپێدانانی ١٨ گەنجی سەبارەت بە سوتاندنی کتێبخانەی پیرەمەگروون بڵاوکردەوە، سەرباری ئەوەی پێچەوانەی یاساییە، هاوکات شێوازی دانپێدانان و جلی دەستگیرکراوەکان ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، چالاکوانێکیش دەڵێت ئاسایش پەیامێکی "هەڕەشە ئامێز"ی گەیاندووە.

سلێمانی
دوێنێ شەو لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی ژمارەیەک گەنجی بڵاوکردەووە کە تۆمەتبارکراون بە سوتاندنی کتێبخانەی گشتی پیرەمەگرون لە خۆپیشاندانەکەی ٢٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو.
بەپێی وێنە و ڤیدیۆکە ١٨ کەس دەستگیرکراون، هاوکات دانپێدانانی سێ لە گەنجەکانی بڵاوکردووەتەوە، بە "تۆمەتبار" ناوی هێناون، لەکاتێکدا پێش کۆتایهاتنی دادگا ڕێگا بە بڵاوکردنەوەی وێنە و دانپێدانان نادرێت، یەکێک لەوانەی قسە دەکات، دەڵێت کە بینیویەتی کتێبخانەکە سوتێندراوە، دواتریش بە دەنگێکی بەرز لێیان دەپرسرێت کە ئایا توندوتیژی یاخود ئەشکەنجە دراون، ئەوانیش لە کاتی وتنی ئەوەی کە توندوتیژیان بەرامبەر نەکراوە دەنگ و جوڵەیان نائارامی دەروونیان پێوەدیارە.
ئەوەی بووەتە جێگەی ڕەخنە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە ئەو جلوبەرگە پرتەقاڵیەییە کە پێیان لەبەرکراوە، هاوڵاتیان بە جلوبەرگی پێشمەرگەکان کە داعش بە دیل گرتبوونی و شەهیدی کردوون، چواندوویانە، پێیان وایە کە ئەمە جلوبەرگە پەیامی دەسەڵاتە بۆ ترساندنی گەنجان.
ڕەنگی پرتەقاڵی لای ئێمە بیرەوەری ناخۆشی شەهیدەکانمانە بە دەستی داعش
ڕازاو گوڵی مەحمود، چالاکوان و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە پەڕەی خۆی لەو بارەیەوە نوسیویەتی "پێم بڵێن نا مێژوو خۆی دووبارەناکاتەوە، نابێت کەسانێک کە ئەو بەرگە بە بێتاوان کرایە بەری نزیکترین کەسیان ئەمڕۆ بیکەنەوە بە بەری ئەو گەنجە ڕەنج بەخەسارانە"، هەروەها نووسیویشیەتی "نەبووە و نابێت لەپای ئەو نادادیە ئەمەش قبوڵ بکەین".
ئەو چالاکوانە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ سوتاندنی ماڵ و موڵکی گشتیدا نییە، بەڵام ناشکرێت بەهیچ شێوەیەک بەو جلوبەرگەوە ئەو گەنجانە نیشانبدرێن، لە لێدوانێکیدا تایبەت بە نوژنها دەڵێت "ئەو ڕەنگە لەلای ئێمە بۆتە بەشێک لە بیروەرییە ناخۆشەکانی داعش، بیروەری ئەوەیە کە ئێمە کوڕەکانی خۆمان دەبینی شەهید دەکران".
هەروەها پەیامی ئەو ڤیدیۆیە بەوە لێکدەداتەوە، "ئەگەر تۆ ڕازی نیت بەوەی کە من بۆت دەکەم، لەکاتێکدا مافی خۆتە زیاترت بۆ بکرێت بەڵام من هیچت بۆ ناکەم، ئەگەر بیرت لەوە کردەوە بێیتە سەر شەقام و بایکۆت بکەیت، ئەوا بێ دوودڵی ئەوەش چاوەڕوانی تۆیە، پەیامێکی هەڕەشە ئامێزە بۆ هەمووان".
ڕازاو لە کۆتایشدا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو ڕەفتارە دژی یاساکان و مافی مرۆڤە.
ت.پ