پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی پێهات
پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی پێهات و بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن تا کاتژمێر ٢:٠٠ی نیوەڕۆ بەرزترین ڕێژەی دەنگدان لە سەلاحەدین بوو، کە ٪٢٧ بووە.

ناوەندی هەواڵ
کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و کاتژمێر ٦:٠٠ بە وەستانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی دەنگدان کۆتایی پێهات.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری عێراقدا ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە ٣ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەسی لە هەرێمی کوردستانە کە مافی دەنگدانیان هەیە.
بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن ٨ هەزار و ٢٧٣ ناوەندی دەنگدان ئامادەکرابوون، سێ هەزار و ٢٤٩ كاندید كە ٩٥١ ژن و دوو هەزار و ٢٩٨ پیاون، كێبڕكێ دەكەن لەسەر ٣٢٩ كورسی پەرلەمان.
هەر بە پێی ئامارەکانی کۆمسیۆن تا کاتژمێر ٢:٠٠ی نیوەڕۆ ٪١٩ی هاوڵاتیان لە سەرانسەری عێراق بەشداری دەنگدانیان کردووە، کەمترین ڕێژەی دەنگدان لە ناوچەی ڕەسافەی بەغدا بووە، کە ١٠٪ بووە و زۆرترین ڕێژەی دەنگیش لە پارێزگای سەلاحەدین بووە کە ٢٧٪ بووە.
بڕیاریشە دوای ٢٤ کاتژمێر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامە بەراییەکان ڕابگەیەنێت.
ت.پ