تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە خوشکەکەی خۆی کوشتووە
پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە خوشکەکەی خۆی کوشتووە، خێزانەکەشی لە سەرەتادا وتوویانە کە لە سەربانەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژێکیان ڕاگەیاند کە خوشکەکەی خۆی کوشتووە.
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٢دا ژنێکی گەنج بە ناوی "ك. م. پ." لەدایكبووی ١٩٩٣ لە پزیشكی دادوەری سلێمانی بووە، لە کاتی وەرگرتنی وتەی كەسوكارەکەیدا ئاماژەیان بەوەداوە کە لە نهۆمی دووەمی ماڵی خۆیان خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.
مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوانلێکۆڵینەوە و هێڵكارییان بۆ شوێنی ڕوداوەكە كرد، دەرکەوت كە "ک. م. پ." خۆی هەڵنەداوەتە خوارەوە، بەڵكو لەلایەن براكەیەوە بەناوی "ق، م، پ" لەدایكبووی ١٩٩٤ بە پارچە ئاسنێک لێی دراوە و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە ماڵەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، تاوانبار بەپێی ماددەی ٤١٠ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.
ڕووداوەکانی کوشتن لە باشووری کوردستان درێژەی هەیە، ئەگەرچی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە کۆبوونەوەکانیاندا باس لە چارەسەری و ڕێگری لە کوشتن و خۆکوشتن دەکەن، بەڵام نەتوانراوە ڕێژەی کوشتنەکان کەمبکرێتەوە، بەڵکو بە بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە مانگی حوزەیراندا، قەدەغەی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتن کرا و کۆمەڵگە و ڕایگشتی لێ بێئاگا کرا.