"ئیتر دڵت یەت گەشتوگوزار لە تورکیا بکەیت"
ناردنەوەی تەرمی ڕۆڵەکانی کورد لە سنوقدا بۆ خێزانەکانیان دڵی مرۆڤدۆستان دادەخورپێنێت، چالاکوانێکیش دەڵێت: ئەمە چیرۆکی نەتەوەیەکە کە ١٠٠ ساڵە جینۆساید دەکرێت، ئێستا ئیتر دڵت یەت گەشتوگوزار لە تورکیا بکەیت و پارەکەت بکەیتە قورگی ئەو دەوڵەتە بێ بەزەییەوە؟.
ناوەندی هەواڵ
چەند ڕۆژی ڕابردوو دەوڵەتی تورکیا، لە سندوقێکدا تەرمی هاکان ئەرسەلان، گەنجێکی سووری ئامەد کە لە شەڕی ٢٠١٥ی سووری ئامەددا دەستگیرکراوە و گیانی بەختکرد، دەداتەوە دەستی باوکی، لە ساڵی ٢٠٢٠یشدا دەوڵەتی تورکیای فاشیست تەرمی ڕۆڵەیەکی دیکە لە سندوقێکدا دەداتەوە دایکی.
ئەم ڕووداوە دەکرێت بوترێت ناخی هەموو کورد و ئازادیخوازێکی هەژاند، لەوبارەیەوە کەژاڵ حەمەڕەشید، چالاکوان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لە ناردنەوەی تەرمەکان دەکات و دەڵێت: "ئێستا ئیتر دڵت یەت گەشتوگوزار لە تورکیا بکەیت و پارەکەت بکەیتە قورگی ئەو دەوڵەتە بێ بەزەییەوە؟"
کەژاڵ حەمەڕەشید بۆ بەرپەرچدانەوەی کردەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر گەلی کورد بایکۆت بە ڕێگەیەک دادەنێت و دەنووسێت: "خۆ ئەگەر خەبات و چالاکیت پێناکرێت، ئەوا ئەتوانیت هیچ نەبێت لایەنی کەم ٥٠٪ بایکۆتی کاڵای تورکی بکەیت و گەشتوگوزار و بەکارهێنانی هێڵی ئاسمانی تورکیا ڕاگریت.
دەقی نووسراوەکەی کەژاڵ حەمەڕەشید:
" «نە دادوەری لێکۆڵەر هەبوو، نە قازی و نە ئۆفیسەر. لە خەزێنەکەدا سنوقێکی دەرهێنا کە ئێسکوپروسکی کوڕە ٢٨ ساڵانەکەمی تیابوو، کردیە ناو عەلاگەیەکی نایلۆن و دایە دەستم. هەرگیز چاوەڕێی ئەمەم نەدەکرد، بەرچاوم ڕەش بوو، لەوساتەدا هەستم دەکرد هەموو دیاربەکر خاپوور بووە بەسەرمدا»
ئەمەی سەرەوە قسەی باوکێکی کوردی شارۆچکەی سور سەر بە ئامەدە بە ناوی عەلی ڕەزا ئەرسەلان، دوو ڕۆژ لەمەوبەر کاتێک ڕووفاتی هاکان ئەرسەلانی کوڕی دوای ٧ ساڵ وەردەگرێتەوە. هاکان لە حەملە سەربازیەکەی ٢٠١٥ی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئامەد و ناوچە کوردیەکان و لەو پێکدادانە سەربازیانەدا دەستگیرکراوە و گیانی بەختکردووە.
٣ ساڵ لەمەوبەریش لە ٢٠٢٠دا، دامودەزگای بێ کەرامەتی دەوڵەتی فاشستی تورک، ئێسکوپروسکی گەنحێکی کورد بە پۆست-بەرید ناردەوە بۆ دایکە جەرگ سووتاوەکەی، هەر ئەوکاتەش ڕێکخراوی cpt نێودەوڵەتی لە ڕێپۆرتاژێکدا باسی دۆزینەوەی ٢٢٠ سنوقی پڕ لە ئێسکوپروسکی نەیارانی دەوڵەت و بە تایبەتی گەریلای پەکەکە لە زێرابێکی ژێر قەراخ شەقامێکی ئەستەمبوڵدا کردبوو.
هەواڵی ئەم تاوان و کردەوە دڵهەژێنەی دەوڵەتی تورکیا دوو ڕۆژە ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی هەژاندووە، کاریکاتێریستی بەناوبانگی ئیتاڵی جانلوکا کۆستەنتینی لەمبارەیەوە و لە دژی ئەو کارە نامرۆڤانەیە وێنەی دیمەنی باوکی هاکان بە تورەکەکەی دەستیەوە کە ڕووفاتی کوڕەکەی تیادایە لەسەر دیواری یەکێک لە کۆڵانەکانی ئەستەمبوڵ کێشاوە، کاریکاتێرەکە بە فراوانی بڵاوبووەتەوە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەزاران جار دووبارە بڵاوکراوەتەوە.
ئەمە چیرۆکی نەتەوەیەکە کە ١٠٠ ساڵە جینۆساید دەکرێت، ئێستا ئیتر دڵت یەت گەشتوگوزار لە تورکیا بکەیت و پارەکەت بکەیتە قورگی ئەو دەوڵەتە بێ بەزەییەوە؟ خۆ ئەگەر خەبات و چالاکیت پێناکرێت، ئەوا دەتوانیت هیچ نەبێت لایەنی کەم ٥٠٪ بایکۆتی کاڵای تورکی بکەیت و گەشتوگوزار و بەکارهێنانی هێڵی ئاسمانی تورکیا ڕاگریت."