٣٠ کەس کوژران و سەرۆک وەزیران دەڵێت دەستلەکار دەکێشمەوە

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ئاڵۆزییەکانی خۆپیشاندەران و پێکدادانی توند لە بەغدا ٣٠ کەس کوژران و سەدان کەسی دیکە بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٩ی ئاب، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بڕیاری وازهێنانی لە کاروباری سیاسیدا. دوای ئەوەی سەدر دەستی لە کاری سیاسیی کێشایەوە، لایەنگرانی ڕوویان لە ناوچەی سەوز لە بەغدا کرد و خۆپیشاندان دەستیپێکرد.

 

خۆپیشاندانەکان گرژییان لێکەوتەوە و لایەنگرانى ڕەوتى سەدر چوونە نێو باڵەخانەی کۆشکی حکومییەوە، هەربۆیە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، قەدەغەى هاتووچۆی لە سەرجەم شارەکانى عێراق ڕاگەیاند.

 

هەروەها، مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق داواى لە موقتەدا سەدر کرد خۆپێشاندەران لە دامەزراوە حکومییەکان بکشێنێتەوە.

 

شەوی ٢٩ی ئاب، ڕووبەڕووبوونەوەکان فراوانتربوون، کاتێک هێزەکانی سەرای سەلام و لایەنگرانی سەدر چەکیان دژی ئەو هێزانە هەڵگرت کە لە کۆشکی حکومی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد، دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق پشووی فەرمی ڕاگەیاند.

 

ڕۆژی سێشەممە٣٠ی ئاب، خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ٣٠ کەس کوژراون و نزیکەی ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.  

 

نیوەڕۆی دوێنێ، موقتەدا سەدر، ڕێبەرى رەوتى سەدر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ماوەى کاتژمێرێکى دایە لایەنگرانى ڕەوتەکەی بۆ کشانەوە لە خۆپیشاندان و داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد، ڕشتنی خوێنی عێراقییەکانیشی حەرام کرد، دوای وتارەکەی سەدر خۆپیشاندانەکان کۆتاییان هات و ناوچەی سەوز و گۆڕەپانی ڕووبەڕوو بوونەوەکانی هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی سەدر کۆتاییان هات و قەدەغەی هاتوچۆش هەڵگیرا.

 

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لە بارەی دۆخی عێراقەوە دەڵێت: کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و پێكدادان و بارگرژییەكان، كارێكی زۆر پێویست و ئەركێكی هەنووكەییمانە بۆ بەرگرتن بە كوشت و كوشتار و خوێنڕێژی و پاراستنی گیانی ڕۆڵەكانمان، بەڵام هێشتا ئەمە بەس نییە و تەنگژە سیاسییە دژوارەكەی وڵاتەكەمان چارەسەر ناكات كە چەند مانگێكە بەدەستییەوە دەناڵێنین، ئەوەی ڕوویدا تەنگژەیەكی كاتی سادە و ساكار نییە، بەڵكو تەنگژەیەكی كەڵەكەبووی سیستەمی حوكمڕانییە و دەمێكە گەلەكەمان داوامان لێ دەكات لە ڕێگەی چاكسازییەكی ڕاستەقینەی ڕیشەییەوە چارەسەری بكەین.

 

لای خۆشییەوە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "هۆشداری دەدەم ئەگەر ئاژاوە، روبەڕوبوونەوە، ناکۆکی، ململانێ و گوێنەگرن لە لۆژیک بەردەوام بێت، هەنگاوی ئەخلاقی و نیشتمانی دەنێم بەوەی کە رایدەگەیێنم لە کاتێکی گونجاودا دەست لە پۆستەکەم هەڵدەگرم".