لە کامپی هۆل چەندین چەتە دەستگیرکران و کەرەستەی تاوانکاری دۆزرایەوە

نالین عەبدلقادر، وتەبێژی ئاسایشی ژن لە هەرێمی جەزیرە هەڵسەنگاندنی بۆ ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی کرد و ڕایگەیاند، لەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتانەدا چەندین چەتە و تۆمەتبار دەستگیرکراون، هەروەها کەرەستەی ئەشکەنجەدان دۆزراونەتەوە.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایانگەیاند، تەنها لەمساڵدا ٤٤ حاڵەتی کوشتن لەناو کامپی هۆڵدا تۆمارکراون، کە ١٦ حاڵەتیان ژنن. بۆیە لە کامپەکەدا ٢٥ی ئاب قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنییان بە هاوکاری یەپەژە و قەسەدە دەستپێکرد و لە ٨ەم ڕۆژیدا بەردەوامە.

 

نالین عەبدولقادر، وتەبێژی ئاسایشی ژن لە هەرێمی جەزیرە، باسی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکە کرد و وتی: لە ڕۆژی دەستپێکردنەوە تا ئەمڕۆ نزیکەی ١٢٥ کەس بە گومانی ئەندامبوون لە داعش دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامە، زیاتر لە ١١٦ چادر لابراون کە وەک قوتابخانە بۆ پەروەردەکردنی هزری داعشی بەکارهاتوون، زۆر تونێل كە شانە و چەتەكان بۆ چەکەکانیان و دەرچوون لە کامپەکە بەکاریان دەهێنا، دۆزرانەوە و لەناوبران، چەندین ئامێر و کەرەستەی تیژ کە بۆ کوشتن بەکاردەهێنران لەگەڵ چەک و ئامڕازی کوشتن دەستی بەسەرداگیرا.

 

"٥ چەتە کە کامپەکەیان ئاڕاستە دەکرد، دەستگیرکران"

نالین عەبدلقادر قۆناغی پاش پاککردنەوەی بەشەکانیانی خستەڕوو، کە دوای ئەوەی گەڕان و پشکنین بۆ بەشێک کرا، ئۆپەراسیۆنی تایبەت ئەنجام دەدرێت، "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا لە بەشی یەکەمی کامپەکەدا لە ٣١ی ئابدا ١١ چەتە دەستگیرکران، لەناویاندا ٥ چەتەیان لەوانە بوون کە کامپەکەیان ئاڕاستە دەکرد و فەرمانیان دەدا، ٦ی دیکەیان لەژێر لێکۆڵینەوەدان".

 

ئەو وتەبێژەی ئاسایشی ژن ئاماژەی بەوەدا کە ژنان ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینن لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، دەوروبەری كەمپەكە دەپارێزن و بەشداری لە چالاكییەكانی گەڕان بەدوای چادر و پشکنینی ژناندا دەكەن، سەرەڕای هەبوونی ڕێوشوێنی تایبەت لەناو کامپەکەدا بەڵام ژنان دەکوژرێن لەلایەن چەتەکانەوە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا هەوڵدەدەین کامپەکە لە شانە و چەتەکان پاکبکەینەوە و دڵنیابین لەوەی کە ژنان دەتوانن ژیان بکەن.