لە ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێنکراواندا پرسیار لە بێسەروشوێنان دەکرێت
لە ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێن کراواندا لە هەڵەبجە سیمینارێک ڕێکخرا و کەسوکاری بێسەروشوێن بووانیش داوا دەکەن کە چارەنووسی کەسوکاریان بخرێتەڕوو.
هەڵەبجە
دوێنێ لە هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە، کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە و تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە بە هاوکاری کۆمسیۆنی نیودەوڵەتی کاروباری بێسەروشوێنکراوان سیمینارێکیان بە ناونیشانی "بێسەروشوێنکراوانی کوردستان و ئەرکی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و مافی کەسوکاریان" ڕێکخست.
لە سیمینارەکەدا کەسوکاری قوربانیان و منداڵە ونبوەکانی هەڵەبجە ئامادەبوون و باس لەو ڕێکارانە کرا کە پێویستە ڕەچاو بکرێت بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبوەکان، لەو بارەیەوە سۆزان سەفەر، کە لە شەنگالەوە بەشداری کردووە، وتی: پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە جینۆساید بەسەر خەڵکی شەنگال هات، زیاتر لە شەش هەزار کەس بێسەروشوێن بوون، تائیستا تەنها توانراوە سێ هەزار و ٥٠٠ ژن بدۆزرێنەوە و ئازاد بکرێن، بەڵام لە شەنگال بێسەروشوێنمان زۆرە و چارەنووسیان نادیارە.
کەسوکاری قوربانیان و منداڵانی بێسەروشوێن داوا دەکەن هاوکارییان بکەن تاوەکو کەسوکاریان بدۆزرێتەوە، فاتمە مەحمود باسی لە خێزانەکەی خۆی کرد و وتی: لەناو کەسوکارمدا تەنها خۆم ماومەتەوە، برایەکم خۆی و خێزانی بێسەروشوێنە و خوشکەکەشم و هاوژینەکەی ئەسیرن و هیچیان بۆ نەکردووین و خوازیارین هاوکاری بکرێین.
ئەو منداڵ و کەسانەی کە ناویان لە ڕێکخراوی منداڵە بێسەروشوێنەکاندا تۆمار دەکرێن ئەوانەن کە کەیسەکانیان جیهانییە، سەبارەت بەوەی کە چەندین بێسەروشوێن لە هەرێم و لە شەڕی ناوخۆدا هەیە و کار بۆ دۆزینەوەیان ناکرێت، ئاوارە حسێن، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا ئەو تاوانانە نێودەوڵەتین و ئەنجامدەر و کردەکانیان بە یاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کوردیش بە هۆکاری جیاواز نەیتوانیوە بچێتە دادگای نێودەوڵەتی جیهانی و سود لەم ڕۆژانە وەربگرێت، تاوەکو بتوانێت کەیسەکان وەربگرێتەوە و چارەنووسی ونبوو و قوربانییان وەربگرێت.