ئەو دایکانەی ئاشتییان دەوێت لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان کرایەسەر!
ئەو دایکانەی ئاشتی کە لە ١ی ئەیلول، ڕۆژی ئاشتی جیهانیی لە بەردەم کۆشکی دۆلمەباخچە لێدوانێکیان دا، لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان کرایەسەر.
ئەستەنبوڵ
ئەندامانی دەستپێشخەری دایکانی ئاشتی و ئەو دایکانەی کە لە زیندان چاوەڕێی دادپەروەری بۆ منداڵەکانیان دەکەن، بەبۆنەی ١ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانی ئاشتی دوێنێ لە بێشکتاش و لە بەردەم کۆشکی دۆڵمەباخچە بەیاننامەیەکیان خوێندەوە، بە لەچکە سپییەکانیشیان داوای ئاشتییان دووپاتکردەوە و سەرنجیان بۆ ڕێککەوتنی دۆڵمەباخچەی ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥ ڕاکێشا لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد نووسراوە.
"دەستبەرداری داواکاری ئاشتی نابین"
دایکە ئاکلمە کەسکین لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و جەختی لە داواکارییەکانیان بۆ ئاشتی کردەوە و وتی: پشتیوانی تورک و کورد و لاز و هەموو دایکانمان دەوێت بۆ داواکردنی ئاشتی، ئێمە تەنها ئاشتیمان دەوێت. ئێمە دەستبەرداری داواکاری ئاشتی بۆ هەموو ئەو کەسە کوژراوانە نابین.
"ئیتر لەناو عەلاگەدا تەرمەکانمان دەدەنەوە"
بەدیعە گۆکگۆز، دایکی ئاشتی، بانگەوازی کرد هەمووان دەنگیان بخەنەپاڵ دایکانی ئاشتی چونکە ڕۆژانە تەرم لە زیندانەکان دێتە دەرەوە، "کۆتایی بەم گۆشەگیرییە بهێنن، با هەمووان بە ئارامی بژین، با نەگرین، چیتر فرمێسکمان نەڕژێت، ئێستا دایکانی کورد تەرمی منداڵەکانیان لەناو کیسەدا وەردەگرنەوە، تەرم نەماوە و ئیتر ئێسقانەکانمان دەدەنەوە، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین"، لە کۆتایشدا داوایکرد کە لە کۆشکی دۆلمەباخچە مێزی ئاشتی دابنرێت.
"هەموو جۆرە مامەڵەیەکی نامرۆڤانە دەبینین"
بەهیە دومان، دایکێکی دیکەی ئاشتییە و دەڵێت: هەموو جۆرە مامەڵەیەکی خراپ و نامرۆڤانە دەبینین، منداڵەکانمان دەکوژن و دەیشارنەوە، نایدەنەوە بە بنەماڵەکانیان. دەیخەنە ناو جانتایەکەوە و دەینێرنەوە، ئەرێ ئەمە شەرم نییە، ئێوە شەرم ناکەن؟، ئەو کەسانە شەرمەزار دەکەم کە ئەو کارانە دەکەن.
دایکانی ئاشتی دەستبەسەر کران
دوای قسەکانیان پۆلیس هێرشیان کردە سەر دایکان و لەلایەن پۆلیسەوە هەراسان کران، ئەو دایکانە کە دهیانویست بچنەوە بۆ ماڵەکانیان لە بێشکتاش لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگرییان لێکرا و ئۆتۆمبێلی دەستبەسەرکردنیان بۆ هێنان.
دوای گەمارۆدانیان ئاشکرا بوو کە سێ دایکی ئاشتی دەستبەسەرکراون و دوای لێکۆڵینەوە لێیان سەربەست کران.