نیاز عەبدوڵا لە ساڵیادی خیانەتی ٣١ی ئابدا دەنووسێت
نیاز عەبدوڵا لە ساڵیادی ٣١ی ئابدا وتارێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: تا گەورە تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ لە یەكێتی و پارتی لە هەرێمی كوردستان باڵادەستبن و ئامادەی داوای لێبوردنكردن نەبن لە تاوانەكانی شەڕی ناوخۆ، شەڕی ناوخۆی سارد تێناپەڕێت.
ناوەندی هەواڵ
٣١ی ئاب، پەڵەیەکی مێژوویە بە ناوچەوانی پەدەکەوە، کە لەو ڕۆژەدا تانک و تۆپی ڕژێمی بەعسی هێنایە شاری هەولێر تا یەنەکە لەو شارە وەدەرنێت، وەک نیاز عەبدوڵا دەیخاتەڕوو، شەڕی ئەوان لەپێناو جیاوازی هزری نیشتمانی نەبوو بۆ سیستەم و حکومڕانی، بەڵكو شەڕێك بوو لەپێناو دەستخستنی پارەی گومرگی سەرسنوورەكانی ئێران و توركیا و دەستبەسەرداگرتنی پارە و بەرژەوەندییەكان.
دەقی وتارەی نیاز عەبدوڵا لە ساڵیادی ٣١ی ئابدا:
شەڕی ناوخۆی نێوان یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكرات خیانەتە، بەڵام لە مێژووی ئەو شەڕەدا خیانەتی ٣١ی ئاب و رێككەوتنی مەسعود بارزانی لەگەڵ سەدام حوسێن-ی گەورە دیكتاتۆر خیانەتێكی گەورەی نیشتیمانی جیاوازە، بارزانی بۆ وەدەرنانی یەكێتی نیشتیمانی لە هەولێر و ناوچەكانی دیكەی كوردستان پەنای برد بۆ سوپای سەربازی ئەو دیكتاتۆرەی ئەنفالی بارزانییەكان و جینۆسایدی سەدان هەزار كوردی دیكەی ئەنجامدابوو.
لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان بارزانی و سەدام حوسێن دا چەندین هێزی سەربازی جۆراوجۆری رژێمی بەعس بۆ هێرشكردنە سەر شاری هەولێر بەكارهێندران، پێشتر دەزگا راگەیاندنەكانی یەكێتی نیشتیمانی لەبارەی هێزە بەشدارەكانی رژێمی بەعس لە ٣١ی ئاب دا بڵاویانكردۆتەوە هەریەك لە “فەیلەقی ١ و ٥ی گاردی كۆماری” لە هێرشەكەدا بەشدابوون لەگەڵ “هێزەكانی فەرماندەی عەمەلیاتی اللەاكبر-ی گاردی كۆماریی، هێزی ئاسمانی عێراقی، تۆپخانەكانی فەرماندەی عەمەلیاتی اللەاكبر-ی هێزەكانی گاردی بەغداد، هێزەكانی عەدنان-ی گاردی كۆماریی، لیوای ٣٩ی پیادەی گاردی كۆماریی، لیوای كۆماندۆی گاردی كۆماریی، لیوای ٣٨ی پیادەی گاردی كۆماریی، لیوای زرێپۆشی ٤٠، تۆپخانەكانی فەرماندەی هێزەكانی عەدنان-ی گاردی كۆماریی، تیپی ١و٧و٨ی پیادە و ئالی، لیوای ٤و ٥ و ٦ی پیادە، تۆپخانەكانی فەرماندەیی هێزەكانی گاردی كۆماریی بەغداد”. جۆری ئەو چەكانەی لەو شەڕەشدا بەكارهێندران بریتین لە “٤٠٠ تانك، تۆپخانەكان، دەیان زریپۆش و هێلیكۆپتەر لەگەڵ چەكی جۆری هاوەن و كڵاشنكۆف و دۆشكە”.
شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتیمانی كە دوای ٣ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەنجامدانی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی كوردستان هەڵگیرسا، لەسەر جیاوازی ئایدۆلۆژی یان تێفكرینێكی جیاوازی نیشتیمانی نەبوو بۆ سیستەم و حوكمڕانی، بەڵكو شەڕێك بوو لەپێناو دەستخستنی پارەی گومرگی سەرسنوورەكانی ئێران و توركیا و دەستبەسەرداگرتنی پارە و بەرژەوەندییەكان؛ لە پێناو ئەو خواستەی بارزانی و تاڵەبانی دا زیاتر لە ٤ هەزار كەس كوژران و هەزاران كەسی دیكە بریندار و كەمئەندامبوون، هاوكات هەزاران خێزانی دیكە لەنێوان هەولێر و سلێمانی ئاوارەی شارەكانی دیكەبوون و خوێندكارێكی زۆری ئەو سەردەمە لە خوێندن دابڕان یان بێبەشبوون لە گەڕانەوە بۆ زانكۆكان و خوێندنگاكان، ئەمە جگە لەوەی سەدان كەس لە بێسەروشوێنكراوانی شەڕی ناوخۆ تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و هەردوو حیزبەكە ئامادەنین شوێنی تەرمەكانیشیان ئاشكرابكەن.
ئەو رۆژەی هێرشكرایە سەر شاری هەولێر، بەشێكی زۆری خەڵكەكەی لە ناو ترسێكی گەورەدا چاوەڕوانی ئەنجامدانی ئەنفالێكی دیكەی رژێمی بەعسبوون، ئەو كەسانەی لە ساڵانی پێش راپەڕین لە رێكخستنەكان داواكراوبوون یان زیندانیبوون و لە راپەڕینەكەدا ئازادبوون سەرجەمیان ترسیان لە دووبارە دەستگیركردنەوەیان هەبوو، ئەو رۆژە بەشێكی گەڕەكەكانی شار بە پەرلەمانی كوردستانیشەوە بەر تۆپی تۆپخانەكانی بەعس و تانكەكان كەوتن، تانكەكانی سوپای عێراق بەدوای یەكدا بە شەقامە سەرەكییەكانی شار دەڕۆیشتن و هێزەكانی پارتی یاوەرییانبوون بەسەر دەبابەكانەوە.
-ئێستاش دوای ٢٦ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر خیانەتی ٣١ی ئاب، پارتی دیموكراتی كوردستان بە رابەرایەتی مەسعود بارزانی لەبری پاشگەزبوونەوە و داوای لێبوردنكردن لە شەهیدان و خەڵكی هەرێمی كوردستان، لە دەزگا راگەیاندنە فەرمی و سێبەرەكانییەوە ٣١ی ئاب و رێككەوتن لەگەڵ رژێمی بەعس وەك دەستكەوتێكی نیشتیمانی نمایش دەكەن و پاساوی بۆ دەهێننەوە.
پاش رووخانی رژێمی بەعس و ئەنجامدانی ریفراندۆم-یش، هێشتا پارتی نایەوێت هێڵی بەرژەوەندی نیشتیمانی و بەرژەوەندی حیزبی لە روانگەی حیزبەكەی جیابكاتەوە، ئێستاش لەو شوێنەی پێویستی بە سەدام و بەعسییەكانە وەك فریادڕەسی مێژوویی و ئازادكردنی هەولێر باسیان دەكات، لەو شوێنەش لەگەڵ بەرژەوندییەكانی یەكناگرێتەوە باسی ئەنفال و كیمیابارنكردن و جینۆساید دەكات.
تا گەورە تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ لە یەكێتی و پارتی لە هەرێمی كوردستان باڵادەستبن و ئامادەی داوای لێبوردنكردن نەبن لە تاوانەكانی شەڕی ناوخۆ، تا پارتی ٣١ی ئاب وەكو دەستكەوتی نیشتیمانی نمایش بكات، بە دڵنیایی زیندانەكانی كوردستان پڕ دەبن لە رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانی وەك زیندانیانی بادینان، گەندەڵی بەردەوام دەبێت و تاوانباران دەربازیان دەبێت لە سزای یاسایی؛ بۆیە بەبێ قۆناغی “دادپەروەری راگوزەر” هەرێمی كوردستان لە گەورە تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ دەربازی نابێت و شەڕی ناوخۆی ساردیش تێناپەڕێنێت.