هەڵبژاردنی ڕۆزا ئۆتونبایڤا وەک نوێنەری تایبەتی ئەفغانستان

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆزا ئۆتونبایڤای وەک نوێنەری تایبەتی ئەفغانستان و سەرۆکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کابول دەستنیشانکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢ی ئەیلول، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆزا ئۆتونبایڤای وەک نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ ئەفغانستان و سەرۆکی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کابول دەستنیشانکرد.

 

بەپێی بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆزا ئۆتونبایڤا کە هاوکات وەزیری دەرەوەی قرغیزستان بووە، جێگەی دیبۆرا لینز لە کەنەدا دەگرێتەوە کە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستی لەکارکێشایەوە.

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ڕۆزا زیاتر لە ٣٥ ساڵ ئەزموونی پیشەیی لە بواری سەرکردایەتی و دیپلۆماسی و کاری مەدەنی و هاوکاری نێودەوڵەتیدا هەیە. لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١١ سەرۆک کۆماری قرغیزستان و سێ جار وەزیری دەرەوە و دوایین جار لە ساڵی ٢٠٠٥ وەک وەزیری دەرەوە بە وەکالەت کاری کردووە.

 

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ڕۆزا ئۆتونبایڤا چەندین پۆستی باڵای دیپلۆماسی هەبووە، لەوانە باڵیۆزی کۆماری قرغیزستان لە بەریتانیا، ئەمریکا و کەنەدا. هەروەها وەک جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی لە نوێنەرایەتی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە جۆرجیا لە ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٤ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە.