ڕۆژانە نزیکی ٩٠٠ منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەکەن

پەتای وەرزی بەرۆکی منداڵانی گرتووە، زۆرینەیان تووشی پەتای وەرزی بوون، ڕۆژانە نزیکی ٨٠٠ منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد ڕەشید دەکات، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش هۆشیاری دەداتە دایکوباوکان.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- منداڵەکەی تەمەنی ١١ مانگە، دوێنێ شەوی ڕابردوو بەهۆی لەرز و تا کاتژمێر سێی شەو هێناویانەتە نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان، دەڵێت ماوەی دوو هەفتەیە منداڵەکەی نەخۆشە و تووشی پەتای وەرزی بووە.

 

شەنگە خالید، دایکی مەیلی ئەمیری ١١ مانگانە، باسی تووشبوونی منداڵەکەی بە پەتای وەرزی دەکات، کە ماوەی دوو هەفتەیە هەناسە توندی و لەرز و تای گرتووە، "شەوان نەدەخەوت، دواتر کۆکە دەستپێدەکرد دواتر دەڕشایەوە، تایەکی زۆر زۆری لێ دەهات، کە ئەخەوت گوێچکە و دەموچاوی خۆی دەخوراند".

مەیلی بەهۆی ئازار و پەتاوە ئێستا خەوتووە، دایک و باوکیشی چاوەڕوانی باشبوونی تەندروستی منداڵەکەیان و دەرچوونی دەرئەنجامی پشکنینەکانیەتی، وەک دایکی باسی دەکات بەهۆی سەرما و وشکی کەشوهەواوە تووشی ئەم پەتایە بووە.

 

نزیکەی ٢٠٠ منداڵ لەژێر چاودێری پزیشکیدان

بەپێی ئامارەکان ڕۆژانە نزیکی ٢٠٠ منداڵ لە نەخۆشخانەکە لەژێر چاودێری پزیشکدا دەمێننەوە، لە کاتێکدا پێشتر ئەو ژمارەیە لە ١٠٠ منداڵ کەمتر بووە ڕۆژانە، نەخۆشخانەکە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵی لە سەرجەم تەمەنە جیاوازەکاندا تێدایە، بەشێکیشیان بە جلوبەرگی قوتابخانەوە هاتوون.

 

سیدرا عیرفان، تەمەنی شەش ساڵە، باسی ئەوە دەکات بەدرێژای دوێنێ شەوی ڕابردوو ئازاری سەر، لەرزوتای هەبووە، دەڵێت "نابێت بچین بۆ مەکتەب بۆئەوەی هاوڕێکانمان توش نەکەین، دەبێت دەمامک بکەین و بەس نابێت دەستکاری شتی یەک بکەین".

 

نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد ڕەشیدی تایبەت بە منداڵان، لە ماوەی دوو هەفتەی پێشتردا ڕۆژانە لە نێوانی ٧٠٠ بۆ ٧٥٠ نەخۆش سەردانیکەری هەبووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ناو منداڵان ئێستا ڕۆژانە ٨٠٠ بۆ ٩٠٠ منداڵ دەهێندرێتە نەخۆشخانەکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش ڕێنمایی بۆ دایکوباوکەکان هەیە.

پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، تایبەت بە ژنها باس لەوە دەکات، باران بارین و شێداربوونی کەشوهەوا ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی بەکتریا و ڤایرۆسەکان، بەڵام بەهۆی باران نەبارین ئێستا ڤایرۆس و بەکتریاکان تەشەنەیان سەندووە، بۆیە منداڵان زیاتر تووشی پەتای وەرزی بوون.

 

بۆ قۆناغی داهاتوو دەرمان پێویستە

وەک بەرێوەبەرێکیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تا ئێستا دەرمانی پێویستیان هەیە، بەڵام ئەگەر تا ١٠ ڕۆژی دیکە تووشبوونی منداڵان بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا پێویستیان بە دەرمانی زیاتر دەبێت.

 

ڕێنمایی دایک و باوکەکانیش دەکات ئەگەر منداڵاکانیان تووشی پەتا بوو نایاننێرنەوە بۆ قوتابخانە، تا بەرکەوتن ڕوو نەدات، "لە خۆیانەوە دەرمان بە کار نەهێنن دەرمانی نا پێویست نەدرێت بە منداڵەکان، وە ئەگەر منداڵەکە پەتای گرت نەنێرنەوە بۆ قوتابخانە و پشوو وەربگرێت، وە شلەمەنی زۆریان پێبدەن، تاشیان بۆ دابەزێنن، وە ئەگەر تەندروستی منداڵەکە هەر باش نەبوو بهێندرێتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی کە نەخۆشیەکەی دیاریبکرێت و دەرمانی پێویستی بۆ بنوسرێت".

 

ت.پ