چارەسەرکردنی پێست، لە نێوان پێویستی و جوانکاریدا

بەشێکی هاوڵاتیان بە دوای چارەسەرکردنی نەخۆشی و زیپکەکانی پێستیانەوەن، هەندێک چاو لە کەسایەتییەکانی سۆشیال میدیا دەکەن و جوانکاری بۆ پێستیان ئەنجامدەدەن، پزیشکێکیش دەڵێت، دەموچاو و پێست بە سروشتی خۆیەوە جوانە، تەنها لە کاتی هەبوونی کێشەی پێستدا جوانکاری ئەنجام بدەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- پێست یەکێکە لە ئەندامەکانی جەستە کە پێویستە گرنگی پێبدرێت و پاک ڕابگیرێت، بەڵام بەهۆی کەشوهەوا، خراپی خواردن و پێکهاتەی لەشی مرۆڤ هەندێک کەس پێستیان ناڕوونە یاخود پەڵە و زیپکە بە ڕوویانەوە دیارە، بەشێکیان لە ڕێگەی سەردانیکردنی پزیشکەوە دەیانەوێت چارەسەر بۆ کێشەی پێستیان بدۆزنەوە، لە بەرامبەردا بەشێک لە ڕێی بەکارهێنانی ئەو کرێمانەی گوایە لە پێکهاتەی سروشتی پێکهاتوون دەیانەوێت چارەسەری کێشەی پێستیان بکەن.

 

لەبارەیەوە پزیشک نیاز ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، وردەکاری کێشەی پێوست بۆ نوژنها ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: "هەر کەسێک کێشەی پێستی هەبێت بەبێ ڕێنمای پزیشک هەوڵی چارەسەرکردنی نەدات، چونکە خراپتر دەبێت، کێشەی پێست تەنها پەیوەست نییە بە ژنانەوە، پیاوانیش کێشەی پێستیان هەیە".

 

"زیپکە و پەڵە دوو نەخۆشی جیاوازن توشی پێوست دەبن، لە هەندێک باردا زیپکە دەبێتە پەڵە"

زیپکە نەخۆشییەکی باوی درێژخایەنە، بە هۆی داخستن و هەوکردنی یەکەی چەورییەکانی سەر پێست دروست دەبێت، زیاتر ڕووبەڕووی گەنجەکان دەبێتەوە و بەڕێژەی لە ٪٨٥ی گەنجەکان توشی دەبن لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە بۆ ٢٥ ساڵی هەندێک کات زیاتر دەخایەنێت.

 

ئەو پزیشکە وتی: هەندێک هۆکار هەن بۆ توشبوون بە زیپکە، یەکێک لەوانە تەمەنە، لە تەمەنی ١٢-٢٥ ساڵی هۆڕمۆنی ئەندرۆجین بەرزدەبێتەوە و دەبێتە هۆی دەردانی چەوری زیاتر، بە تایبەت لە ناوچەکانی شان، پشت، سنگ و ڕووی دەموچاو، لەکاتەی چەوری دەگاتە ڕووی پێست بەهۆی بوونی زیپکە کاریگەری لەگەڵ چەورییەکان دەکات و هەودەکات، بەوشێوەیەش هەڵئاوسانێک دروستدەکات کە پێی دەوترێ "زیپکە"، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە،

 

"پەڵەی دەموچاو جیاوازە، یەکێک لە هۆکارەکانی توشبوون بە پەڵە چونە بەر هەتاوە، تێکچوونی هۆڕمۆنات و بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمان بۆ دەموچاو هۆکارن بۆ توشبوون بە پەڵە یاخود بەکارهێنانی میکیاج و کارلێککردنی لەگەڵ خۆردا پێست توشی پەڵە دەکات، هەندێک کات شوێنی برینداری یاخود زیپکە دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵە".

 

"زیپکە بەهۆی دەستکاری کردنەوە دەگوازرێتەوە"

پزیشک نیاز باسی لەوەکرد، دەستکاریکردنی زیپکە و تەقاندنی هەندێک کات دەگوازرێتەوە بۆ بەشێکی دیکەی جەستە، لە کاتێکدا ئەگەر بەکتریا لەو زیپکەیەدا بوونی هەبێت بۆیە دەستکاری نەکرێت باشترە".

 

"ئەوکەسانەی بەرهەمی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ دەموچاویان پێویستە شارەزایی تەواویان لەسەر هەبێت"

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشدا هەر کەسێک مادەیەک یاخود بەرهەمێک بەکاربهێنێت دەبێت لەگەڵ پێستەکەیدا بگونجێت، واتە ئەگەر پێستێک چەور بێت نابێت ماددەی چەوری بۆ بەکاربهێنرێت، هەروەها پێویستە شارەزایی تەواویان دەربارەی هەبێت، "هیچ دەرمانێک نییە لە یەک کاتدا پەڵە، زیپکە و چرچی دەموچاو لاببات".

 

دەشڵێت: "زۆرینەی ئەوکەسانەی دێنە لام دەڵێن ئەم دەرمانەمان لە یەکێک لە پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا کڕیوە و پێستمان خراپتر بووە لە کاتێکدا ڕیکلامی بۆ کراوە کە ماددەیەکی باشە، چونکە شارەزاییان نەبووە بۆیە دۆخی پێستیان خراپتربووە، دەبێت نەخۆش شارەزایی باشی هەبێت و بێ ڕێنمای کەسی شارەزا و پزیشک هیچ جۆرە دەرمانێک بەکار نەهێنێت.

 

"چارەسەرکردنی پێست کاتی دەوێت"

چارەسەرکردنی پێست لەماوەیەکی کەمدا کارێکی هەڵەیە، چونکە بەکارهێنانی چەند چارەسەرێک لەیەک کاتدا زیانی زیاتر بە پێست دەگەیەنێت، بۆیە ئەو کرێم و بەرهەمانەی ڕیکلامیان بۆ دەکرێت بە ناوی زوو باشکردنی پێست دوورن لە ڕاستییەوە، بگرە زیانی زیاتر بە پێستەکە دەگەیەنێت، تەنها بازرگانیکردنە و هێچی دیکە نییە، پزیشکەکە وای وت.

 

هەروەها وتی: چارەسەرەکردنی پێوست لە هەر شوێنێک بێت پێویستە لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت، ئەو کەسانەی داواکارن بە مانگێک پێستیان ساف ببێت ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە، چونکە هیچ دەرمانێک نییە بە کاتێکی خێرا پێست چارەسەر بکات.

 

"جوانکاریکردنی پێست دەبێت بە پێی پێویستی ئەنجام بدرێت"

ئەنجامدانی جوانکاری بۆ پێست لە ئێستادا ڕوو لە زیادبوونە لە کاتێکدا هەندێک کەس پێویستیان پێی نییە بەڵام هەر ئەنجامی دەدەن بەو ئامانجەی لە کەسانی ناو سۆشیاڵ میدیا بچن، لەوبارەیەوە نیاز ئەحمەد وتی "زۆرکات ژنی گەنج یەن بۆلام دەڵێن کە پێستمان بۆ ڕابکێشە دکتۆر بەڵام من نایکەم و ڕێنمای کەسەکە دەکەم و پێی دەڵێم پێستی خۆت تونوتۆڵە و پێویستی بە ڕاکێشان نییە".

 

دەربارەی بەکارهێنانی تەکنیکەکانی پاراستن و پاککردنەوەی پێست دەڵێت: هایدرۆفیشیاڵ زیاتر بۆ ئەو پێستانە دەبێت کە چەورن و پێویستیان بە پاککردنەوە هەیە، پلازماش بۆ نوێکردنەوەی پێستە، ئەمە بۆ ئەو کەسانە پێویستە کە زیاتر پەڵەیەنا هەیە و بە چارەسەری دیکە لاناچێت، هەروەها ئەوکەسانەی بۆ سافکردنی پێست بەکاریدەهێنن دەبێت لە دوای ٣٠ ساڵییەوە بۆیان بەکاربهێنرێت.

 

"ژنان کەتووەنەتە ژێر کاریگەری کەسانی ناو سۆشیاڵ میدیاوە"

زۆرینەی ئەوکەسانەی سەردانی پزیشکەکان دەکەن داوا دەکەن پێستیان وەک پێستی کەسایەتییە ناسروشتییەکانی سۆشیاڵ میدیا بێت، کە بە سیستمی سەرمایەداری کاریگەربوون و لە سروشتی خۆیان داماڵدراون، بەڵام نیاز ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، دەڵێت: جوانکاری بۆ ئەوە دانەهێنراوە کەسەکان لەیەک بچن، بەڵکو بۆ ڕێککردنەوەی شکڵی بنەڕەتی کەسەکەیە لە کاتی پێویستدا، هەندێک کەس وێنەمان بۆ دەهێنن تا ببن بەو کەسانە، بەڵام ئامۆژگارییان دەکەم کە لەوان نەچن و بە سروشتی خۆیان جوانترن، جوانی سروشت لە سروشتی بوونی خۆیدایە نەک لێکچوونی لە کەسانی دیکە لە ڕێی جوانکارییەوە".

 

ت.پ