ئامێزی دایک، چارەسەرێک بۆ منداڵی نەبەکام

لە ڕۆژی جیهانی منداڵانی نەبەکامدا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵابوون ڕایدەگەیەنێت ئامارەکانی منداڵی نەبەکام بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە، ئەمەشی بۆ هۆکاری شێوازی ژیان گەڕاندەووە، یەکێک لە چارەسەرەکانی گەشەکردنی منداڵەکەش ئامێزی دایکە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی سلێمانی  بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵی نەبەکامەوە چالاکییەک لە بەشی منداڵانی نەبەکام لە نەخۆشخانەکە بەڕێوەچوو.

 

منداڵی نەبەکام ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە لە پێش کاتی خۆیان لەدایک دەبن، لە کاتێکدا دەبێت منداڵ بە ٣٧ هەفتەی لەدایکببێت، بەڵام ئەو منداڵانە پێش ئەو وادەیە لەدایکدەبن، بەپێی ئاماری ڕێکخراوە جیهانیەک لە هەر ١٠ منداڵێک یەکێکیان نەبەکام دەبێت.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ژنان و منداڵابوونی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەبەر ئەوەی لە سلێمانی و دەوروبەری تەنها ئەم بەشەی منداڵی نەبەکام هەیە، بۆیە بەردەوام سەردانیکەریان هەیە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ڕێژەکە لە زیابووندایە، ئەوەشی گەڕاندووە بۆ دوو دڵی دایک لە پێش منداڵبوون، خواردنی ناتەندروست، شێوازی ژیانی ناتەندروست.

 

منداڵانی نەبەکام ئەو منداڵانەن پێش ٣٧ هەفتە لەدایکدەبن

لە بەشی منداڵانی نەبەکام لە نەخۆشخانەکەدا ئەو منداڵانە هەیە، کە پێش ٣٦ هەفتەیی لەدایکبوون، هەندێکیان چەند ڕۆژێک و هەندێکیشیان دەیان ڕۆژ لەو بەشەدا دەمێننەوە، ڕۆشنا خەلیل ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵە، ماوەی سێ ڕۆژە لە نەخۆشخانەکەیە، دەڵێت دوای ئەوەی منداڵەکەی لەدایکبوو، کێشەی هەناسەدان و کەمی ئۆکسجینی هەبووە، ئێستا دەستی کردووە بە شیرخواردن.

 

لاڤان ڕزگار، پەرستارە لە بەشی منداڵانی نەبەکامی نەخۆشخانەکە، ئەو منداڵەی دەهێندرێن تا ئەو کاتەی دەڕۆنەوە ماڵەوە بەردەوام چاودێریان دەکات، فێری دایکەکان دەکەن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵە بکەن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەو منداڵانە بەردەوام چارەسەر وەردەگرن و لە کەشێکی پلەی گەرمی دیاریکراودا دەمێننەوە، تا ئەو کاتەی بەرگری لەشیان پەیدادەبێت.

 

ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو منداڵانە کە لە دایکدەبن زۆرینەیان کێشەی کەمی ئۆکسجینیان بۆ درووستدەبێت، ئەگەر چارەسەرنەکرێن و نەخرێنە ژێر ئۆکسجینەوە ئەوا کێشەی گەشەی مێشک و قسەکردنیان لە داهاتوودا بۆ دروستدەبێت، یەکێک لەو چارەسەرانەش کە بەکاردێت بۆ زوو گەشەکردنی منداڵ ئامێزی دایکە، کە منداڵەکە دەخرێتە سەر سنگی دایکەکە و بۆنی سینگی دایکی دەکات و منداڵەکە زووتر گەشەدەکات.

 

ت.پ