تشرینی یەکەم، مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک

یەکێک لە نەخۆشییە بڵاوەکانی جیهان کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، شێرپەنجەی مەمکە، لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرزی تۆمار کردووە، هەر بۆیە مانگی ئۆکتۆبەر بە مانگی هۆشیارکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک دیاریکراوە تا ژنان هۆشیار بن و زیاتر لە هەوڵی پاراستنی خۆیاندا بن لە ڕووبەڕووبونەوە لەو نەخۆشیە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- مانگی تشرینی یەکەم لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە وەک مانگی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دیاریکراوە، تێیدا ژنان بە بەستنی قردێلەی پەمەیی هۆشیاری لەسەر ئەو نەخۆشیە و گرنگی ئەم مانگە بڵاودەکەنەوە.

 

شێرپەنجەی مەمک لە دوای شێرپەنجەی سییەکانەوە بە دووەمین شێرپەنجە دادەنرێت بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام لەناو ژناندا بە یەکەمین شێرپەنجە دادەنرێت کە تەمەنی بۆ دیارینەکراوە، دەکرێت ژنانی گەنج و بەتەمەن ڕووبەڕووی ببنەوە، لە دوای شێرپەنجەی مەمک زۆرترین ئەو شێرپەنجانەی توشی ژنان دەبێت بریتیە لە "سی، کۆلۆن، میزەڵدان و سایرۆید".

 

لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە سەرتاسەری جیهاندا ٢.٣ ملیۆن ژن تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون و  ٦٨٤،٩٩٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە هەبووە، بۆ ساڵی ٢٠٢١ پێشبینی دەکرێت ٤٣،٦٠٠ ژن و ٥٠٠ پیاو بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە گیانلەدەست بدەن.

 

زۆرکات ژنان ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە گرێ لەناو مەمکیان دروست دەبێت، ترس دەیانگرێت لەوەی شێرپەنجەیان هەبێت، بەڵام نەخۆشیەکانی دیکە کەبەهۆی گرێوە ڕوو لە ژنان دەکەن زیاترە لەو گرێیانەی دەبنە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە، لەو بارەیەوە دکتۆر سەناریا شوان، پسپۆڕی پزیشکی خێزانی و نەخۆشییەکانی مەمک ڕوونکردنەوەی تەواوەتی دەربارەی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک دەدات، "نەک تەنها گرێی شێرپەنجەیی بەڵکو گرێی ڕیشاڵی، چەوری، گرۆگرۆی مەمک و کیسی ناو مەمەک هەیە، هەندێک ژن تەڕایی مەمکی هەیە، کە ئەمانە دەبێتە هۆی ئازار بۆی بۆیە مەرج نییە هەموو گرێیەکی ناو مەمک شێرپەنجە بێت".

 

پیاوان وەک ژنان ڕووبەڕووی ئەم نەخۆشیە دەبنەوە بەڵام بە ڕێژەی لە ٪١ بە هۆی ئەوەی خانەکانی ناو مەمکی پیاوان زۆر کەمن، هەروەها گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجسترۆن تێیاندا کەمە.

 

"هۆکارێکی سەرەکی بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک نییە "

وەک دکتۆر سەناریا ئاماژەی پێدا "بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک هۆکارێکی سەرەکی نییە، بەڵام چوونە تەمەنەوە یەکێکە لە هۆکارەکان بەتایبەت سەروو ٥٠ ساڵ، لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕێژەیەکی کەمتر ژنانی گەنجیش تووشدەبن لەدوای ٢٠ ساڵییەوە"، گۆڕانی هۆڕمۆناتەکانیش ژنان ڕووبەڕووی شێرپەنجەی مەمک دەکەنەوە، نمونە ئەو ژنە گەنجانەی پێش ١٢ ساڵی دەکەونە سوڕی مانگانە یاخود لە دوای ٥٢ بۆ ٥٥ ساڵی لە سوڕی مانگانە لێدەچنەوە ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە.

 

ئەو ژنانەی بۆ ماوەیەکی زۆر کەپسولی سکپڕی و ڕێککردنەوەی هۆڕمۆنات بەکاردەهێنن یاخود یەکەم منداڵیان لە دوای تەمەنی ٣٠ ساڵی بووە، ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەیان زیاترە، هەروەها جگەرەکێشان، بەرکەوتنی تیشکی زۆر و قەڵەوی هۆکارن بۆ توشبوون بە نەخۆشیەکە.

 

ئایا شێرپەنجەی مەمک بۆماوەییە؟

لە وەڵامدا دکتۆر سەناریا ڕوونیکردەوە، بە شێوەیەکی گشتی شێرپەنجەی مەمک نەخۆشییەکی بۆماوەیی نییە بەڵام هەر کەسێک لە تەمەنی گەنجیدا توشی بووبێت ئەگەری بۆماوەیی زیاترە، هەر ژنێک توشی شێرپەنجەی مەمک ببێت پشکنینی جیناتی بۆدەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت بۆماوەییە یاخود نا، ئەگەر دەربکەوێت بۆماوەییە پێوستە کەسی پلەیەک وەک دایک و خوشک پشکنین بکەن.

 

"ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە زیادبووندایە"

خراپی سیستمی خواردن هۆکاری تووشبوونە بە نەخۆشی و شێرپەنجە بەتایبەتی، وەک دکتۆریش ئاماژەی پێدا "ساڵانی ڕابردوو بەهەمان شێوەی ئێستا شێرپەنجە هەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوڵاتیان وەک ئێستا هۆشیار نەبوون و لە خەمی تەندروستی خۆیان نەبوون کەمتر پشکنینیان ئەنجامداوە".

 

لەگەڵ ئەوەی هۆشیاری هەیە، بەڵام ژنان زۆرکات لە بوونی گرێ دەترسن و دەیشارنەوە لەوەی گرێیان هەیە، بۆیە دکتۆر سەناریا بە ژنان دەڵێت "لەگەڵ بوونی هەر کێشەیەک لە مەمکتاندا زووتر سەردانی پزیشک بکەن باشترە بۆ ئەوەی زووتر چارەسەر بکرێت".

 

"لەگەڵ بوونی گۆڕانکاری لەناو مەمکدا پێویستە ژنان پشکنین بکەن"

ژنان لە دوای ٢٠ ساڵییەوە دەبێت لە ماڵەوە خۆیان پشکنین ئەنجامبدەن، هەرکات هەست بە گۆڕانکاری بکەن پێویستە پشکنینی پزیشکی بکەن، دیاترین نیشانە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک "گرێیە" گرێی شێرپەنجە ڕەقە و ناجوڵێت و لێوارەکانی خواروخێچن، هەندێک جاریش پێستی سەر گرێیەکە ئەستور دەبێت و گۆی مەمک ڕادەکێشێت، بەڵام گرێکانی دیکە لە ژێر دەستدا دەجوڵێت و لێوارەکەی خڕە، هەندێک کات بوونی تەڕایی بە مەرجێک خوێن بێت وە تێکچوون لە قەبارەی مەمک و سوربوونەوە دەریدەخات ئەو کەسە گرێیەکی هەیە و پێویستی بە پشکنین هەیە.

 

"هەموو نەخۆشێکی شێرپەنجەی مەمک بڕینەوەی بۆ ئەنجام نادرێت"

چوار جۆر چارەسەری هەیە بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک "نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی و تیشک و هۆڕمۆنات"، چارەسەری هۆڕمۆنات لەوکاتەدا بەکاردێت ئەگەر گرێکە کاریگەری هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پڕۆجسترۆنی لەسەر بێت دەبێت بۆ ماوەی ٥ ساڵ کەسی توشبوو چارەسەری هۆڕمۆنات وەربگرێت.

 

دەربارەی چارەسەر بە نەشتەرگەری دکتۆر سەناریا دەڵێت: "سەرەتا بەشێک لە گرێکە وەردەگیرێت پاشان لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت، دیاریکردنی قۆناغی نەخۆشیەکە دیاری دەکات کەسی توشبوو پێویستی بە بڕینەوەی مەمک هەیە یاخود نا" بە شێوەیەکی گشتی شێرپەنجە چوار قۆناغە کە قۆناغەکانی سەرەتایی ئاسای پێویست بە بڕینەوە ناکات چونکە گرێکە بچووکە تەنها بە لابردنی گرێکە و پاکردنەوەی دەوروبەرەکەی نەخۆشەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەوکەسانەی گرێکانیان گەورەیە و بڵاوبووەتەوە لە ڕێگەی لیمفەوە بێت یاخود خوێن دەبێت بڕینەوەی بۆ ئەنجامبدرێت، نزیکترین ڕێگا بۆ بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک لیمفەکانی ژێر بنباڵە.

 

لە قۆناغی چواردا، نەخۆشیەکە بڵاوبووەتەوە بە لەشی نەخۆشەکەدا لەم کاتەدا نەشتەرگەری سودی نییە بەڵکو چارەسەری کیمیایی بۆدەکرێت.

 

ت.پ