"١٦ی ئۆکتۆبەر" پەڵەیەکی دیکەی ڕەش لە مێژووی کورددا

پێنج ساڵ پێش ئێستاو لەدوای کەمتر لە مانگێک بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان کەوتە ژێردەستی حکومەتی عێراق و تا ئێستاش دەسەڵاتی کوردیی خەون بە بەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچانە دەبینێت.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- لە ١٦ی تشرینی یەکەمی٢٠١٧ ناسراو بە "١٦ی ئۆکتۆبەر" هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بەهاوکاریی چەند وڵاتێک بەتایبەت ئێران و تورکیا، هێرشیانکردە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا، تەواوی ئەو ناوچانەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، تەواوی حزبە سیاسییەکانی کوردستان، بە پلەی یەکەم دوو پارتە سەرەکییەکەی دەسەڵات بەرپرسن لە شکستی سیاسی و لەدەستدانی خاکی ئەو ناوچانە.

 

شکستی ڕیفراندۆم، ١٦ی ئۆکتۆبەری بەرهەمهێنا

ڕیفراندۆم، بەکارهێنانی کارتی نەتەوەیی بوو بۆ خاوەنداریکردن لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەت لە ویلایەتی موسڵی سەردەمی عوسمانییەکان، هەروەها سەربەخۆیی بۆهەرێمی کوردستان، کە بەناو هەرێمێکە بەڵام بەردەوام لەژێردەستی وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیاو ئێراندایە، بە واتایەکی دیکەش ڕیفراندۆم بۆ ڕاکێشانی سۆزی گەل بوو کە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم بڕیاری لێدرا بۆ ئەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا زیاتر توند بکەن بەو مانایەی بۆ هەتا هەتایە خۆیان دەسەڵاتداربن.

 

ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجام درا، زلهێزانی ناوچەکەو جیهان دژی ئەم مافە ڕەوایەی گەلی کورد بوون و زۆر بە توندی دژی ئەم ویستە وەستانەوە، هەریەک لە ئێران و تورکیا هەڕەشەیان لە هەرێم دەکرد و سیاسەتەکانی خۆیان بەکارهێنا، عێراقیش گەشتە ئاسمانییەکانی بەرووی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستاندا داخست، تورکیا و ئێرانیش بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانیان، گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان.

 

عێراق داوای کشانەوەی پێشمەرگەی لە ناوچە جێناکۆکەکان کرد کە دوای شەڕی داعش پێشمەرگە گەڕابوونەوە ئەو ناوچانە، چونکە ئەوەی داعشی تێکشکاند هێزەکانی پێشمەرگەو گەریلا بوون، بەڵام کاتێک داعش تێکشکا عێراق ئەو ناوچانەی بە موڵکی خۆی زانی، بەرەبەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزە عێراقییەکان لە کەرکوکەوە دەستیان بە هێرش کردو لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان کەسەر بە ماددەی "١٤٠"ن کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو ‌هێزانە.

 

لێکەوتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ڕووی خاکەوە

٥١٪ ی خاکی کوردستان لەدەستچوو، کۆی خاکی باشوری کوردستان ٨٦ هەزار و ٢٦٩ کیلۆمەتری دووجایە، تا ساڵی ٢٠٠٣، زیاتر لە ٤١ هەزار کیلۆمەتر لەژێر دەستی هەرێمی کوردستاندا بوو بەڵام دوای ٢٠٠٣ ڕوخانی ڕژێمی بەعس و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە شەڕی داعش هەبوو، زۆرینەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ٤٤ هەزار و ٩٣٩ کیلۆمەتر بوو هاتە سەر خاکی هەرێم، بەڵام لە ڕووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر جارێکی تر لەژێر دەستی هەرێم ڕۆیشت.

 

دەرەنجامەکان لە ڕووی ئابوورییەوە

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر هەرێمی کوردستان ٥٥٪ی داهاتی نەوتی لەدەستداوە، چونکە پێش ئەوە ١٢ بیرە نەوتی لەژێر دەستدا بوو کە بریتی بوون لە کێڵگەکانی "هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خوڕمەڵە، جەمبور، عەین زالە، خەباس، تەق تەق، بەتمەن، تاوگێ، شێخان، حەسیرە"، بەکۆی هەموویان زیاتر لە ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەردەهێندرا، بەڵام دوای ڕوداوەکە هەریەک لە هاڤانا و بابەگوڕ، عەین زالە، بەتمەن، جەمبور، خەباس و بای حەسەنی لەدەست دەرچوو کە ٤٤٩ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات.

 

هەروەها چەندین ماڵ و خیزان لەو ناوچە جێناکۆکەکانەوە بە تایبەت خێزانە کوردەکان ئاوارە بوون و ناچاربوون ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن، ١٦ی ئۆکتۆبەر چەندین قوربانی لە هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی لێکەوتەوە، تاڵانی و ڕفاندن ڕووی لە زیادبوون کرد، سەرەڕای ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی بەسەر خەڵکەکە هات هەریەک لە پەدەکە و یەنەکە یەکتری تۆمەتبار دەکەن وخۆیان بێبەری دەکەن لەو کارەساتەی بەسەر گەل و خەلکی کوردیان هێنا، ئێستاش بە خەونی ئەوەوەن کە بگەڕێنەوە کەرکوک بە تایبەتی و هەرجارە پڕوپاگاندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە بەڵام ئەوە تەنها خەونێکە و دوژمنان هەرگیز ڕێگە نادەن خاکی هەرێم فراوانتر ببێت، ئەوەش لە یەنجامی هەڵەی سایسەتکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێمە کە ئەو ڕێگەیەی خۆشکردووە بەردەوام بە کەم ببیندرێن.

 

ئەنجامی ڕیفراندۆم سفر بوو

ئەو ڕیفراندۆمەی هەر لە پێش ئەنجامدانییەوە تا ڕادەیەک ئەنجامەکەی دیاربوو، دواتریش کە بووە هۆی لەدەستدانی خاک و ئابوری و سەنگی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی نێودەوڵەتی، ئەنجامەکەی لە ئێستادا سفرە چونکە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە ڕازیبوون بە سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، لەگەڵ ئەوەش ساڵانە لە یادی بەڕێوەچوونیدا وەک دەستکەوت بە خەڵک دەفرۆشرێتەوەو منەت بەسەر گەلی باشوری کوردستاندا دەکرێت وەک ئەوەی کە هیچ شتێک لەدەست نەچووبێت، ئەوەش بۆ شاردنەوەی شکستەکەیانە.

 

ئەوەی لە دوای ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕووی دا، تەنیا لە یەک ڕۆژدا کۆ ناکرێتەوە و پرسێکی یەک ڕۆژەش نییە، بەڵکو سەرەتای پلانێکی گەورە بوو بە یارمەتی وڵاتانی دراوسێی داگیرکەر بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بهێنن، ئەوەی دەرخست کە ئەوان پلانیان تەنیا شاری کەرکوک نەبوو، به‌ڵكوو کەرکوک بۆ ئەوان تەنیا کلیلی ئەو دەرگایە بوو تا ڕێگەیان بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی هەرێمی کوردستاندا لاواز بکەن.