ژنان تەنانەت لەسەر لافیتەی پرسەش ناویان نانوسرێت

لە کۆنەوە لافیتەی پرسەکان بە جۆرێک نوسراون کە تەنها ناوی برا و کوڕی لەسەر بێت، واتە تەنها ڕەگەزی "نێر"، بووەتە جێگەی پرسیار ئاخۆ بۆچی تەنها پیاوان؟، ژنان لەگەڵ ئەوەی بەردەوام ڕووبەڕووی ناهەقی و توندوتیژی دەبنەوە لە بچوکترین کایەکانی ژیان مافیان دەخورێت لەگەڵ ئەوەش وەک ئەندامێکی خێزانەکە ناویان ناچێتە سەر لافیتەی پرسەکان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- نەبوونی ناوی ژنان لەسەر لافیتەی پرسە بووەتە جێگەی پرسیار، ئاخۆ هۆکاری نەبوونی ناوی ئەو ژنانەی کەسێکی نزیکیان کۆچی دوای کردووە دەگەڕێتەوە بۆ چی؟، زۆر هۆکار هەن وای کردووە ژنان ناویان لەسەر لافیتەی پرسە نەنوسرێت، سەرەکیترینیان هەبوونی کەشێکی پیاوسالارییە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا و هەژمارنەکردنی ژنان وەک کەسێکی دیاری ناو خێزانەکان.

هەندێک پێیان وایە ئاین هۆکارە و وای کردووە کە ژنان مافیان بخورێت، لە بەرامبەردا هەندێکی دیکە پێیان وایە ئاین مافی تەواوی داوە بە ژنان، بەڵام بە ئاڕاستەی هەڵە بە خەڵکی گەیشتووە سەبارەت بەم بابەتە ئاژانسی ژنها "مامۆستا ڕوقیە" دەدوێنێت و شیکردنەوە لەسەر بابەتەکە دەدات.

"ژن هەیە لە پیاو ناسراوترە لەناو کۆمەڵگا"

ڕوقیە سدیق، بەرپرسی ڕێکخراوی تیمی پێشەنگ و ئەندامی ڕێکخراوی عادیلە خان، پێی وایە هۆکاری نەبوونی ناوی ژنان بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا کە پێی وایە ژنان بە بەراورد بە پیاوان کەمتر ناسراون لەناو کۆمەڵگادا، "ژن هەیە زۆر لە پیاوان ناسراوترن بۆیە هەبوونی ناویان مافێکی ئەوانە و پێویستە لە کۆمەڵگادا ئاسایی بکرێتەوە".

 

پێشی وایە خێزانەکان دەبێت خۆیان ڕۆشنبیر بکەن، چونکە ئەوەی لافیتە دەنوسێت هەر خێزانە و دەتوانێت داوا بکات کە ناوی ژنیش لەسەر لافیتەکە بنوسرێت، بەڵام خێزانەکان لە کۆمەڵگای کوردی ئەو هەڵوێستەیان نییە، هەبوونی لافیتە تەنها وەک ڕێنیشاندەرێک بەکاردەهێنن و گرنگی بە بەکارهێنانی ناوی ژن نادەن کە هەبوونی زۆر ئاساییە.

 

"تێگەیشتن لە ئاینی ئیسلام تێگەیشتنە لە مافی ژنان"

سەبارەت بەو کەسانەی لەسەر مافی ژنان ڕەخنە لە ئاین دەگرن، دەڵێت: "خوای گەورە ژن و پیاوی بە یەکسانی دروستکردووە، مافی هیچکامیانی زاڵ نەکردووە بەسەر ئەوی دیکەدا، بەڵام ئاگادار نەبوون لە ئاین و بردنی بە ئاڕاستەیەکی هەڵە لەلایەن هەندێک پیاوەوە وای کردووە بەشێک لە هاوڵاتیان و کۆمەڵگا بە هەڵە تێبگەن".

ڕوقیە سدیق ئەوەشی ڕوونکردەوە "ئەو جیاوازیەی دروست بووە لە نێوان پیاوان و ژنان کلتور و کۆمەڵگا دروستی کردووە، دەنا هەر ئایەتێکی قورئانی لای خوداوە هاتبێت بێ جیاوازی بۆ ژن و پیاو هاتووە، بگرە لە ئایەت و فەرموودەشدا سێ جار مافی دایکی بەسەر باوکدا داوە".

 

"هەندێک کەس لە ژێر ناوی ئایندا مافی ژن پێشێل دەکات"

کۆمەڵگا و پیاوان لەژێر ناوی ئایندا خۆیان زاڵکردووە بەسەر ژناندا و دەیانەوێت خۆیان بسەپێنن و مافی ژن پێشێل بکەن، ڕوقیە داوا دەکات هەرکەس شوێنکەوتەی ئاینی ئیسلامە هەوڵبدات پەیامەکە بە ڕاست و دروستی بگەیەنێت نەک لەژێر ئەو ناوەدا مافی ژن پێشێل بکات و تەنها لەبەرئەوەی خێزانەکەی ئیماندارە.

 

خێزانەکان بە هۆی جیاوازی ڕەگەزیەوە ناوی ژن نانوسن، مافی ژنان لە میرات، خوێندن، ڕادەربڕین، کارکردن و بەشودانی کچەکانیشیان پێشێلدەکرێت، ئەو ئەندامی ڕێکخراوی عادیلە خان دەشڵێت: "ژنان دەبێت ڕۆشنبیر بن و چاوەڕێی دەستی پیاوان نەبن لەژێر کاریگەری ئاین مافیان پێبدەن، چونکە پیاوان بە دەگمەن دەکەونە ژێر کاریگەری یەکسانی ئاینەوە".

 

روقیە داوا دەکات ژنان پێکەوە پاڵپشتی یەکتر بن و داوای مافی خۆیان بکەن، چاویان لە دەستی هیچ کەس نەبێت بۆ بەدەستهێنانی ویستەکانیان، ڕوودەکاتە ئەو پیاوانەی کە زوڵم لە ژنەکانیان دەکەن و دەڵێت "خوای گەورە ئێوەی بە خزمەتکاری ماڵ داناوە و ژنانی کردووە بە خاتونی ماڵ".

"کۆمەڵگای کوردی هەمیشە هەوڵی داوە ژنان سەرقاڵی منداڵ بەخێوکردن ببن"

لیا سەیفەدین، بەرپرسی ئەنجومەنی سلێمانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بە نەبوونی ناوی ژنان لەسەر لافیتەی پرسە بە ژنهای وت: "کۆمەڵگایەکی پیاوسالار هەر ئەوەندەی لێ چاوەڕێ دەکرێت کە مافی ژنان پێشێلبکات، هۆکاری ئەمەش لە ڕابردوودا سەرقاڵکردنی ژنان بووە بە ماڵ و منداڵ بەخێوکردن"، ئاماژە بەوەش دەدات لە کۆنەوە ئەم کلتورە بەم جۆرە هاتووە، بەڵام لە ئێستادا ژنانی زۆر پێشکەوتوو و ناسراو هەن کە دەبێت ناویان بچێتە سەر لافیتەی پرسەکان.

 

نوسینی ناوی ژن لەسەر لافیتە با تەنها بۆ ژنە ناسراوەکان نەبێت، بەڵکو بێ جیاوازی بۆ هەموو ژنان بێت

لەوبارەیەوە لیا سەیفەدین پێی وایە ئەگەر خێزانێک بە ناوی ژنێک بناسرێتەوە زۆر ئاساییەوە و بگرە مافی ژنەکەیە وەک براکەی ناوی خێزانەکەی هەڵبگرێت، چونکە دایک و باوک یاخود هەر کەسێک لە ئەندامانی خێزان چەند مافی بەسەر ڕەگەزی نێرەوە هەیە ئەوەندەش مافی بەسەر ڕەگەزی مێوە هەیە و دەڵێت "بڵاوکردنەوەی ئەو بیر و باوەڕە پێویستی بە شۆڕش و یەکگرتنی دەنگی ژنان هەیە".

 

کلتور، ئاین و پەروەردەی خێزانی وای کردووە ژنان لە بچوکترین کایەی ژیاندا مافیان پێشێل بکرێت، لیا دەڵێت "بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ژنان دۆخیان باشتر بووە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە، هەرچەند بەرەوپێشچوون لە چالاکی ژنان هەیە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەڵام هێشتا ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، هۆکاری زیادبوونی ڕێژەکەش چاو کرانەوەی ژنانە کە لەبەرامبەر مافەکانیان بێدەنگ نابن".

 

"وەرگرتنی مافی ژن بە دژایەتیکردنی پیاوان نییە"

نابێت کۆمەڵگا و پیاوان وەرگرتنی مافی ژن بە دژایەتیکردنی پیاوان لێک بدەنەوە بەڵکو ژنان مافی خۆیانە ئازادانە داوای مافەکانیان بکەن و لە پێناویدا تێکۆشان ئەنجام بدەن، بەرپرسی ئەنجومەنی سلێمانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دەڵێت:  دەبێت ژنان هەوڵ بدەن و کار بکەن و بیسەلمێنن نەک تەنها وەک ژنێک ناویان هەبێت، بەڵکو وەک ژنێکی سەرکەوتوو ناویان هەبێت لەسەر لافیتەی پرسەکان.

داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنانیش دەکات نوسینی ناوی ژنان لەسەر لافیتە بکرێتە کەمپەین و تیایدا داوا بکرێت کە شانبەشانی پیاوان ناوی ژنانیش بنوسرێت، بەڵام بە مەرجێک ئاڕاستەیەکی گونجاو وەربگرێت و نەبێت هۆی هەڵە تێگەیشتنی خێزان و کۆمەڵگا.

 

ت.پ