ماڵی ژن بووە مۆدێلی شۆڕشی ژن ...١

ماڵی ژن بووە هیوا و چارەسەر بۆ ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نیشانیاندا کە ژنان دەتوانن مافەکانیان لە ماڵی ژن بەدەستبهێنن و بیپارێزن.

ڕوناهی نودا

 

قامیشلۆ- لە ساڵی ٢٠٠٤دا بە پێشەنگایەتی یەکێتی ستار ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان توانیان خۆیان ڕێکبخەن، لە دوای شۆڕشی ١٩ی تەمموز ئەم هەنگاوانە پێش کەوتن و ژنان توانیان چەندین ڕێکخراو و دامەزراوە و دەزگای ژنان دابمەزرێنن، یەکێک لەو دەزگایانە ماڵی ژنە، کە بووە دەنگی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبوونەوە، ڕۆژی ٢٠ی ئاداری ٢٠١١ ماڵی ژن بۆ یەکەم جار لە شاری قامیشلۆ خۆی ڕێکخست، کە ئەندامەکانی دایکانن و لەکاتی بوونی کێشەی ژناندا دەچن و کێشەکان چارەسەر دەکەن و دەبنە دەنگی ژنان.

 

گەلی کورد سەرهەڵدێر و خاوەن شۆڕشە            

یەکێک لەو نەتەوانەی سەدان ساڵە لە مافەکانیان بێبەش کراون، گەکی کوردە، کورد هەمیشە ڕووبەڕووی فشار و زۆرداری لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بووەتەوە، لە پەیمانی سایکس پیکۆدا خاکی کوردستان کرایە چوار پارچە و ویستیان کوردان پارچە بکەن، کوردانی باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن-تواندنەوەیان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دەسەڵاتداران نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن و بەر بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کورد کەوتن، گەلی ڕۆژئاوای کوردستان توانیان بەهاری عەرەبی بکەنە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو گەلەی سەدان ساڵ لەژێر زوڵم و زۆرداری ڕژێمی بەعسی سوریادا بوو، بە سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز شۆڕسی گەلانی بە پێشەنگایەتی ژنان هەڵگیرساند، دەسەڵات بۆ ئەوەی شۆڕشی گەلان و ژنان شکست پێبهێنێت زۆر هێزی وەک ئەلنوسرە، ئەحرار ئەلشام، کەتیبەی سوڵتان موراد و لە کۆتایشدا چەتەکانی داعشی بە هەموو شێوازەکان ناردە ڕۆژئاوای کوردستان، ژنان ڕفێندران و گەل بە کۆمەڵکوژیدا تێپەڕی، سەرەڕای هەموو ئەو قوربانییانەی گەل دایان هیچ کاتێک خۆبەدەستوەدانیان پەسەند نەکرد و بستێک خاکیان لە ژێر دەستی چەتەکاندا نەهێشتەوە.

 

ئەم تروسکایی شۆڕشە خۆی گەیاندە هەرێمەکانی عەرەب وەک مەنبج، تەبقا، ڕەققا و دێرەزۆر، ئەمڕۆش لە سایەی شۆڕشی گەلان و ژنانەوە هەموو نەتەوەکانی کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشوری، سوریانی و ئەرمەنی لە چوارچێوەی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان پێشکەشکرا، خۆیان بە ڕێکخستن کردووە.

 

ژنان دەتوانن کۆمەڵگەیەکی یەکسان ئاوابکەن

کیشەی ژنان سەرچاوەی کێشەکانی کۆمەڵگەیە، هەروەها سەرچاوەی مێژووی و کۆمەڵگەییە، هەڵسەنگاندی دۆخی ژنان لەگەڵ مێژوو و کۆمەڵگەدا دەبێت، چونکە ئازادی و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە بە ئازادی ژنەوە گرێدراوە، ژن لە کۆمەڵگەی سروشتیدا ببوونە سەرچاوەی ژیان و لەسەر بنەمای دادپەروەری ئەوان کە پێگەی یەکسانی، بەشداری و هاوکاری لە کۆمەڵگەدا دروستدەبێت، بەڵام بە پیاوانی زاڵ و فێڵباز ڕۆڵی ژنان دزرا و ژنان لە هەموو مافەکانیان بێبەش بوون، بۆیە بە لەدەستدانی ژنان هەموو کۆمەڵگە ڕووخێنرا و لە شوێنی ژنان ئەو دەوڵەت-نەتەوەیەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆی فەرمانڕەوایی دەکات، سەریهەڵدا.

 

لەناوچوونی تەوازۆنی کۆمەڵگە بە کۆیلەکردنی ژنان دەستیپێکرد، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە جارێکی تر ئیرادەی هەبێت و ژنان لە بەرگی کۆیلایەتی ڕزگاریان بێت و ببنەوە بە پێشەنگی کۆمەڵگە، دەتوانن لە ڕێگەی داهێنان و یەکسانی دادوەرییەوە ڕۆڵی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەدا ببینن و ئەو کێشانەی کە لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕوویان بووەتەوە لە ڕێگەی دەست و بیر و هۆشی ژنانەوە بە پشتبەستن بە یەکسانی چارەسەر بکرێن، ئەگەر ژنان بتوانن خۆیان لە دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێکبخەن، ئەوا دەتوانن بە متمانە و زانیاری و هۆشیارییەکی زۆرەوە بنەماکانی سروشت و دادپەروەریی کۆمەڵگە بنیاد بنێنەوە.

 

ماڵی ژن لە ساڵی ٢٠١١دا ئاواکرا

ماڵی ژن لە ٢٠ی ئاداری ٢٠١١ دامەزرا و لقەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردەوە تا یەکسانی لە کۆمەڵگەدا دروستبکات، ماڵی ژن ئامانجییەتی خێزانێکی دیموکراتیک بنیاد بنێت و بە ڕێبازێکی یەکسان و دادپەروەرانە لە کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگە بکۆڵێتەوە، ماڵی ژن ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و کار و خەبات کاردەکات، ئامانجی ماڵی ژن دامەزراندنی فەلسەفەی یەکسانی کۆمەڵایەتی و کەلتوری خێزانی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی ئازادە کە دژی کردەوەی نامرۆڤانەیە دژی ژنان و منداڵان، چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و خێزانەکان بە شێوازی کۆمیتە بەڕێوەدەبات، نوێنەرایەتیی ماڵی ژن لە هەموو دامودەزگا سەربەخۆ و مەدەنییەکان و لە ئەنجومەنی دادوەری ژناندا جێگەی خۆی دەگرێت.

٦٢ لقی ماڵی ژن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریادا هەیە، خۆی لەژێر چەتری ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگەدا ڕێکدەخات، ماڵی ژن لە کانتۆنی قامیشلۆ ١١، لە حەسەکە ١٠، لە عەفرین ٤، لە شەهبا ٤، لە کۆبانێ ٨، لە رەقە ٢، لە مەنبج ٥، لە دێرەزۆر ٦، لە تەبقا ١١ لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریاش لقێکی هەیە، هەروەها لە شامیش لقێکی کراوەتەوە و ٢ لقیش بۆ ژنان سوریانی کراوەتەوە و بە کێشەکانیانەوە سەرقاڵ دەبێت.
 

مەرجەکانی پەسەندکردنی ماڵی ژن

داواکاری بوونە ئەندام ڕەوانەی ماڵی ژن دەکرێت بۆ هەموو لقەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری و مەدەنیدا پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەوانەی دەیانەوێت ببنە ئەندامی ماڵی ژن دەبێت خاوەن کەسایەتییەک بن کە کە کۆمەڵگەکەیان بناسن و خزمەتیان بکەن، بۆ ئەوەش پێویستە داوایەکی نووسراو پێشکەش بە ماڵی ژن بکەن، دەبێت تەمەنیان زیاتر لە ١٨ ساڵ بێت. کاتێک کەسێک دەبێتە ئەندامی ماڵی ژن، دەبێت بچێتە ناو ئەکادیمیای زانستەوە و بۆ ماوەی مانگێک لە تاقیکردنەوەکەدا بمێنێتەوە، ئەگەر پێویست بوو بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێکیش دەمێنێتەوە.

 

بارودۆخی ڕێکخراوەیی ماڵی ژن

هەموو ئەندامانی لقەکان لە هەموو شارۆچکەکان ئەندامی ماڵی ژنن لە لیژنە تایبەتەکانی ژناندا، هەموو ئەندامانی لیژنەی ئاشتەوایی لە شارۆچکەکان ئەنجومەنی ماڵی ژنن، ئەو ئەندامانەی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارۆچکەکان بەدەستدەهێنن، دەبنە گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی ژنان لە کانتۆنەکە و ئەرکی وتەبێژ دەکەوێتە ئەستۆیان، سێ ئەندام لەناو ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کانتۆنەکان هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی ببنە بەڕێوەبەری ماڵی ژن لە کانتۆنەکاندا.

 

ئەرکی ئەنجومەن و بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنەکان

چاودێری و بەرپرسیارییەتی کاری لیژنەکان پەیوەستە بە ماڵی ژنەوە، کۆردیناسیۆن لەگەڵ ناوەندە تایبەتەکانی ژنان بەرپرسیاری ئامادەکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و زانیاری دەکەوێتە ئەستۆ، کاتێک ئەندامێک دەیەوێت دەست لەکاربکێشێتەوە یان لە کاری ماڵی ژن دووربخرابێتەوە، ئەوا کۆردیناسیۆن بڕیاری لێدەدات، هەروەها کۆردیناسیۆن بەرپرسیارە بۆ ڕاسپاردنی ئەندامەکان و دابەشکردنیان بۆ کۆمیتەکان، هەموو مانگێک ڕاپۆرت لەسەر چالاکی و دارایی و کار و خابەت ئامادە دەکات، بەڕێوەبەرایەتی هەموو هەفتەیەک کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی ماڵی ژن، لیژنەکانی سەر بە ماڵی ژن هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوەکانیان ئەنجامدەدەن، هەموو ئەندامانی ماڵی ژن هەفتەی جارێک کۆدەبنەوە و ڕاپۆرتەکانیان پێشکەشی ئەنجومەنی جێبەجێکردن دەکەن، هەروەها ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنەکان هەموو مانگێک کۆدەبنەوە و ڕاپۆرتەکانی پێشکەش دەکەن.

 

لیژنەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی

لیژنەی ئاشتەوایی هەموو کێشە و گرفتەکانی ژنان چارەسەر دەکات، یەکێک لە نوێنەرانی ئەنجومەنی ژنان لە دانیشتنی دادگاکانی دادوەریدا بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە دەکات کە وەریانگرتووە و چارەسەر نەکراوە.

 

لیژنەی پەروەردە

لیژنەی پەروەردە خەباتی خولەکان و ئەو ژنانەی لە کۆمینەکاندا کار دەکەن ڕێکدەخات، سیمینارێک لەسەر ژنان و مافەکانیان پێشکەش دەکات.

 

کۆمیتەی ڕاگەیاند

کاری کۆمیتەکە بەڵگە و ئەرشیفکردنی هەموو ئەو کارانەیە کە ماڵی ژن دەیکەن،ئەو دۆسیانە دەنووسنەوە کە دەکەوێتە دەست کۆمیتەی ئاشتەوایی و کۆمەڵگە، لە ماڵپەڕەکانیاندا بڕیار، لێدوان و هەواڵ لەسەر ماڵی ژن بڵاودەکەنەوە، ئەو کەیس و دۆسیانەی دێنە دەست ماڵی ژن ئەرشیف دەکەن و لێکۆڵینەوە پێویستەکان ئامادە دەکەن.

 

کۆمیتەی کۆمەڵگەیی ژنان

لە کۆمینەکاندا دۆخی ژنان چاودێری دەکات، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە گرنگی بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدات، بەپێی ئەو دەرفەتانەی کە بۆ ماڵی ژن هەیە پیداویستی کەسانی خاوەن پێداویستی دابین دەکات، کۆردیناسیۆنی ماڵی ژن لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی کۆنگرەی ستار هاوکاری و پێداویستییەکانی ژنان دەستەبەر دەکەن.

 

ئەنجومەنی دادوەری ژنان

لەگەڵ پەرەسەندنی ئەقڵییەتی دەسەڵاتداریدا پرسی ژن لە مێژوو و کۆمەڵگەدا پشتگوێخراوە، لەبەرئەوەی دیموکراسی لە ڕێگەی ئازادی ژنانەوە بەدیدێت دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندی دەسەڵاتدارەکان، کەوتنی کۆمەڵگە بە کەوتنی ژنان دەستیپێکرد، لەسەر ئەم بنەمایە پێشکەوتنی ژنان و کۆمەڵگە سەرناکەوێت ئەگەر لە ڕێگەی تێکۆشانەوە نەبێت، تەنیا یاسا چارەسەری ڕەوشت و دادپەروەری کۆمەڵگە نییە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان، بەڵکو پیویستە ژنان لەناو بوارەکانی ژیاندا شوێنی خۆیان بگرن و بەشێوەیەکی ڕێکخستنی کەسایەتی خۆیان و لەسەر بنەمای زانست و پاراستنی یاسا و سروشتی ژنان و ئەوانەی پشت بە دادپەروەری ژنان دەبەستن، ڕێکبخەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی دادوەریی ژنان دامەزرا، ئەم ئەنجومەنە پەیوەندی بە هەموو ئەنجومەکانی دادوەری ژنان لە خۆبەڕێوەبەریی و کۆمەڵگە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەیە.

 

ماڵی ژنی سریانی "عشتەرۆت"

بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی ژنانی سوریانی و چارەسەرکردنی کەیسەکانی خێزان، یەکێتی ژنانی سوریانی لە سوریا بەهاوکاری ئەنجومەنی دادوەری ژنان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک یەکەم ماڵی ژنی سوریانی لە گەڕەکی بەشیری شاری قامیشلۆ کردەوە، ئێستا لە حەسەکە و قامیشلۆ دوو ماڵی ژنی سوریانی بە ناوەکانی "عشتەرۆت" هەیە.

 

سبەینێ: ئیلهام عومەر، بەڕێوەبەری ماڵی ژن لە هەرێمی جەزیرە، کار و خەباتی ماڵی ژن هەڵدەسەنگێنێت.