مرۆڤی مۆمیاکراوی کۆنتر لە مێژووی میسر دەدۆزرێتەوە

میسرییەکان بەناوبانگترین مۆمیایان هەیە لە مێژوودا و لەناو خەڵکیدا بەناوبانگە، بەڵام خەڵکی چینکۆرۆ لە بیابانی ئاتاکامای چیلی یەکەم کەس بوون کە مردووەکانیان مۆمیا کردووە پێش ٧٠٠٠ ساڵ.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- میسرییەکان بەناوبانگترین مۆمیایان هەیە کە لە مێژوو و لەناو خەڵکیدا بەناوبانگە، بەڵام دەوترێت کە ئەوان کۆنترین نین و خەڵکی چینکۆرۆ لە بیابانی ئاتاکامای چیلی یەکەم کەس بوون کە مردووەکانیان مۆمیا کردووە پێش ٧٠٠٠ ساڵ.

 

لە بیابانی ئاتاکامای چیلی، وشکترین شوێنی سەر زەوی، مۆمیاکان دۆزراونەتەوە کە پێش میسرییەکان دەکەوێت بە ٢٠٠٠ ساڵ، کەواتە لەکاتێکدا میسرییەکان لەوانەیە بەناوبانگترین کلتوریان هەبێت بۆ مۆمیاکردنی مردووەکانیان، بەڵام دەکرێت لە پێش ئەوانیشەوە بۆ مۆمیاکردن هەبوبێت کە گوزارشتە هونەرییەکانی هەست و سۆزی دانیشتوانی دێرینی ئەو ناوچەیەن.

 

بێرناردۆ ئاریزا، مرۆڤناسێکی جەستەیی لە زانکۆی تاراپاکا باسی لەوەکردووە کە خەڵکی چینکۆرۆ یەکەم کەسن لە باکووری چیلی و باشووری پیرۆ نیشتەجێ بوون، بە یەکەم کلتور ناسراون لە جیهاندا کە مردووەکانیان مۆمیا بکەن، کە نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵی پێش زاین بووە، لە خەڵکی چینکۆرۆدا مۆمیاکردن بۆ هەموو کەسێک بووە نەک تەنها خانەدانەکان وەک لەوەی لە میسری کۆندا هەبووە.

 

پاشماوەکە لە یونسکۆدا تۆمارکراوە

پاشماوەی سەدان لەو ڕاوچییە دەریاییانە، کە لە کەناری هێمنی ئەتاکاما دەژیان لە نزیکەی ٥٤٥٠ ساڵ پێش زاینەوە لە ناوچەی ئاریکا و پاریناکۆتا دۆزراونەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەم گۆڕستانانە لەسەر لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ بۆ ئەو بەها شوێنەوارە گەورەیەی کە دابینیان کردووە، تۆمارکراون.

 

هەرچەندە تۆماری یونسکۆ لەم ساڵانەی دوایدا بووە، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر دەربارەی شوێنەوارە بێهاوتاکان زانیویانە لەبەرئەوەی تەرمەکان زۆر نزیک لە ڕووکەشەکان نێژراون، بێگومان پاشماوەکان بەشێکن لە دامەزراوەی شارۆچکەکە.

 

جۆنی ڤاسکێز کە ماوەی ٦٠ ساڵە لە ناوچەکەدا ژیاوە، بەبیری هێنایەوە کاتێک کرێکارەکان یەکەمجار بۆری ئاوەڕۆیان بۆ گەڕەکەکەی هەڵکەندووە توێژی مۆمیاکانیان دۆزیوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٤دا کە کرێکاران دەستیانکرد بە هەڵکەندن بۆ هۆتێلێک، کەمتر لە یەک مەتر لەژێر زەویدا و پاشان شوێنەکەیان کردە مۆزەخانە.

 

تا ئێستا بە سەدان کەسی مۆمیاکراو دۆزراونەوەتەوە لە ناوچەکەدا کە لە ناویاندا منداڵیش هەیە، مارینا ئیسکویرۆس، ژنێکی دانیشتووی ئاریکایە باسی لەوەکردووە کە بەهیچ شێوەیەک ناترسێت لە هەبوونی پاشماوەی جەستە مۆمیاکراوەکان و ئەوان ژیانێکی ئاساییان هەیە و بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەو پاشماوە مۆمیاکراوەنە بۆ ئەوان هیچ زیانێکی هەبێت، لە جیاتی ئەوە خەڵکی ناوچەکە مردووانی دەورووبەریان وەک بنەچەی خۆیان دەبینن و خەمخۆرن، بۆیە بە گشتی خەڵکی ناوچەکە ئامادە نین کە شوێنەکەیان بەجێبهێڵن، دەیانەوێت ئەو پاشماوانەی کە ماون، وەک میراتێکی گەورە بۆ کۆمەڵگەکەی ئێستایان بپارێزرێت.