هاوسەرگیری منداڵان کابوسی ژنان و منداڵانی کچ

هاوسەرگیری منداڵان هەڕەشە لە ژیان و داهاتووی منداڵانی کچ و ژنان دەکات و مافی خوێندنیان لێ ڕەت دەکاتەوە و توندوتیژی و جیاکاری و دەستدرێژی لەسەریان زیاد دەکات.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- لە کاتێکدا توندوتیژی زایەندی بەرامبەر بە ژنان و نەبوونی ئاسایشی خۆراک و سەختی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان دیاردەیەکی جدین لەناو ژناندا بەتایبەتی لە سەرەتای ئەو قەیرانەوە کە سووریا زیاتر لە ١٣ ساڵە ئەزموونی دەکات، دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان کێشەیەکی دیکەی نیگەرانکەرە کە کۆمەڵگە نیگەران دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە پەیماننامە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان هاوسەرگیری منداڵان وەک جۆرێک لە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دادەنێن.

 

دیاردەی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا لە شاری سوەیدای سووریا جێگای سەرنجە، بەتایبەتی دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری بەهۆی خراپی بارودۆخی ژیان، وەک یەکێک لەزیانبەرکەوتووانی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا، ئایە قەتینی خەڵکی گوندی ڕیما حەزم، ئاماژەی بەوەکرد، لە تەمەنێکی زوودا هاوسەرگیری کردووە کە تەمەنی لە ١٤ ساڵ زیاتر نەبووە و ساڵێک دوای هاوسەرگیرییەکەی یەکەم منداڵی بووە، بەهۆی هاوسەرگیریی لە تەمەنی زوودا ئازار دەچێژێت، بەهۆیەوە بێبەش بووە لە مافەکانی منداڵی، جیابوونەوە لە هاوژینەکەی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی منداڵەکەی، ئازارەکانی ئاڵۆزتر کرد لە شارێکدا کە خزمەتگوزاری بۆ نەخۆش و ژنانی جیابووەوە نییە.

 

جەختی لەوە کردەوە هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستی دەروونی و شێرپەنجەکەی هەبووە، ئازارەکانی زیاتر کردووە، چونکە لە تەمەنێکی زوودا بەرپرسیارێتی خێزانەکەی لە بەخێوکردن و پاککردنەوە و چێشت لێنان و ئەوانی دیکەی گرتووەتە ئەستۆو بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە نەیتوانیوە بەرگەی بگرێت.

 

ئایە قەتینی وتیشی: خەونم بە زۆر شتەوە بینیووە، بەڵام واقیع ڕێگری کرد لەوەی بەدەستی بهێنم، چونکە شەش مانگ دوای لەدایکبوونی منداڵەکە، تووشی شێرپەنجە بووم و نیشانەکانی دوای ماوەی لەدایکبوون بە ڕوونی دەرکەوتن، چیتر توانای بەخێوکردنی کوڕەکەم نەبوو، بۆیە ناچار بووم بینێرم بۆ لای خێزانەکەم، دوای ئەوەی نەخۆشییەکەم قورستر بوو جیاوازی زۆر لە نێوان خۆم و هاوژینەکەم ڕوویدا، جیابوومەوەو گەڕامەوە بۆلای خێزانەکەم.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا ئەنجامی نەزانینە، هەروەها بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە ئەوەیە کچان گرنگی بەو جۆرە هاوسەرگیرییە دەدەن.