نوێترین جۆری توندوتیژی دژی ژنان لە تونس توندوتیژی هاتوچۆیە

شێوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگەی تونسدا جۆراوجۆرن، دوایینیان توندوتیژی هاتووچۆیەو کاتێک ژنان شۆفێری دەکەن بە ترسناکترین شێوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- توندوتیژی دژ بە ژنان دیاردەیەکە کە لە کۆمەڵگەی تونسدا بڵاو بووەتەوە و تەنانەت لەسەر شەقامەکانیش ژنان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ڕانیا غوەیل، کۆمەڵناس پەرتوکێکی بە ناونیشانی "توندوتیژی و ناشرینی دژی ژنان لە بواری هاتوچۆدا" بۆ لێکۆڵینەوە لەم دیاردەیە و شێوە نوێیەکەی توندوتیژی نووسیوە.

 

پەرتوکی "توندوتیژی و ناشرینی دژی ژنان لە بواری هاتووچۆدا" ئەو بیرۆکەیەی پێشکەش کرد کە توندوتیژی دیارترین تایبەتمەندی پەیوەندییە ڕەگەزییەکانە کە بەهۆی زاڵبوونی پیاوانەوە ڕەوایەتی پێدراوە و پشت دەبەستێت بە سیستمی داب و نەریت کە بووە هۆی پەرەسەندنی بنەمای نایەکسانی و هەڕەمی و جیاکردنەوەی نێوان ژنان و پیاوان.

 

ڕانیا غوەیل جەختی لەوە کردەوە، توندوتیژی دژ بە ژنان لەسەر ڕێگاکان چەندین شێوەی هەیە کە  توندوتیژی زارەکی و ڕەوشتی و جەستەییە، پەرتووکەکە ڕاستی ئەم توندوتیژییەی ئاشکرا کردووە کە بەهۆی پەروەردە و کولتووری کۆمەڵایەتی شاراوەوەیە و ئەم لێکۆڵینەوە زانستییە نیشانی دەدات کە ٥٩.١%ی  ئەوانەی بەشدارییان تێدا کردووە هەندێک جار سووکایەتی بە شۆفێری ئۆتۆمبێل کراوە کاتێک بۆیان دەرکەوت کە شۆفێرەکە ژنە.

 

"ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا لەلایەن پیاوانەوە دەکرێنە ئامانج"

وتیشی: لەبەر ئەوەی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا لەلایەن پیاوانەوە دەکرێنە ئامانج کە کولتووری پیاوسالاریان هەیە، زاراوەکانی نەفرەتکردن کە کاریگەری لەسەر ژنان هەیە لە فەرهەنگێکی ناشرینەوە دێنە دەرەوە و ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی زارەکی و ناشرین دەبنەوە، بەڵام تیمی کار توانیویانە چەمکێکی ئەم توندوتیژییە دژ بە ژنان لە شەقامەکان یان لە شوێنی هاتوچۆدا پێناسە بکەن، ئەویش ئەوەیە کە شەقام ئاوێنەی کۆمەڵگەیە و ئاوێنەی هەموو بۆشاییەکانی کۆمەڵایەتییە، ئەمڕۆ کاتێک باسی توندوتیژی دەکەین لەناو شوێنی هاتوچۆ یان لەسەر شەقامەکان، دەرئەنجامی توندوتیژی دژی ژنانە لە هەموو شوێنەکانی تردا.

 

ڕانیا غوەیل ڕوونیکردەوە پیاو لە تونس بەوە ناسراوە کە خوێندەوار و شارەزایە، لە ڕاستیدا پشت بە قسەی ناشرین دەبەستێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکاندا، بەتایبەتی ئەگەر بەرامبەرەکەی ژن بێت، هۆکارەکان چەند جۆرێکن، یەکەم، هۆکاری کولتووری پەیوەندیدارن بە کۆمەڵایەتیکردنەوە کە لەسەر بنەمای جیاکارییە لە نێوان منداڵاندا و دووەم، کلتووری نێرینەی بەکۆمەڵ، کە دەردەکەوێت، بەتایبەتی لەو وتانەی کە بەهای ژنان لاواز دەکەن و وایان لێدەکات لە پلەیەکی نزمتردا بن و لە پیاوان کەمتر بن. سێیەم: پەرتووکەکان، ئەوەی لەناو قوتابخانەدا ڕوودەدات، کۆی ئەو زانیارییانەی پێشکەش بە قوتابیان دەکرێت، هەروەها جیاکاری کردن لەنێوانیاندا.

 

سەبارەت بە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە توندوتیژییە، وتی: کاتێک ژنان دەبینین ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، ئەم وێنەیە هێمایەکی گەورەی هەیە و ململانێیەکی نادیار لەسەر لێخوڕین کەم دەکاتەوە، نەک تەنها بابەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە، بەڵکو باکگراوندێکی سیمبۆلی دەروونی و کۆمەڵایەتیشی هەیە، چونکە پیاوان هەمیشە خۆیان بە سەرکردە دەزانن و دەسەڵاتی شۆفێرییان هەیە، لە کاتێکدا ژنان سەلماندوویانە کە لە پیاوان باشتر لێدەخوڕن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕانیا غوەیل بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە، داوای کرد،پێویستە باشتر کار بکرێت لەسەر بەرنامەکانی قوتابخانە و ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵدایە، بەتایبەتی لە بواری هۆشیاری بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی هاتوچۆ و پێویستی دانانی ژمارەی سەوز بۆ ڕاپۆرتکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی هاتووچۆ و جێبەجێکردنی یاساکان بەتایبەتی لە بوارەکانی پەیوەست بە کۆنترۆڵی یاسایی بۆ شۆفێریکردن.