ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئاستەنگییەکانی بەردەمیان دەشکێنن

جیلان خدر، بەرپرسی ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ دەڵێت: لە ناوچە دوورەکاندا ئە ئەقڵییەتە ماوە کە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە کەسێکی گۆشەگیر سەیر دەکەن و لە ماڵەوە دەیانهێڵنەوە".

هێلین ئەحمەد

 

سلیمانی- ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕۆژانە ڕوبەڕووی چەندین فشار و ئاستەنگی دەروونی لە کۆمەڵگەدا دەبنەوە، ئاستەنگیەکان بەردەوامن بۆ هاتنە دەرەوەی ژنان و بە تایبەت ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ کارکردن و بەشداری کردن لە چالاکی و ژیانی کۆمەڵایەتیدا.

 

جیلان خدر، بەرپرسی ژنانی ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ، باسی لە دۆخی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرد بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، کە لە ڕێکخراوەکاندا هەوڵدراوە کار بۆ ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئاسان بکرێت، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە تەنها خێرخوازانن کە هاوکاری دەکەن، وتیشی: هیچ داهاتێکی حکومی نیە بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت و لە ڕووی ئابووریەوە حکومەت هاوکاری ڕێکخراوان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناکات، کەسانی خێرخواز هاوکاری ڕێکخراوەکان دەکەن، لە ڕووی مەعنەوییەوە ئێمە وەک ڕێکخراوەکان چەندین خول و چالاکیان بۆ پێشنیار کردووین و بۆمان کردوونەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خولەکانیش پێویستیان بە داهاتە تا بتوانین بەردەوام بین و پەرەی پێبدەین.

 

"ئەقڵیەتی کۆمەڵگە تا ئێستا ڕیگرە لە بەردەم کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا"

هەروەها وتی: کردنەوەی ڕێکخراوەکان دوو لایەنی بۆ بەشداربووان هەیە، لایەنی یەکەمیان ئەو ژنانەی بەشداری خولەکانی فێربوون دەکەن دەتوانن خۆیان فێری چنین و دروومان بکەن و کار بکەن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان، هەموومان دەزانین بارودۆخی ئابووری زۆر لاوازە بە تایبەت مووچەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە ١٥٠ هەزار دینارە و مانگانەش مووچەکانیان پێ نادرێت، بۆیە دەتوانن لە ڕێگەی فێرکاریەکانەوە ببنە خاوەنی کاری خۆیان و داهاتێک بۆ خۆیان دابین بکەن، هەروەها لایەنی دووەمی لایەنی دەروونییە، کەسانی خاوەن پێداویستی ئەگەر کێشەیەکی دەروونی هەبێت لە خولەکاندا  تێکەڵ بە کەسانی دیکە دەبێت و هاوڕێی نوێ دەناسێت، داواکارم لە خێزانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێگری لە منداڵەکانیان نەکەن بۆ هاتنە دەرەوەیان لە ماڵەکانیاندا، تا تووشی بارودۆخی دەروونی خراپ نەبن.

 

جیلان خدر، ئاماژەی بەوەکرد، هەتا ئێستاش ئەقڵیەتێک لەناو خێزانەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت بوونی ماوە و ڕێگری لە منداڵەکانیان یاخود خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکەن بێنە دەرەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببن، هەبوونی ئەم جۆرە ئەقڵیەتە لە شارۆچکە و ناوچەکانی دەرەوەی شارەکاندا زیاتر بەرچاوە و بارەیەوە دەڵێت: لە شاری سلێمانی بە هۆکاری سەردانیکردنی خێزانەکان و هاوکاری کردنی کەسانی خاوەن ێداویستی تایبەت تا ڕادەیەک کۆمەڵگە و خێزانەکان چاو کراوەن بەرامبەر کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان، بەڵام لە شارۆچکە و ناوچەکانی دیکەدا بەرچاو ڕوونی نییە و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان دەگەڕێتەوە لە ناچەکەیاندا، هەروەها ئێمەش بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوورییەوە ناتوانین بە بەردەوامی سەردانیان بکەین و هۆشیاری بڵاو بکەینەوە.

 

"کەسانی خاوەن پێداویستی بارگرانی نین بەسەر خێزانەکانەوە بەڵکو دەتوانن پێداویستیەکانیان دابین بکەن"

جیلان خدر، ئاماژەی بەوەشدا، دەرچووانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت لە کاتی کارکردندا، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەشداری نەکردنیان لە کۆمەڵگەدا، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەلی لە ٪٥یان بۆ دەڕەخسێت تا لە دامەزراوە حکومیەکاندا دابمەزرێن، بەڵام لە کاتێکدا سەردانی دامەزراوە و کۆمپانیاکان دەکەن، هاوکاری ناکرێن و کاریان پێ نادرێت، کەسانی خاوەن پێداویستی گرفتیان بۆ وەرگرتنیان لە دامەزراوە و زانکۆکاندا بۆ دروست دەبێت، بۆ نمونە دوو خوێندکار یەک کۆنمرەیان لە پۆلی ١٢دا هەیە، بەڵام کۆلێژەکەیان دەڵێت تەنها یەک خوێندکار وەردەگیرێت و کەسە ئاساییەکە وەردەگیرێت،

 

لە کۆتایدا پەیامی خۆی بۆ خێزانەکان نارد و وتی: داواکارم لە خێزانەکان کاتێک منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان دەبێت، بە بارگرانیەک سەیرییان نەکەن، یاخود بە خەفەتەوە لێیان نەڕوانن، بە پێچەوانەوە ئێمە چەندین کەسی بە ئەزموونمان هەیە کار دەکەن و توانیویانە بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، بۆ نمونە دادە سەزە بەرگدروویەکە چەندین ساڵە ئەزموونی کارکردنی هەیە و وانە بە فێرخوازان دەڵێتەوە، هەروەها دادە ڕەحمە کە بینایی لەدەستداوە و دەستێکیشی نییە، بەڵام کاری چنین دەکات و بژێوی خۆیان دابین دەکەن، بۆیە خاوەن پێداویستی تایبەت قەت خۆی بە کەم نەزانێت و هەموو کات هاوکاری خێزانەکانیان بکەن، نەک خێزانەکان هاوکاریان بن.