پشتگوێخستن و جیاکاری ئازارەکانی ژنانی غەززە زیاتر دەکات

بەهۆی پێشێلکاریی و جیاکاری و پشتگوێ خستنی داواکارییەکانی یارمەتی، بارودۆخی ژنان لە پەناگەکان و کامپەکانی ئاوارەکان لە کەرتی غەززە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت.

نەغم کەراجە

 

غەززە- لەژێر باری جەنگی زیاتر لە ٦ مانگی کەرتی غەززەدا، ژنان لە پەناگەکاندا بەهۆی دەسەڵاتی زاڵبوونی پیاوان کە مافەکانیان ڕەت دەکەنەوەو داواکارییە سەرەکییەکانیان پشتگوێ دەخەن، دوو هێندە ئازار دەچێژن، نادادپەروەری و جیاکاری لە زۆرێک لە پەناگە و کامپەکانی ئاوارەکاندا سەریهەڵدا کە پڕن لەو ژنان و منداڵانەی لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە.

 

زکرەیات مەعسوابی، یەکێک لە ژنانی ئاوارە لە پەناگەکان پشتڕاستکردەوە کە ژنان دەناڵێنن بەدەست نەخۆشی زاڵبوونی پیاوان و پشتگوێخستنی بەردەوام بەهۆی ئەو جەنگەی کە کەرتی غەززەی گرتەوە، ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای هەوڵە نائومێدەکانیان بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەکی پارێزراو، خۆیان لە بازنەیەکی نادادپەروەریدا دەبیننەوە، کە تێیدا مافە ڕەواکانیان پشتگوێ دەخرێت.

 

ڕوونیکردەوە، زۆربەی ئەو ژنانەی لە پەناگەکاندان ڕووبەڕووی جیاکاری و نادادپەروەری دەبنەوە، پێداویستییەکانیان پشتگوێ دەخرێن و زۆرجار بڕی پێویست لە خۆراک و کەلوپەلی بنەڕەتی دابین ناکرێت، ناچاریان دەکات لە بارودۆخێکی سەختدا بژین، هەروەها چاودێری تەندروستی نییە.

 

"هەموو ژنان پێویستی بەپەلەیان بۆ پشتیوانی هەیە"

زکریات مەعسوابی تیشکی خستەسەر بارودۆخی ئەو ژنانەی هاوژینەکانیان گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە، وتی: بە تەنها باری ژیانیان هەڵگرتووە، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار پشتگوێیان دەخەن و بەجێیان دەهێڵن بۆ ئەوەی بە تەنها ڕووبەڕووی بارودۆخە تراژیدییەکە ببنەوە بەبێ ئەوەی هیچ یارمەتییەکیان پێشکەش بکەن، هەموو ژنان بەپەلە پێویستیان بە پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دەروونی هەیە و پشتگیرییان دەکەن، بەڵام ڕووبەڕووی پشتگوێخستن و مامەڵەی نادادپەروەرانە دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بارودۆخە بۆشاییەکی ئازار و نائومێدی بۆ ژنان دروست دەکات، چونکە هەست بە پشتگوێخراوی دەکەن وەک ئەوەی شایەنی ئەوە نەبن بە شکۆمەندییەوە بژین، بۆیە پێویستە بە جددی و کاریگەرتر کاربکەن بۆ کۆتایی هێنان بەو پێشێلکارییانە و دابینکردنی پاراستن و پشتیوانی پێویست بۆیان و بە مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

 

"لەبەئەوەی ژنم ڕووبەڕووی نادادپەروەری و لیدان بوومەتەوە"

وتیشی: ڕووبەڕووی چەندین ڕێگای سیستماتیکی بووەمەوە وەک سوکایەتیکردن و نادادپەروەری و لێدانم تەنها لەبەر ئەوەی ژنم، من ئاوارەم و پشتیوانی سێ منداڵی بێباوک بەخێودەکەم هیچ سەرچاوەیەکی داهاتم نییە، ئەمەش هۆکارێکی تەواوە بۆ ئەوەی من و ژنانی دیکە لە سەرەوەی لیستی ئەولەویەتەکانی چاودێری و دەستگەیشتن بە یارمەتییەکان بین، جگە لە بۆردومانە هەڕ$ەمەکییە بەردەوامەکان، هەموو شێوەکانی توندوتیژی و ئاژاوەم بینی لە ماوەی ٦ مانگدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا زکریات مەعسوابی وتی: لەژێر ئەم بارودۆخە سەختەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان پێویستیان بە هەنگاوی دەستبەجێ هەیە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و دابینکردنی پشتیوانی پێویست بۆیان و دەبێت حکومەتە پەیوەندیدارەکان سیاسەت و بەرنامە بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و جیاکارینەکراو.