بە توانا و بوێرییەکەی، توانی خۆی لە کۆمەڵگەدا بسەلمێنێت

لەناو سیستمی خۆبەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا، ژنان توانیویانە زۆرێک لە مافەکانیان بەدەست بهێنن و بوونەتە مۆدێلێکی ئیرادەو ئازادی ژنان.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزوور- ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دەستپێکی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ەوە سەرەڕای بیری پیاوان و نەریتە کۆنەکان دێرەزوور هەوڵیان داوە بۆ سەلماندنی ڕۆڵ و توانا و بەرپرسیارێتی خۆیان، بەتایبەتی لە شارۆچکەی هەجین.

 

عایدە جولان، یەکێکە لەو ژنانەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تواناکانی خۆی دەربڕیوە و سەلماندی کە ژنان بەشێکی تەواون لە سەرکەوتنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کە هەمیشە داوای یەکسانی و دادپەروەری کردووە، باخچەیەکی تایبەت بە خۆی لە گوندی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردەوە، بەم شێوەیە بووە ئیلهامبەخش و هاندانی ژنانی دیکە بۆ کردنەوەی پڕۆژەی خۆیان و بەهێزکردنی خۆیان لە ڕووی ئابوورییەوە.

 

عایدە جولان وتی: بوون بە ژنی ماڵەوە مانای ئەوە نییە کە تۆ واز لە ئارەزوو بهێنیت بەڵکو دەبێت هەوڵبدەیت بۆ سەرکەوتن، من کارەکانی ماڵەوەم ئەنجام دەدا و لەو ماوەیەدا بیرۆکەی ئەوەم هەبوو کە کارەکانم فراوانتر بکەم تەنانەت ئەگەر لە بواری چێشتلێنان و بوارەکانی دیکەشدا بێت، ئارەزووەکانم لە دیوارەکانی ماڵەکەم زیاتر بوون.

 

"ژنان پێش سۆڕش ڕووبەڕووی جیاکاری و پەراوێزخستن بوونەوە"

وتیشی: وەک چالاکوانێک، لەگەڵ خەڵک کۆدەبوومەوە و گوێم لە کێشەکانیان دەگرت، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە کە پێش جێبەجێکردنی سیستمی خۆبەڕێوەبردن، ژنان ڕووبەڕووی جیاکاری و پەراوێزخستن بوونەتەوە، چونکە نەیانتوانیوە لە هیچ بوارێکی کاردا بەشداری بکەن جگە لەوەی کە مامۆستا یان ژنی ماڵەوە بن، بەڵام دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووز ڕزگارکردنی شارۆچکەی هەجین لە ژێر کۆنترۆڵی بەکرێگیراوانی داعش، چوومە ناو کۆمەڵەکان و دواتر وەک هاوسەرۆکایەتی لە ئەنجومەنی گەل خزمەتم کرد، دواتر کارم کرد بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەو ژنانەی بڕوانامەی زانستییان نییە یان ئەوانەی بە داب و نەریت کۆت و زنجیر دەکرێن، کارەکەم لە بواری ژنان یەکێکە لە باشترین قۆناغەکانی پیشەکەم، هەوڵم داوە یارمەتی ژنان بدەم تەنانەت لە کاروباری ئاسایش و دادوەریشدا.

 

یەکێک لەو پڕۆژانەی کە لەلایەن عایدە جولانەوە بۆ یارمەتیدانی ژنان کراوەتەوە باخچەیەکە، لەو بارەیەوە وتی: لەسەر بنەمای گرنگیدانم بە تیشک خستنە سەر جوانی شاری هەجین، پارکی عەوافیم کردەوە و ژمارەیەک ژنم ڕاکێشا بۆ کارکردن، هەروەها قاوەخانەیەکم بۆ گەنجان کردەوە کە بەشێکی بۆ خێزانەکان هەبوو، باخچەکەش دیارترین پڕۆژە بوو لە بواری ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە ناوچەکەدا هەبوو، لە ئێستادا لە پرۆسەی کردنەوەی فرۆشگەیەکی شیرینی و شۆکۆلاتەدام کە لەلایەن ژنانەوە دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی هانیان بدەم کە بتوانن بڕیاری خۆیان بدەن و بتوانن پرۆژەکانی خۆیان بکەنەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا عایدە جولان پەیامێکی بۆ هەموو ژنان ناردو داوایکرد، چالاک بن تەنانەت ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیشدا بێت، وتی: ئەگەر ژنێک توانا و بوێری هەبێت، دەتوانێت پێگە و خۆی بەسەر کۆمەڵگەکەیدا بسەپێنێت، ئەمەش لە خۆیدا بە سەرکەوتنێک بۆ ئەو دادەنرێت.