سەلامەتی شوێنی کار؛ ژنان بێ پاراستن دەمێننەوە

سەلامەتی لە شوێنی کاردا یەکێکە لە سەرەتاییترین مافەکانی تاک لە کۆمەڵگەدا و یاسا لێی بەرپرسە، بەڵام بەهۆی زۆری شوێنکارەکان و قۆرخکارییەکانی سیستمی سەرمایەدارییەوە، تا ئێستا بە پێی پێویست ئەم بڕگەیە کۆنترۆڵ نەکراوە و دەسەڵاتیش خۆی ئەم یاسایانە پێشێل دەکات.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- ٢٨ی نیسان بە ڕۆژی جیهانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا دیاریکراوە، کە یەکێکە لە سەرەتاییترین مافەکانی تاک لە کۆمەڵگەدا و یاسا لێی بەرپرسە، بەڵام جیبەجێکردنی ئەم یاسایە هەمیشە لە شوێنکارە سەرمایەداریەکاندا پێشێل کراوە و وەلانراوە، چونکە سەرمایەداری قۆرخکار و چاوچنۆک بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی زیاتر، بە تێچووی کەمتر ژیانی کرێکاران دەخاتە مەترسییەوە.

 

ئەم سەلامەتییە لە شوێنی کاردا بۆ ژنان دوو هێندە دەبێت، ژنان هەم بەهۆی قۆرخکاری سەرمایەی زیاتر و هەم بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی پێشێلکاری و دەستدرێژی و هەراسانکردن دەبنەوە، کە سەلامەتییان لە شوێنی کاردا، لە ڕووی تەکنیکی کار و لە ڕووی دەروونییەوە دەخاتە مەترسییەوە.

 

ئاڵا کەمال، چالاکوان و داکۆکیکار لە مافی کرێکاران، لە بارەیەوە دەڵێت: سەلامەتی شوێنی کار بۆ کرێکاران ئەرکە لەسەر خاوەنکار و بە یاسا لەلایەن حکومەتەوە ڕێکخراوە و پێویستە خاوەنکارەکانیش جێبەجێی بکەن، پاراستنی کرێکار لایەنی تەندروستی (جەستەیی) و دەروونی و پیشەیی دەگرێتەوە بۆ کرێکاران، شوێنی مانەوە و پشوودان دەبێت مەرجەکانی پارێزراویان تێدا بێت، کۆمەڵێک هەلومەرجی تریش هەیە دەبێت چاودێری بکرێن، پێویستە سەرپەرشتیاری کرێکارەکان پشکنینی ڕۆژانە یان هەفتانەی هەبێت بۆ دڵنیابوونەوە، پاشان دەبێت کرێکار بە پێی پیشەکەی خۆی ڕاهێنانی پێ بکرێت، بۆ ئەوەی بە پارێزراوی کارەکەی ئەنجام بدات.

 

ئاڵا کەمال، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بە پێی یاساکە لیژنەیەک دیاری کراوە نوێنەرانی پێنج لایەنی تایبەتی تێدایە، لیژنەکە پابەندن بە گەڕان لە شوێنکارەکاندا بۆ بەدواداچوون و دڵنیایی کە ئایا یاساکان جێبەجێ دەکرێت یاخود نا، لە کاتی نەبوونی مەرجەکاندا، ئەم لیژنەیە ڕاپۆرت بەرز دەکاتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و گەر دوای ئاگادارکردنەوەکان مەرجەکە دەستەبەر نەکرا، ئەوا دەدرێتە دادگا، بەڵام بەهۆی زۆری شوێنکارەکانەوە تا ئێستا بە پێی پێویست کۆنترۆڵ نەکراون و دەسەڵاتیش خۆی ئەم یاسایانە پێشێل دەکات و هەوڵی تەواوەتی بۆ نادات.

 

"لە قەیرانی ئابووریدا، ژنان زیاتر لە جارێک دەبنە بەرکەوتە"

ئاڵا کەمال، ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە، ژنان چەندین جار باج دەدەن بە بەراورد بە پیاوان، خاوەنکارەکان هەلی پەسەند کردنی پیاوانیان کەم کردووەتەوە لە زۆربەی کارەکاندا و بارە خراپەکەی گوزەرانیش ژنان پاڵ دەنێت بە هەر نرخێک بێت کارێکیان دەست بکەوێت بۆ بەڕێوەچونی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان، وتیشی: ژنان لە شوێن کارەکەشیاندا لە هیچ ڕوویەکەوە پارێزراو نین و بەردەوام ململانێیەک لە نێوان ژنێک و ژنێکی تردا دروست دەکرێت کە نەتوانن پێکەوە هاوپشت و هاودەنگ بن، جگە لەوەی لەگەڵ پیاوانیشدا جیاوازی دەکرێن لە مووچە و دەستکەوت و پلە بەرزکردنەوەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدام لە هەندێک لە شوێنکارەکان، خاوەن کار چاو دەبڕێتە سەر ژنە کرێکارەکە، لێرەدا ژنە کرێکارەکە لە خۆ بەدەستەوەداندا زەرەرمەندە و لە بەرەنگاریشدا هەر زەرەرمەندە، کەواتە کارەکەی پارێزراو نیە، یاسا پاراستنێکی یاسایی بۆ دانەناوە و خاوەنکار سەرپشک دەکات، خاوەنکاریش دادپەروەر نابێت لەگەڵ ژنی کرێکاردا.

 

"دەبێت پێش دەستەبەرکردنی ئازادی کارکردنی ژنان، شوێنکارەکانیان پارێزراو بێت"

ئەو داکۆکیکارە وتیشی: بە تەنها هێنانە دەرەوەی ژنان بۆ کارکردن بەس نیە، بەڵکو پێش خاوەندارێتی کردنی ژنان بۆ مافی کارکردنی خۆیان، پێویست دەکات جەخت لەسەر بوونی یاسایەک بکرێتەوە کە مافی ژنان بپارێزێت لە دەرەوە، دەسەڵاتی بەڕێوەبردن کۆمەڵگەی بەرەو دواوە بردووە و هۆشداری لێ وەرگرتوونەتەوە، کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا لە هەرەسدایە بۆ چاککردنەوەی ئەمەش، دەبێت لە سەرەوەی هەرێمەکەوە چاکسازی بکەین، بۆ ئەوەی بە یاسا داکۆکی لە مافی ژنان بکرێت لە شوێنکاردا.

 

لە کۆتاییشدا وتی: یەکی ئایار جەژن نیە و لە ساڵی ١٨٥٧دا کە بڵێسەی شۆرشی کرێکاران دەستی پێکرد، لەسەر کۆمەڵێک ستەم و زۆرداری بوو بەرامبەر کرێکارەکان لە شوێنکارەکان، لە سەردەمی ئێستادا ئەو چەوساندنەوەیە سەد قاتی ئەو کاتەیە، کەواتە کرێکاران ئێستا شۆڕشێکیان دەوێت، وە لایەنەکان تەنها لە یەکی ئایاردا کرێکاریان بیرە، لە کاتێکدا کرێکارەکان لەو ڕۆژەشدا زەحمەتی دەکێشن، بۆیە بچوکترین بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو چینە ئەوەیە، کە لەو ڕۆژەدا پشوو بن و تێچووی ڕۆژەکەشیان بۆ دابین بکرێت.