کوردستان خاکی بە پیت و دەرمانخانەی سروشتییە

ژنان ڕۆڵی بەرچاویان لە کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان هەیە و هەڵگرتنی لە ساردکەرەوەکاندا، ئەمیرە فەتاح کە ساڵانە بەروبوومە بەهارییەکان کۆدەکاتەوە، دەڵێت: دەشت و شاخ و سەرچاوەی ئاوییەکانمان گیای بە سوود بەرهەم دەهێنن

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- بە هاتنی وەرزی بەهار هاوڵاتیان پۆل پۆل ڕوو لە دەشت و کێو دەکەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژ و گیا سروشتییەکان و ئامادە کردنیان بۆ خواردن، لەبەر ئەوەی تەنها یەک وەرز بەرهەمە بەهاریەکان هەیە، بۆیە هەوڵ دەدەن زۆرترین بەرهەم بهێننەوە و لە ساردکەرەوەکاندا بۆ وەرزی زستای هەڵی بگرن.

ژنان ڕۆڵی بەرچاویان لە کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان هەیە و هەڵگرتنی لە ساردکەرەوەکاندا لە داهێنانی خۆیانە، ئەمیرە فەتاح، ژنێکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و ماوەی ٢٩ ساڵە بە بەردەوامی لە وەرزی بەهاردا ڕوو لە دەشت و کێو دەکات بۆ هێنانەوەی بەروبوومی بەهاری.

 

"دەشت و شاخ و سەرچاوەی ئاوییەکانمان گیای بە سوود بەرهەم دەهێنن"

ئەمیرە فەتاح پۆلێن بەندی بۆ بەروبوومە گیایەکان کردووە و باسی لەوەکرد، کە لەناو ئاودا پونگە و کوزەڵە سەوز دەبێت، بەروبوومێکی سوودبەخشن و سوودی هەیە بۆ گورچیلە و میز و میزەرۆ، جگە لەوەی سوودی تەندروستی بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، وەک سەرچاوەیەکی ماددیش دەفرۆشرێت.

هەروەها وتیشی: بەروبوومی شاخ وەکو گەوڵە و روسکە هەن،کە بۆ شەکرە و فشار-زەخت دەبێت و سوودێکی ئیجگار زۆری هەیە و هاوڵاتیانیش زۆر حەزی پێدەکەن، بەروبوومە دەشتەکییەکانیش وەکو کەنگر، کە لە شاخ و دەشتیش سەوز دەبێت و لە وەرزی بەهاردا دەتوانرێت کۆبکرێتەوە و لە ساردکەرەوەکاندا هەڵدەگیرێت بۆ وەرزەکانی تر.

 

"خاکی کوردستان خاکێکی بە پیتە و پێویستە بیپارێزین"

ئەمیرە فەتاح کە ساڵانێکی دوور و درێژە لە دەشتی شارەزوور و شاخەکانی هەورامان گژ و گیای سروشتی کۆدەکاتەوە، وتی: کوردستان خاکێکی بە پیتی هەیە، ئەگەر باخ هەبێت، پێویست ناکات بچین و بە ماددەی کیمیایی تێکی بدەین، دەتوانرێت لە کشتوکاڵدا پەینی ئاژەڵی بەکاربهێنرێت و خاکەکە بپارێزرێت و سوودی زۆری دەبێت.