"کاریگەری سیاسەت لەسەر میدیاکان بنچینەی کاری میدیای بیر بردوونەتەوە"

هەرچەندە بەرەوپێشچوون هەبێت لە میدیاکاندا، بەڵام تا ئێستا بەشێک لە میدیاکان ئاگاداری ئیتیکی کاری ڕۆژنامەنووسی نین و بە دروستکردنی چینایەتی لە شکۆی خەڵکی دەدەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی-  تا دێت دۆخی میدیا لە باشووری کوردستان خراپ دەبێت، میدیا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لە ئێستادا چینایەتی لەناو کۆمەڵگە و تاکەکانی دروست دەکات، هەندێک لە میدیاکان شوێن ئەو سیاسەتە کەتوون کە حزبەکەیان هەیەتی، هەندێکی دیکەیان بێ ئاگان و هۆشیاریان نییە دەربارەی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەنووسی، بەشێک لەو ڕاگەیاندنانە تەنها بۆ لێدان لە دەسەڵات هەندێک کات شکۆی کەسەکە کەم دەکەنەوە، یاخود بە شێوازێکی بەزەییانە باس لە خاوەن پێداویستی تایبەت و هەژاران دەکەن، چینی دەوڵەمەند بەرز دەنرخێنن، ئەمانەش دوور لە ئیتیکی کاری ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دەدەن.

 

"ئەرکی میدیا نیشاندانی چینایەتی نییە، بەڵکو بنبڕکردنیەتی"

جوان جەلالەدین، مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد میدیا کاری زەقکردنەوەی چینایەتی نییە، بەڵکو بەرپرسیارە لەوەی هەموو چینەکانی کۆمەڵگە وەک یەک لێبکات، ئەگەر چینایەتیەکیش بوونی هەبێت، دەبێت میدیا کارەکانی بە شێوەیەک بێت کەسەکان لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە وەک یەک لێبکات و بنبڕی بکات، هۆشیاری بڵاوبکاتەوە تا چینایەتی نەمێنێت ئیتر هەر چینێک بێت دەوڵەمەند، هەژار، نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت.

 

ئەو مامۆستایە ڕوونیکردەوە گرنگیدان بە چینێک و یادکردنەوەیان، یاخود باسکردنی ڕۆژە تایبەتەکانیان جیاوازە لە دروستکردنی چینایەتی، چینی خاوەن پێداویستی بە نمونە هێنایەوە و وتی: ڕاستە ڕۆژی تایبەت بە خۆیان هەیە و میدیاکان ڕاپۆرت و هەواڵیان لەسەر ئامادە دەکەن، بەڵام پێویستە بە شێوەیەک بێت تواناکانیان دەربخات، نەک بە شێوازێکی بەزەییانە بێت، دەبێت یەکسانی لە کارەکەدا بەدی بکرێت و بینەر هەست بە جیاوازیان نەکات لەگەڵ مرۆڤێکی ئاسایی.

 

"سیاسەت و ئامانجی کەناڵەکان ڕۆڵی هەیە لە نیشاندانی بارودۆخی تاک"

مامۆستا جوان دەربارەی هۆکاری دروستبوونی چینایەتی و ئەو بابەتانەی دەکرێت ببنە چینایەتی ڕوونیکردەوە، کارکردنی میدیاکان لەگەڵ منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و دەرخستنی وەک منداڵێکی جیاواز لە منداڵێکی ئاسایی ئەمە دروستکردنی چینایەتییە، چونکە هەندێک کات میدیاکان بێ توانایی ئەو تاکە نیشان دەدەن، باس لەو توانایانە ناکەن کە ئەو منداڵە هەیەتی، یاخود نیشاندانی چینی هەژار و دەرخستنیان بە شێوەیەکی بەزەییانە، چونکە ئەو مامەڵەیە ئەوپەڕی شکاندنەوەی تاکە، بە پێچەوانەوە دەتوانرێت بە شێوەیەک کار بکرێت، ئیرادە و شکۆمەندی هەژارەکە نیشان بدرێت، چونکە ئەوان توانای بەرگەگرتنیان هەیە، ئەو مامەڵەیە هەندێک کات منداڵانی هەژار کە دەیانخەنە سەر شاشەکان لە کۆمەڵگە دادەبڕێن.

 

جوان جەلالەدین ڕوونیکردەوە، سیاسەت و ئامانجی کەناڵەکان ڕۆڵی هەیە لە نیشاندانی تاکەکان بەو شێوەیە، وتی: لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە ئامانجیەتی خراپی دۆخی خەڵکی نیشان بدات کە هاوڵاتیان زۆر هەژارن، بە گریانیان دەهێنن و لاوازییەکەیان نیشیان دەدەن لە کاتێکدا ئەم مامەڵەیە هیچ ڕێگەپێدراو نییە، دەبێت کێشەکانیان بخرێتە ڕوو بەڵام فرمێسک لە چاویان نەڕێژرێت.

 

"لێپرسینەوە نییە بۆیە ڕاگەیاندنەکان بەدەر لە ئیتیکی کاری ڕاگەیاندن کار دەکەن"

مامۆستا جوان باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان لێپرسینەوەی گشتی نییە و چاودێری نییە بەسەر کەناڵەکانەوە و هەریەک لە ئاوازێک دەخوێنێت، چۆن و چ مەبەستێکی هەبێت بەو شێوەیە کار بکات، ئەمانە وایکردووە بیر لە بنەما سەرەکییەکانی لێپرسراوێتی کاری ڕاگەیاندن نەکەنەوە، "ڕاگەیاندنی کوردی هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات و تەنها ئامانجی لای کۆکردنەوەی بینەرە بۆ ئەم مەبەستەش هەست و سۆز دەجوڵێنێت".

 

"بەشێک لە میدیاکان بۆ لێدان لە دەسەڵات دەکەونە شکاندنی شکۆی تاک"

دەربارەی جیاکردنەوەی توانای کەسی بەرامبەر و بێ دەسەڵاتی هەمان کەس، مامۆستا جوان ڕوونیکردەوە، کێشەکانی دەربخە، بەڵام ڕێگەچارەشی بۆ دەسەڵاتداران نیشان بدە کە ئەمانیش دەتوانن بەو ئامانجە بگەنە کە خۆیان دەیانەوێت، تەنها پێویستیان بە هەندێک پاڵپشتی هەیە، دەڵێت: هەندێک لە میدیاکان پێیان وایە بە دەرخستنی دۆخی خراپی خەڵکی و چینێکی دیاریکراو لە دەسەڵات دەدەن، بەڵام نازانن شکۆی تاک دەشکێت، نابێت هەمیشە ئامانجیان لێدان بێت لە دەسەڵات، بەڵکو دەبێت بیر لە بارودۆخی کەسەکە بکەنەوە.

 

دەربارەی ڕۆڵی کامێرا لەو بابەتەدا مامۆستا جوان ئاماژەی بەوەکرد، کامێرا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە هەموو چالاکی و ڕاپۆرت و هەواڵێکدا، چونکە کامێرایە دەرخەری پەیامەکەیە، کامێراوان دەتوانێت بە پێی دیمەنەکان پەیامەکە بگەیەنێت، کاتێک کەسێکی ئاسایی یاخود خاوەن پێداویستیەکی تایبەت دەچێتە لای بەرپرسێک بە شێوازێک دەردەخرێت کە ئەو کەسە لاوازە، هەمیشە دیمەنی بەرپرسان بە شێوازێکی بەهێز نیشان دەدرێت، بەڵام دیمەنەکان بۆ کەسانی دیکە بەو شێوەیە نییە.

 

لە کۆتایدا بە ئەرکی میدیا دەزانێت لێپرسراوانە کار بکات، بابەتی سیاسی و ئامانجی سیاسی جیابکاتەوە لە کاری خۆی، بنچینەی کاری خۆی چاودێریکردنە و گرنگیدانە بە بینەر، خستنەڕووی کێشەکانە بە شێوازێک بچوککردنەوەی تیادا نەبێت، بەڵکو ڕێگەچارەسەری تیادا بێت، هەوڵی لە شکۆدانی تاک نەدەن، بەڵکو ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن کە گەیاندنی زانیارییە.