عەفیفە کەلۆ: گەمارۆ زیانێکی گەورە بە ناوچە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنێت

عەفیفە کەلۆ، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵی عەفرین- شەهبا، باسی لە کاریگەرییەکانی گەمارۆی سەر شەهبا و زەوییە کشتوکاڵییەکان کرد و وتی: گەمارۆی سەر هەرێم زیانێکی زۆر بە کشتوکاڵ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەرێم لەم بوارەدا.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- ماوەی زیاتر لە سێ مانگە حکومەتی سوریا گەمارۆی خستووەتە سەر کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وەک زانراوە، هەزاران ئاوارەی عەفرین و هاوڵاتیانی ناوچەکە لە شەهبا دەژین، کانتۆنی شەهبا زۆر دەوڵەمەندە بە کشتوکاڵ و ناسراوە بە زەوییە بەرهەمدارەکانی، زۆربەی گوندنشینانی ئەم هەرێمە بە کشتوکاڵ بژێوی خۆیان دابین دەکەن، بە تایبەتی بەناوبانگە بۆ چاندنی پەتاتە، پیاز، سیر، نیسک، گەنم و جۆ، لەگەڵ ئەوەشدا بە سەپاندنی گەمارۆکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر هەرێم بەرهەمی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و جوتیاران ناتوانن پێداویستی کشتوکاڵی وەک کڕینی سوتەمەنی و پەین دابین بکەن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازبوونی ناوچە کشتوکاڵییەکان.

 

عەفیفە کەلۆ، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵی عەفرین- شەهبا، لەبارەی گەمارۆی سەر کانتۆنی شەهباو کاریگەری لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی وتی: بواری کشتوکاڵ لە ژیاندا زۆر گرنگە، کشتوکاڵ سەرچاوەی سەرەکی بژێوی کۆمەڵگەیە، گەمارۆکانی سەر هەرێم کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر ئابوری هەرێمەکە هەیە، یەکێکیش لەوانە بواری کشتوکاڵییە کە ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەپێدانی پیشەسازی و بازرگانی دەبینێت، هەروەها کشتوکاڵی هەرێم لاواز دەکات، پێکهاتەی سەرەکی کشتوکاڵ سوتەمەنی و پەینە، بەڵام بەهۆی گەمارۆی ئێستاوە ئاستەنگی زۆر دەبینین بۆ دابینکردنی ئەو ماددانە بۆ جووتیاران، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کارەکە لاواز بێت و گەشە نەکات، لەم کاتەدا نرخی سوتەمەنی زۆر زیادی کردووە کە دەتوانێت ڕێگربێت لە جوتیاران، ڕێژەی بەرمیلی گاز گەیشتە یەک ملیۆن و نیو، بەوەش نرخی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لەزیادبووندایە و بژێوی ژیانیان لاوازە.

 

"بەهۆی گەمارۆکەوە زیاتر ئەو بەرهەمان باشترن کە ئاوی کەمیان دەوێت"

عەفیفە کەلۆ لە قسەکانیدا باسی لە زەوی کشتوکاڵی ناوچەکە و ئەو نەهامەتییانەی کە بەهۆی گەمارۆکەوە ڕووبەڕوویان بوونەوە، کرد و وتی: شەهبا بە زەوی کشتوکاڵی و بیرە ئاوییەکان بەناوبانگە، زەوی ئەم هەرێمە بۆ کشتوکاڵ گونجاوە، بەهۆی دابەزین و نرخی گازەوە ئێمە و جووتیارانیش دەگەڕێینەوە بۆ ئەو زەوییەی کە پێویست ناکات ئاو بدرێن، وەک گەنم و جۆ و نیسک، چونکە لە بواری چاندنی بەرهەمی ئاودا لاواز دەبین، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژەی سەوزەوات لە بازاڕدا بفرۆشرێت، زەوییەکان پێویستیان بە باران هەیە ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە و ژینگەیەکی زیندوو دروست دەکات، بەهۆی گەمارۆی سەر هەرێمەوە ڕێژەی جوتیارانیش لەکەمبوونەوەدایە و ئەوەش بووەتە هۆی لاوازبوونی ناوچە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمدا.

 

"ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت، ئەوا کارەساتێکی گەورە دەهێنێت"

عەفیفە کەلۆ ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر گەمارۆکە لەسەر هەرێمەکە بەردەوام بێت، ئەوا کارەساتی مرۆیی دروستدەکات و لە کۆتای قسەکانیدا وتی: ئەگەر حکومەتی سوریا بەردەوام بێت لە گەمارۆکانی بۆ سەر هەرێم، ئەوا کارەساتی مرۆیی دەهێنێت و زیانێکی زۆری کشتوکاڵی و ئابوری و بازرگانی بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت، بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ڕێژەی کشتوکاڵی ئەمساڵ کەمیکردووە، ئەمساڵ تەنیا ١٥ هێکتار پەتاتە بە مەترسییەکی زۆرەوە چێندران، ئەگەر پێداویستیەکانی نەگەیەنرێن، زیانێکی گەورە دەکەین، هاوکات پڕۆژەکانی ئاومان ئەمساڵ بەهۆی گەمارۆکانەوە زۆر کەم بوون.