"پەروەردەی تەندروستی خێزانی هۆکاری خۆبونیادنانی گەنجانە"

سیستمی پەروەردە و پەروەەردەی خێزانێکی تەندروست ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە بەرەوپێشبردنی تواناکانی گەنجان و خۆ بونیادنانیان، ڕێنمایکارێکی پەروەردەییش دەڵێت: دەبێت باوەڕ و هۆشیاری لە خێزانەکاندا بڵاو بکەینەوە تا پەرە بسەنێت بۆ نەوەکانی داهاتووش.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە جیهاندا بۆ پێشکەوتنی وڵاتێک پشت بە توانای گەنجان دەبەستێت، گەنج بە دەربڕینی بیروڕاکانی دەتوانێت خۆی و کۆمەڵگە بنیاد بنێت، هەر کۆمەڵگەیەک توانای گەنجی تیادا کارا بوو، ئەو کۆمەڵگەیە بەرەوپێش و دیموکراسی و پێشکەوتن هەنگاو دەنێت.

 

سازان ئەبوبەکر، ڕێنمایکاری پەروەردەیی ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری پەروەردەی منداڵان، باس لەوە دەکات گەنجان گەنجینەی کۆمەڵگەن و گۆڕانکاری دروست دەکەن لە کۆمەڵگەدا، پەروەردە بریتیە لە بونیادنانی کەسێتی تەندروست لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، پەروەردەکردنی گەنجان بەپێی پێوەری سەردەم دەبێت، بە پێوەری پەروەردەی زانین و باوەڕکردن بە ئەقڵیەتی گەنجان، پێویستە کۆمەڵگە بیر لەو شتە بکاتەوە کە گەنج بیری لێدەکاتەوە، هەروەها دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بێت بەرامبەر بە گەنجان و ڕێگری نەکردن لە کار و چالاکیەکانی ژیانیان، خێزانیش ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە بۆ پەرەپێدانی گەنجان لە کۆمەڵگەدا، دەشڵێت: قۆناغی گەنجان لە ١٥ بۆ ٢٨ ساڵی دەستپێدەکات، پێویستە خێزانەکان هۆشیاری تەواویان هەبێت لە پەروەردەکردنی منداڵدا، لە قۆناغەکانی دایەنگەوە تا زانکۆ و دوای زانکۆش.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕێنمایکارە پەروەردەییە باسی لە ئاڵۆزی ژیان و کاریگەریەکانی کرد لەسەر گەنجان، کە دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی و دروستکردنی بازنەیەک بە دەوری خۆیدا، وتیشی: گەنجان ژیانیان لە دوو بازنە پێکدێت، یەکەمیان، هەر شتێک ڕوو بدات دەیخەینە تۆمەت بۆ کەسانی چواردەوریان وەک خێزان، سیاسەت، کۆمەڵگە، نەبوونی کار، وە خۆ تاوانبارکردن لە نەبوونی ئەنجامە ئەرێنیەکانی ژیان، نەبوونی متمانە بە خۆیان هۆکارێکی دیکەیە گەنجان متمانەیان بە توانا و جوانی خۆیان نییە، یەکەم کار کە گەنجان دەبێت بیکەن باوەڕ بەخۆبوون و خود خۆشەویستییە، دووەمیان، دیاریکردنی یەکێک لە بازنەکانی ژیانی بە تایبەت ئەو بازنەیەی کە خۆی سەنتەرە تیایدا، گەنجان دەتوانن وەک گوڵێک ئاوی خۆیان بدەن لە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێب و سەردانی کردنی سیمینارەوە، بۆیە پێویستە گەنجان ئامانج و پلانیان لە ژیانیانی ڕاستیاندا هەبێت و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بدەن.

 

"نەبوونی هەلی کار بەربەستی بەردەم پێشکەوتنی گەنجانە"

سازان ئەبوبەکر، ئاماژەی بەوەکرد، نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان دەبێتە هۆی هەژاری لە کۆمەڵگەدا، کە بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم گەنجان بۆ خۆ بونیادنانیان، یەکەم کێشە لە وڵاتی ئێمەدا بێکاری و نەبوونییە کە ڕووبەڕووی گەنجان دەبێتەوە، هەروەها هەژاری لە کۆمەڵگەدا بووەتە بەربەست بۆ گەنجان، وتیشی: گەنجان لە دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە لە بوارەکەی خۆیاندا دانامەزرێن و ئەو توانا شاراوەیەی هەیانە ناتوانن بەکاری بهێنن، وزەکانیان ون بووە و دەیانەوێت لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بیدۆزنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشدا، پەروەردەکردنی منداڵان لە خوێندنگە و بەشە پەروەردەیەکاندا هۆکاری سەرەکین بۆ تواناکانی گەنجان، سەرەڕای پەکخستنی پەروەردە، بەڵام مامۆستایان ڕۆڵ دەبینن بۆ چالاکیەکان لەناو خوێندنگەکاندا، لە خوێندنگە حکومیەکاندا چەندین چالاکی و کاری شانۆی ئەنجام دەدرێت، هۆکارن بۆ منداڵان لە منداڵیەوە بەدوای خەون و خولیاکانیادا بڕۆن، گەنجان بەپێی خولیای خۆیان بەشەکانیان دیاری دەکەن، سازان ئەبوبەکر دەشڵێت: پێویستە دایکان و باوکان هۆشیاریان هەبێت تا منداڵەکانیان بە خولیای خۆیان بەشەکانیان دیاری بکەن، کاتێک منداڵێک بە خولیای خۆی بەشەکە هەڵنابژێرێت، ناتوانێت داهێنان بکات تیایدا، گەنجان دەتوانن داهێنان لەو بوارەدا بکەن کە بە خولیا و ئاواتەوە هەنگاوی بۆ دەنێن.

 

"گەنجان بەبێ تاوانبارکردنی دەوروبەریان هەنگاو بۆ سەرکەوتن بنێن"

سازان ئەبوبەکر، باس لەوە دەکات خوێندنەوەی پەرتوک بۆ گەنجان سەرچاوەیەیکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی فکری و دەروونی گەنجان، مرۆڤەکان لە ڕێگەی خوێندنەوەوە تێدەگات لە ژیاندا هەموو کێشەیەک چارەسەرێکی هەیە، بۆیە لە ڕێگەی پەرتوک خوێندنەوەوە گەنجان دەتوانن چارەسەر بۆ کێشەکانی خۆیان و کۆمەڵگەش بکەن، کاتێک گەنج دەبێت بە گەنجێکی هۆشیار و خوێنەر دەرچەیەک دەدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لە کێشەکان و هەوڵ دەدات بۆ خۆبونیادنان و چەندان گەنجی دیکە دەخاتەوە پرۆسەکەوە.

 

"دەربڕینی بیروڕاکان هۆکاری پێشکەوتنی گەنجانە"

سازان ئەبوبەکر، ئاماژەی بەوەکرد، پەروەردە ڕۆڵیکی گەورە دەبینێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، پەروەردە و باخچەکان دەتوانن هاوکاری گەنجان بن لە دەربڕینی بیروڕاکانیاندا، گەنجان دەبێت بتوانن بیروڕای خۆیان دەرببڕن، وتیشی: گەنج هەیە گەیشتووەتە قۆناغی زانکۆ ناتوانێت بیروڕاکانی خۆی دەرببڕێت، پێویستە خێزانەکان هۆشیار بکرێنەوە، گۆڕانکاری لە تاکەوە دەستپێدەکات، پێویستە گەنجان پێوەرە کۆمەڵایەتیەکان پەسەند بکەن و بەو شێوەیە دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بووەستن.

 

لە کۆتاییدا وتی: لە ڕاگەیاندنەکاندا دەتوانین بەرنامەی پەروەردەیمان زۆر بێت تا کەسانی بەتەمەن سوود لەو زانیاریانە وەربگرن، کەسانی بەتەمەن حەز دەکەن گەنجانی ئێستا بەپێوەری ئەو هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام دەتوانین لەڕێگای بەرنامە و کەسانی پەروەردەیەوە هەموو چین و توێژەکان هۆشیار بکەینەوە، دەبێت باوەڕ و هۆشیاری لە خێزانەکاندا بڵاوبکەینەوە، تا پەرە بسەنێت بۆ نەوەکانی داهاتووش.