"بەستنەوەی هەلی کار بە زمانی بیانیەوە دەبێتە هۆی لەناوچوونی زمانی دایک"  

کاتێک زمانی فێرکردن دەگۆڕدرێت، بونیادنانی کەسی دەگۆڕێت، پسپۆڕێکی زمانی کوردیش دەڵێت: زمانی کوردی لەم ڕێچکەیە بەردەوام بێت مەترسیدارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دنیا بینینێکی باڵایانەی بۆ زمان نییە و دەبێت مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ زمانەکەدا بکرێت".

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- زمان تەنها دەرچەیەک نیە بۆ گواستنەوەی وشەکان، بەڵکو زمان دەربڕی ئەو هەبووەیە کە گوزارشتی دەکات، دەستنیشانکردنی کۆ زانیاری مرۆڤەکانە و کولتوور و دابونەریت و فەرهەنگ و تێڕوانین و شارستانی لەناو زماندا بوونی هەیە.

 

زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە زیندووەکانی جیهان، لە کۆی ٦ هەزار و ٧٩٦ زمانی جیاواز، زمانی کوردی کۆدی ژمارە ٣٤٢ی ئاستی جیهانی پێدراوە و لە پلەبەندی زمانەوانیدا پلەی ٣٠یەمی پێدراوە، بەپێی دواترین سەرژمێری، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا کراوە، بە پێی دەوڵەمەندی ژمارەی وشە لە وشەدانی زمانەکەدا زمانی کوردی ئاستی ٨ی بۆ دەستنیشان کراوە.

 

"فیربوونی زمانی دووەم بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٠ ساڵ ئاریشە دروست دەکات"

شیلان عومەر، پرۆفیسۆر لە بەشی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی، باسی لەوەکرد، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زمانی کوردی یەکێکە لە ٥ زمانە زیندووەکە، لە دەستوری عێراقدا زمانی کوردی و زمانی عەرەبی دوو زمانی یەکەمن هاوتان بۆ قسە پێکەرانی عێراق، وتیشی: نەبوونی سیاسەت و پلانی زمان لەلایەن حکومەت دەبێتە هۆکاری دروستکردنی کۆمەڵێک ئاریشە لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە بۆ زمانی دایک، دەبینین لە ڕاگەیاندن و چاپخانەکان و هەر دەزگایەکی کارکردندا دەستەواژەیەکی بۆ خۆی دیاریکردووە، بە بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ گەنجی زمانەکەی کە دەبێتە دیاردەی ژەهری زمانی، زمانی کوردی لە ئاستی جیهانیدا کێشەیەکی نیە، ئەو کێشانەی هەیەتی لە ئاستی ناوخۆدایە، پێویستە بە دامەزراوەیەک یان سەنتەرێکی ئەکادیمی لە هەوڵدا بین بۆ چارەسەرکردنی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی لە ماوەی ئەم ٣٣ ساڵەدا هەمانبووە لەگەڵ زمانەکەدا.

 

هەروەها دەشڵێت: حکومەت هەلی کاری بەستووەتەوە بە فێربوونی زمانی بیانیەوە، دەزگا میدیایەکان و دامەزراوەکان و خوێندنی باڵا و زۆربەی دامەزراوەکان برەوێکی زۆر بە زمانی دووەم دەدەن، هەروەها ئاستی ڕۆشنبیری و تواناکانی تاکمان بەستووەتەوە بە زمانی دووەمەوە، لە ئێستادا بیرکردنەوەی منداڵمان شێواندووە و دەبێت باوان بەرپرسیاریتیان هەبێت بەرامبەر زمانی دایکیی منداڵەکانیان، ئەگەر زمانی دایک گۆڕدرا خودی بیرکردنەوەی منداڵەکە دەشێوێت.

 

"لە خوێندنگەکاندا زمانی دایک پەراوێز دەخرێت"

ئەو پرۆفیسۆرەی زمانی کوردی ئاماژەی بەوەشکرد، زمانی ئەو نەتەوانەی ژێر دەستەن ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر دەستەی زمانە سەردەستەکان، دەکەوێتەوە سەر تاکەکان تا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەژموونەدا بکەن، دەبێت تاک نەهێڵێت زمانی دایک بکەوێتە ژێر هەژموونی وڵاتانی سەردەست و ببێتە زمانیکی پاشکەوتە، وتیشی: جیهانگیری و تەکنەلۆژیا هەژموونێکی باڵایان هەیە لە جیهاندا، توێژینەوەیەک لەسەر منداڵانی لەندەن دەریخستووە کە منداڵان بە زمانی دایکیان نادوێن لە کاتیکدا زمانیان زمانێکی جیهانیە، خانەوادەکان ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ باڵادەستی تەکنەلۆژیا بەسەر منداڵەکانیانەوە، جیهانگیری لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە دەیەوێت هەموو جیهان بە یەک زمان و کولتوور ئاخاوتن بکات.

 

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دنیا بینینێکی باڵایانەی بۆ زمان نییە، بۆ ئەو ئاوارە و کەسانەی لە باشووری عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان پێویستە پلانێکی هەبووایە کە فێری زمانی کوردی ببوونایە، وتیشی: پەیوەندی جووت زمانی لە خوێندگەکاندا بەتایبەت خوێندنگە ئەهلیەکان بەدی دەکرێت، حکومەتی هەریمی کوردستان نەیتوانیوە پرۆگرامێکی تۆکمە بە زمانی کوردی لە دایەنگەوە تا خوێندنی باڵا دابڕێژێت، ئەمە نەنگیەکە بۆ حکومەت کە ئەرکیان ئەوەیە، ئەو قوتابخانانەی بە زمانی دووەم دەخوێنن زمانی دایک نەبیتە زمانێکی پەراوێزخراو بۆیان.

 

"دەبێت بچینەوە سەرچاوەکان و چارەسەر بۆ ئەم ئاریشانە دابنێین کە خۆمان خوڵقاندومانە"

شیلان عومەر، ئاماژەی بەوەدا، بەپێی توێژینەوەکانی زانستی دەمارزانی منداڵ هەتا تەمەنی ١٠ ساڵی فەرهەنگی وشەزانی بە کەرەستەی وشەی دایکی دەوڵەمەند دەبێت، منداڵ نابێت تا تێپەڕاندی تەمەنی ئاسایی خۆی خوێندنی بە زمانی دووەم بکرێت، دەشڵێت: فێربوونی زمان جیاوازە لەگەڵ وەرگرتنی زمان، بەپێی تویژینەوە زانستیەکان منداڵ ئەو وانانەی دەیخوێنێت نابێت بە زمانی دووەم بێت، بەڵام دەتوانن لەپاڵ خوێندنەکەیاندا زمانێکی دیکە وەربگرن، کاتیک زمانی فێرکردن دەگۆڕین، بونیادنان و بیرکردنەوەی ئەو کەسە دەگۆڕین، بەڵام کاتێک فیری زمانێکی دەکەین داهاتویەکی پێ زیاد دەکەین، لە تەمەنی ٥ ساڵیدا خێزانەکان زمانێکی دیکە فێری منداڵەکانیان دەکەن، لە کاتێکدا زمانی دایکیان بە تەواوەتی نەپرژاوە.

 

"پێویستە ڕاگەیاندنەکان ببنە سەرچاوەیەک بۆ هۆشیار کردنەوەی تاکەکان"

شیلان عومەر، پڕۆفیسۆری زمانی کوردی باسی لەوەشکرد، لەناوچوونی زمانی دایک دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەکارهێنەرانی، لە ١٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا ١٢ هەزار زمانی زیندوو هەبووە، بە نەمانی ئاخێوەرەکان لەناوچوون، هەر کاتێک ئاخێوەرێک بەو زمانە نەمێنێت بە زمانێکی لە کارکەوتوو هەژماری دەکرێت، دەشڵێت: زمانی کوردی بەم ڕێچکەیەی ئێستادا بڕوات لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە، پێویستە هەموو چین و توێژێک مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ زمانەکەدا بکەن، ئەرکی دەساڵاتداری و ڕاگەیاندنەکانە هەستن بەم ئەرکە، پێویستە ڕاگەیاندنەکان نەبنە خۆرەی زمانەکە، بەڵکو ببنە سەرچاوەیەک بۆ هۆشیار کردنەوەی تاکەکان.