ژنێک بۆ گەڕاندنەوەی تایبەتمەندی و ئاسایشی لەدەستچوو ئۆتۆمبێلەکەی دەکاتە ماڵ

ماف و پێداویستییەکانی ژنان و کچانی غەززە پشتگوێ دەخرێن و دەستڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان قورس بووە، ئەمەش بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی لە کامپەلان خراپتر کردووە.

نەغم کەراجە

 

غەززە- زیاتر لە شەش مانگە شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە ژنان هەندێک ئامراز دروستبکەن کە پارێزگاری و تایبەتمەندییان بۆ دابین بکات، بارودۆخی سەختی ژیان و ناو کامپەکان بووەتە پاڵنەرێک بۆ ماجیدە قەدیحی ٥٥ ساڵ، کە دوای لەدەستدانی ماڵەکەی لە عەباسانی گەورە، لە تل سوڵتان لە ڕەفەح ئۆتۆمبێلەکەی بکاتە پەناگە و تیایدا ژیان بکات.

 

ماجیدە باسی لە دەستپێکی وێرانکاری سەر غەززە کرد، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، کاتێك خەڵک هەستان لە خەو، دۆخێکی سەربازی ترسناک کە لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا بوونی هەبوو، هێزەکانی ئیسرائیل ناچاریان کردن ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، بۆیە ماجیدە قەدیح ناچار بوو لەگەڵ هەزاران کەسدا کە کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر لە شاری خان یونس نیشتەجێ ببێت، وەک خۆی دەڵێت سەختترین سێ مانگی بووە کە لەوێ ژیاوە، دوای بەردەوامیدان بە هێرشەکان ماجیدە دووبارە ئاوارە بووەتەوە و چووەتە زانکۆی ئەقسا.

 

ماجیدە قەدیح دەڵێت: گەشتی سەختی ئاوارەبوون هەر بەوەوە کۆتایی نەهات، دوای مانەوەی نزیکەی مانگێک لە زانکۆی ئەقسا، لەناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەمدا، بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕ و بۆردوومان و پێکدادانەکانەوە ناچار بووم بەرەو شاری ڕەفەح بڕۆم بە بێ ئەوەی بزانم شوێنی دیاریکراوم کوێیە، بیرمە کە بەناو ژمارەیەک تەرمی مردوودا هەستامەوە و ڕێم بڕی، چونکە خۆشم بریندار بوو، ئێستا بە تەنها لەناو ئۆتۆمبێلەکەمدا دەژیم و بە ئەستەم دەتوانم پێداویستییە کەسییەکانم بەدەست بهێنم، وەک هەر ژنێک بەدەست کاریگەرییەکانی شەڕ و ئەو سیاسەتە سەرکوتکەرییەوە دەناڵێنین کە ڕاستەوخۆ ژنان دەکاتە ئامانج، چونکە ماوەی ٦ مانگی جەنگە لەناو ئۆتۆمبێلدا دەخەوێت و ڕووبەڕووی ماندوێتی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە.

 

هەروەها ماجیدە قەدیح باسی لەوەشکرد، هەوڵ دەدات بە خوێندنەوەی ڕۆمان و پەرتوک سوود لەو کاتە درێژەی دانیشتن وەربگرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لە ئۆتۆمبێلەکەیدا خواردن دروست دەکات و دەخەوێت و میوانی دێت و وتیشی: ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بوومەتەوە سەبارەت بە بیرۆکەی خەوتنی ژنێک و لەناو ئۆتۆمبێلێکدا، سەرەتا ئاسان نەبوو، بەڵام من هەڵمبژارد لەناو ئۆتۆمبێلەکەمدا بمێنمەوە، ئەمەش لە ئەگەری ڕوودانی هەر بۆردوومانێکی لەناکاو یان پێکدادانێک دایە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ژنان لە غەززە بە هەموو هێز و ئیرادەیەکەوە هەوڵدەدەن ئاڵنگاری ئەو بارودۆخە ببنەوە کە بەسەریاندا هاتووە، هەروەها بەرگەی ئازارێکی بەرگە نەگیراو دەگرن، بە هەموو ئیرادە و هێزێکەوە ڕووبەڕووی تاوان و بەڵاکانی شەڕ دەبنەوە، سەرەڕای ئەو توندوتیژی و نادادپەروەرییەی کە ژنان ئەزموونی دەکەن، ژنانی فەلەستین وەک بەرد لە بەرامبەر شەپۆلەکاندا بەهێزن.