ئامارێکی ڕوونی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس بەردەست نییە

لە دامەزراوە میدیایەکاندا ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕۆژانە ڕوبەڕووی پێشێلکاری و توندوتیژی دەروونی و جەستەی دەبنەوە، بەڵام ژنانی ڕۆژنامەنووس بێدەنگی هەڵدەبژێرن و پەرێز سابیر دەڵێت: ژنان بۆ دەرنەکردنیان لەسەر کارەکانیان پێشێلکارییەکان قبوڵ دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنانی ڕۆژنامەنووس هەنگاوی گرنگیان بۆ بەرەوپێشچوون لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا داوە، بەڵام بەدەریش نەبوون لە توندوتیژی و پێشێلکاری و هەراسانکرد، ژنان لە دامودەزگا میدیاییەکاندا ڕووبەڕووی جیاکاری ڕەگەزی، هەراسانکردن، توندوتیژی دەروونی، هەڕەشەکردن، نزمی ئاستی بەشداری ژن لە پۆستە باڵاکان، کەلتوور و کۆمەڵگە دەبنەوە، بەڵام کەمترین ژنی ڕۆژنامەنووس هەیە کە لە بەرامبەر توندوتیژی و هەراسانکردندا بێنە دەنگ و ئامارەکانی پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنانی ڕۆژنامەنووسیش بە نائاشکرا ماونەتەوە.

 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستاندا چەند ئامارێکی خستەڕوو، کە بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٢، ٤٣١ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٤٩ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٤٧ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی کراوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە ئامارەکانی سەنتەری میترۆدا بە ڕوونی ئاماژە بە ئاماری پێشێلکاریەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسی ژن نەکراوە، لە کاتێکدا ڕۆژانە ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕوبەڕووی توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە، تەنها سەنتەرەکە وەک کەیس توندوتیژی و ڕێگریەکانی ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ی ڕۆژنامەنووسانی ژنی بڵاوکردووەتەوە.

 

کەیسەکانی پێشێلکاری ژنانی ڕۆژنامەنووس بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کە سەنتەری میترۆ تۆماری کردووە، بەم شێوەیەیە؛ لە ڕێکەوتی ٢ نیسان هێرشکرایە سەر شەهێن وەهاب کارمەندی کەی ئێن ئێن، لە ٤ی نیسان لە شاری دهۆک هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووس ژیان عەباس، لە ١٨ی ئایار لە شاری دهۆک ڕێگری لە ئیسرا موسلیح ڕۆژنامەنووس کرا، لە ٦ی ئاب لە شاری سلێمانی ڕێگری لە پەیامنێر ژیلیا عەلی پەیامنێر و کامێرەمان ئەژی عەبدولقادر کرا، لە هەمان ڕۆژدا سنور کەریم ڕۆژنامەنووس، دنیا ماجید پەیامنێری بی ئێم سی، کەنار ئازاد ڕۆژنامەنووسی مایک و ژینە ستار پەیامنێر ڕووبەڕووی توندوتیژی و زەوتکردنی کەلوپەلەکانیان دەبنەوە، لە ٢٨ی ئەیلول هێرشدەکەنە سەر پەیامنێری کوردستان ٢٤ بەناوی نیان بەرزان لە شاری سلێمانی، لە ١٣ی تشرینی دووەم پەیامنێری وێستگە نیوز لەنیا بەختیار ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە.

 

کەیسەکانی پێشێلکاری ژنانی ڕۆژنامەنووس بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە سەنتەری میترۆ تۆماری کردووە، بەمشێوەیەیە؛ لە ٢٣ی کانوونی دووەم و ٢٤ی کانوونی یەکەم سۆما خالید ڕۆژنامەنووس و پرۆدیوسەر لە شاری سلێمانی دەستگیر کرا، لە ٤ی نیسان ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر بەهرە عومەر ڕێگریان لێدەکرێت، لە ١٢ی تەمموز پەیامنێری کۆمپانیای چەتر هێڤی سەڵاح لە بازگەی قەڵاچوالان ڕێگریان لێکرا، لە ڕێکەوتی ٢ی ئابدا بێریڤان مەهدی پەیامنێری باز میدیا توندوتیژی بەرامبەر کرا، لە ٣ی تشرینی دووەم ڕێگری پێشکەشکردنی بەرنامەی وەرزی ژن کرا کە لە تەلەفزیۆنی ژن تیڤی لەلایەن پێشکەشکار تەوار عادل پێشکەش ددەکرێت، ڕێکەوتی ٢٦ی تشرینی دووەم لەبەردەم تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی ڕێگری لە تیمی ئاژانسی نوژنها و ژن تیڤی (شیرین ساڵح، نەرمین حسێن، هێلین ڕەشید و هێلین ئەحمەد کرا بۆ ڕوماڵکردنی دیداری سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

 

پەرێز سابیر حەمە ساڵح، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی ژنان، لەبارەی ڕەوشی ژنانی ڕۆژنامەنووس باس لەوە دەکات، بارودۆخی باشووری کوردستان لە هەموو لایەنەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات، سەرەڕای خراپی بارودۆخی ژنان لە باشووری کوردستاندا، دۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس تا بێت بەرەوە خراپتر دەڕوات، ڕۆژنامەنووسانی ژن لە چاو ساڵانی پێشوودا ڕووبەڕووی سەختی زیاتر دەبنەوە لە کاتی کاردا، دەشڵێت: کێشەکانی ڕۆژنامەنووس بە ڕوونی دیارە و کەس بەدەم داواکاریەکانەوە نایەت، گرنگی بە بیروڕاکانمان نادەن، بۆیە قورسە ژنانی ڕۆژنامەنووس لەم بوارەدا بەردەوام بن، بەڵام ئێمەی ژنان دەبێت بەردەوامین.

 

نەبوونی ئاماری پێشێلکاری سەر ژنانی ڕۆژنامەنووس هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسانە

پەرێز سابیر حەمە ساڵح، باسی لەوەکرد، لە باشووری کوردستان بونوی ئامار ڕاست و دروست نییە، ئەو سەنتەرانەی پێشێلکاریەکان تۆمار دەکەن، تەنها تایبەتە بە سەنتەرەکەی خۆی، واتە لە وادەی ئەو ساڵەدا تەنها ئاماری ئەو کەسانەی سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە بۆ تۆمارکردنی توندوتیژی دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس تۆمار دەکرێت، کۆنەکردنەوەی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکیە بۆ نەبوونی ئاماری توندوتیژی دژی ژنانی ڕۆژنامەنووس، وتیشی: ئەو ژنانەی لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا خزمەت دەکەن، لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر کێشەیەک لە کارەکانیاندا، بۆ ئەوەی نەیگەیەنن بە لایەنی پەیوەندیدار خۆیان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئامارێکی دروست نەبێت.

 

"توندوتیژی و پێشێلکاریەکان لە دامەزراوە میدیایەکاندا زیادی کردووە"

پەرێز سابیر حەمە ساڵح، ئەو توندوتیژی و پێشێلکاریانەی ڕووبەڕووی ژنانی ڕۆژنامەنووسان دەبنەوە لە دامەزراوە میدیایەکاندا ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: پێشێلکاریەکان لە دامەزراوەکاندا بەرامبەر ژنان ڕوو لە زیادبوونە، "ئەو ژنانەی لە دامەزراوەیەکی میدیایدا کاردەکەن هەندێک کات وەک پێویست مافیان نادرێت، بەبێ هیچ هۆکارێک مووچەکەت گۆڕانکاری بەسەردادێت، وەک کارمەندێک لە دەزگاکەدا مافی تەواوت پێنادرێت و پێشێلکاری مافەکانت دەکەن، ئەمەش لە ڕووی دەروونیەوە کار دەکاتە سەر کارکردنی ئەو کارمەندە لە دەزگاکەدا، ژنان کاتێک لە دەزگایەکی میدیایدا کاردەکەن ڕوبەڕووی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی یان هەراسانکردنی سێسکی بێت، لە ئێستادا پێشێلکاری ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، ئەمەش وایکردووە پێشێلکاری و توندوتیژی هاوتایی یەک ببن، ڕۆژنامەنووسی ژن هەیە لە سەرەتایی کارکردنیەوە لەبەر چەندین پێشێلکاری و توندوتیژی دەستبەرداری کارەکەی بووە.

 

"خراپی دۆخی ئابووری ژنانی ڕۆژنامەنووسی بێدەنگ کردووە"

پەرێز سابیر، ئاماژەی بەوەدا، نەبوونی هۆشیاری یاسایی کارکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دامەزراوە میدیایەکاندا هۆکارێکی دیکەی زۆر بوونی پێشێلکاری و توندوتیژیەکانە کە ژنانی ڕۆژنامەنووس بێدەنگ دەکات، لەبەرامبەر هەر کارێک چەندین یاسا هەیە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کارمەند لە کاتی کارکردندا، پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس هۆشیاریان هەبێت بەرامبەر ئەو ئەرک و مافانەی هەیانە لە کاتی کارکردندا، نەبوونی کار لە باشووری کوردستاندا هۆکارێکی دیکەیە بۆ تۆمار نەکردنی سکاڵاکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس، هەروەها وتی: ئازادی ڕادەربڕین ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو تەسکبوونەوە دەچێت، دادگاکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر سیاسەتی پێوە دیارە، هەروەها کەیسەکانی ڕۆژنامەنووسان بە لاڕێدا دەبرێت، یان بە تۆمەتی خزمەت نەکردن بە کۆمەڵگە و دروستکردنی کەیسی سیاسیی بۆ ڕۆژنامەنووسان تۆمەتبار دەکرێن، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەنووسان ئەوەندە نەبنە قوربانی بە تۆمەتی ناڕاست کەیسەکانیان یەک لای نەکرێتەوە لە دادگاکاندا.

 

لە کۆتاییدا ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: ژنان لە هەر بوارێکی کۆمەڵگەدا کار بکەن پێویستە پشتی یەکتر بگرن تا بتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەمان، ئێمەی ژنان قۆناغێکی سەختمان بڕیوە تا دەنگی ژنان بگەیەنێت و ژن چەندین قوربانی داوە بۆ گەیشتن بەم ئاستەی تێیدا دەژین، ڕۆژگارێک بوو لە دەزگایەکی ڕاگەیاندندا دوو ژنت نەدەبینی، بەڵام خۆشبەختانە لە ئێستادا دەزگای میدیایی هەیە وەک کەناڵی ژن تیڤی و ئاژانسی هەواڵی نوژنها کە تەواوی ستافەکەی ژن بەڕێوەی دەبات، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک دەبێت ئاستی هۆشیاری تاکەکان بەرز بێت، هەروەها ڕۆژنامەنووسان دەبێت خزمەت بکەن بە کۆمەڵگە، نەک هەر هەواڵێک هەبوو دەرخواردی کۆمەڵگەی بدەن، دەبێت بەرنامەکان خزمەت بە هەموو چین و توێژێک بکەن.