ژنێکی کورد بووە جێگری سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی پەرلەمانی گەنجانی جیهان
لەنیا جەمال ژنێکی کوردە و پۆستی جێگری سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی پەرلەمانی گەنجانی جیهانی پێیبەخشرا، دەڵێت: لەو ڕێگەیەوە دەرفەتمان پێ دەدرێت کار بۆ بونیادنان و بەرەوپێشبردنی توانای گەنجان بکەین.
ناوەندی هەواڵ
لەنیا جەمال، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پەرلەمانی گەنجانی جیهان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە هەڵبژاردنی بۆ پۆستی نوێ لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پەرلەمانی گەنجانی جیهان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، دوای ساڵانێک کارکردن لەگەڵ پەرلەمانی گەنجانی جیھان وەک بەرپرسی کوردستان و عێراق، بەشداریکردن لە چەندان چالاکی و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بە نوێنەرایەتی ئەوان، لە ئێستادا بەرزترین پۆستی ڕێکخراوەکەیان و گەورەترین متمانەی کارکردنی پێکەوەییان پێبەخشیوم، ئەویش پۆستی جێگری سەرۆکی رێکخراوەکەیە لەسەر ئاستی نێودەولەتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ڕێگەیەوە دەرفەتمان پێی دەدرێت کار بۆ بنیادنان و بەرەوپێشبردنی توانای گەنجان بکەین شوێن پەنجەمان ھەبێت لە درووستکردنی سەرکردەکانی ئەمرۆ و گۆڕانکاری درووستکەری داهاتوو.
لەنیا جەمال وتیشی: ئاگاداری ھاورێیانم و گەنجانی لێھاتوو دەکەم خۆیان کاندید بکەن بۆ پۆستی رێکخەرو بەڕێوەبەری کوردستان و عێراقی پەرلەمانی گەنجان، کە بەزوترین کات فۆڕم و لینکی پێشکەشکردنی داواکاریتان بۆ دادەنرێت.