لە بۆردوومانێکی دەوڵەتی تورکدا منداڵێکی ساوا گیانی لەدەستدا

لە بۆردوومانێکی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر گوندی ئەلجەمماس لە ڕۆژهەڵاتی شاری عەین عیسا لە فوراتی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا منداڵێکی ساوا گیانی لەدەستدا و ژنێک و منداڵیکی کچ برینداربوون

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە دەستپێکردنی هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان پێشێل دەکات.

 

ئێوارەی دوێنێ ٢٦ی کانوونی دووەم، گوندی ئەلجەمماس لە ڕۆژهەڵاتی گوندەکانی شاری عەین عیسا لە فوراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردە ئامانج و لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن یەک ساڵان بەناوی عەبدولڕەحمان ئیسماعیل حسێن گیانی لەدەستدا  و ئارەج خالد حسێن  تەمەن٢٠ ساڵ و منداڵەکەی بەناوی ئاسیا حەمەد حسێن برینداربوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

 

بۆردوومانەکانی تورکیا بردەوامن و ئاژانسی هەواڵی ئانها بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سوپای داگیرکەری تورک بە تۆپهاوێژ بۆردوومانێکی سەختی گوندی خەدراویی سەر بە شاری زرگانی کانتۆنی جزیرەی کردووە.

 

هیچ زانیارییەک لەسەر بۆردوومانەکە نەخراوەتە ڕوو.

 

هاوکات، ئەم هێرشە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە تۆپهاوێژ بۆردوومانی دەورووبەری بەنداوی تشرینیان کرد.