ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان؛ لە دوو بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیادا ٦ هاوڵاتی گیانیان بەختکرد
دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگی ئەنجان دەدات و لە دوو بۆردوومانی جیادا لە هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ ٦ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان بەختکرد.
ناوەندی هەواڵ
کەمێك پێش ئێستا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی لە گوندی گردجان سەربە شارەدێی چوارقوڕنە لە ئیدارەی ڕاپەڕین کرد، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلەکە لە کانی مارانەوە بەرەو ئاراستەی دەڤەری ڕاپەڕین ڕۆشتووە و لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بە ئامانج گیراوە.
بە پێی زانیارییەکان ئۆتۆمبێلەکە چوار هاوڵاتی مەدەنی تیادا بووە و هەر چواریان گیانیان بەختکرد، دوای ئەوەی کە ئۆتۆمبێلەکەش بە ئامانج گیراوە خۆی کێشاوە بە ماتۆڕسکیلێکدا و شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بریندارە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی سنووری شارەدێی دینارتەی سەربە شارۆچکەی ئاکرێی کرد و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتیی مەدەنی کە هاوژینی یەکدی بوون گیانیان بەختکرد.