ژنە کۆچبەرە سودانییەکان بێ ئاون

نزیکەی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سودان تێدەپەڕێت، بەڵام ژنانی پەنابەر هێشتا لەناو کامپەکاندا لەناو نائارامی و تێکچوونی بارودۆخی تەندروستیدا خەبات دەکەن.

مەیسا قازی

 

سودان- لە نیسانی ٢٠٢٣ەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕوودەدات، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەدا، زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ماڵ و ئایندەی خۆیان لەدەستدا، بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە ناچار کراون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و بچنە ئۆگەندا، زیاتر لە  ٥٠ هەزار کەسەو شەپۆلی پەنابەران لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا بەردەوامە.

 

سودانییەکان بۆ ئاسانکاری وەرگرتنی ڤیزا و خێرای ناو تۆمارکردن لە UNHCR دەچنە ئۆگەندا، پەنابەرانی سودان لە ئۆگەندا بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت، لەم کاتەدا هەموو مافەکانیان دەبەن.

 

کێشەی تەندروستی لە کامپەکاندا زۆرە

فاتمە ئەلزەهرا عەبدولەتیف، پەنابەرێکی خەڵکی سودان و لە کامپی پەنابەران لە ئۆگەندا نیشتەجێ بووە، باسی ئەو ئازار و سەختییانەی کرد کە لە چادرەکاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوەو وتی: ئەو ئازارەی زۆرتر دەیبینین نەبوونی خۆراک و کێشەکانی پەیوەست بە تەندروستی و زاوزێیە، منداڵەکانمان بەهۆی بەدخۆراکییەوە تووشی کێشەی تەندروستی دەبن، ئەم کێشەیە لەگەڵ دایکانی دووگیانیشدا ڕوودەدات، منداڵەکانمان نەخۆش دەکەون، ناتوانین بیانبەین بۆ نەخۆشخانە چونکە پارەمان نییە، لە کامپەکاندا بنکەیەکی تەندروستی دابینکراوە، بەڵام بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.

 

"هیچ هەلێکی کار بۆ دابین ناکرێت"

فاتمە ئاماژەی بەوەدا کە هەلی کاریش زۆر سنووردارە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و ناکۆکی لەناو خێزانەکاندا وتی: ئێمە خوێندەوارین و بڕوانامەمان هەیە، بەڵام هەلی کار زۆر سنووردارە، نەخۆشخانەکە زۆر دوورە لە شوێنی ئێمە و کارمەندی تەندروستی زۆر لەوێ نییە، بۆیە پزیشکەکە هەندێک جار کاری پەرستارەکانیش دەکات، لە لایەکی ترەوە ئەو کامپانەی تێیدا دەژین گونجاو نین، لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین نامانپارێزن، ئەم کامپە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆرپە تازە لەدایکبووەکان هەیە، ڕووبەڕووی کێشەی ژینگەیی دەبنەوە، کێشەکانی وەکو سەرمای ئێوارە و گەرمای بەیانیان.

 

"زۆربەی ژنانی دووگیان تووشی کێشە دەبن'"

فیدا ئەشرەف، ئەندامی دەستپێشخەری و ڕێکخەری کەمپەینی یەک ملیۆن پاد هەروەها سەرنجی بۆ دۆخی ژنانی ناو کامپەکان ڕاکێشا و وتی: دۆخی کامپەکان سەختە، بەڵام دۆخی پەنابەرانی سودان لەوەش سەختترە، بەهۆی جیاوازی کولتووری خۆراک، کێشەکانی ژیان بۆ ژنانی سودان قورستر دەبن، ژنان خواردنی ناوخۆیی وەک سێنسێرو و گاریسای شامی وەردەگرن، ژنانی دووگیان هەروەها خواردنی ناوخۆیی لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرن، بەڵام بۆ ئەوان نامۆیە، بەهۆی جیاوازی کولتووری خۆراکەوە بە ئاسانی وەریناگرن.

 

 

فیدا ئەشرەف سەرنجی بۆ تەندروستی زاوزێ لە کامپەکانی ئاوارەکان ڕاکێشا و وتی: زۆربەی ژنانی ناو کامپەکانی ئاوارەکانیش ڕووبەڕووی کێشەی ئاو دەبنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر منداڵبوونی منداڵیش هەیە، ئاسانکارییەکانی منداڵبوون لە کامپەکەدا دابین ناکرێت. بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستیانە دەبێت بچنە شار. بەڵام بەهۆی سنوورداربوونی دەرفەتەکان و کەمی بودجە، ئەوەش ناتواندرێت.

 

"بەپێی دۆخەکە یارمەتی ژنان دەدەن"

فیدا ئەشرەف هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو چارەسەرانەی کە دەستپێشخەرییەکە بۆ یارمەتیدانی ژنان پێشکەشی کردووە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بەمەبەستی دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی ژنان، لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتاییمان ئەنجامدا، هێشتا کامپ و پەناگە هەیە کە ناتوانین خاولی قوماشی تێدا دابەش بکەین چونکە ئاو و سابونی تێدا نییە، بۆیە ژمارەیەک ژن و ژنانی گەنجمان کۆکردەوە و پەروەردەمان کردن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە کامپەکەدا و پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکدا، پادی قوماشمان بەسەردا دابەشکرد تا توانیان پێداویستیەکانیان دابین بکەن، ئەم پادانەش بەپێی ژینگە و ناوچەکە بەسەر ژناندا دابەش دەکرێن.