تاڵیبان سێ مامۆستای دەستگیر کرد

تاڵیبان بەڕێوەبەری خوێندنگەی ئامادەیی میر ئادینەی کچان و یەکێک لە مامۆستاکانی و هەروەها بەڕێوەبەری خوێندنگەیەکی زمانی ئینگلیزی دەستگیر کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ژنان لە ئەفغانستان تووشی سنووردارکردنی توندی خوێندن و دامەزراندن و ئازادی هاتوچۆ بوون، منداڵانی کچ لە خوێندنی ناوەندی و زانکۆ قەدەغەکراون و زۆربەی هەلی کاریش بەڕوویاندا داخراون، هەروەها سنووردارکردنی توند بۆ دەرکەوتنی گشتییان دانراوە و ژیانی ڕۆژانەیان کردووەتە گۆڕەپانی شەڕی بەردەوامی قەدەغەکردن و چاودێریکردن.

 

لەگەڵ چڕبوونەوەی سنووردارکردنی تاڵیبان بۆ ژنان و منداڵانی کچ، سەرچاوەکان لە مالیستانی سەر بە پارێزگای غەزنی بڵاویانکردەوە، وەزارەتی بەرەوپێشبردنی چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری" سەر بە تاڵیبان بەڕێوەبەری ئامادەیی میر ئادینەی کچان و یەکێک لە مامۆستاکانی، هەروەها بەڕێوەبەری خوێندنگەیەکی زمانی ئینگلیزی دەستگیرکردووە.

 

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو سێ مامۆستایە ڕۆژی ١٣ی کانوونی یەکەم لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەی گشتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئامادەیی میر ئادینەی کچان دەستگیرکراون، هۆکاری دەستگیرکردنیان ئامادەبوونی کچە خوێندکارەکان بوو لە مەراسیمەکەدا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: سەرەتا وەزارەت فەرمانی بە بوستان عەلی فەیاز، بەڕێوەبەری ئامادەیی میر ئادینەی کچان کردووە، کە پۆلەکانی ئەو خوێندکارانەی ئامادەی مەراسیمەکەن لە ئامادەبووانی دیکە جیابکاتەوە، بەڵام دوای چەند خولەکێک گەڕانەوە بۆ شوێنی ڕووداوەکە و بەڕێوەبەری خوێندنگەکەیان لەگەڵ مامۆستایەک و فیروز ڕەزایی بەڕێوەبەری زمانی ئینگلیزی دەستگیرکرد و بردیانن بۆ بارەگای ناوچەکە.

 

ئەفسەرانی وەزارەتی بەرەوپێشبردنی چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری ڕایانگەیاندووە، ئەو سێ مامۆستایە لە دەستبەسەریدا دەمێننەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان، بڕیاربوو لەو ڕۆژەدا پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ئامادەیی میر ئادینەی کچان، کە دووەم دەستپێشخەریی بنەڕەتی "فريق هامياري"، کە ئامانجی دابینکردنی ئاسانکاری باشتری خوێندنە بۆ کچان لەو ڕۆژەوە دەست پێبکات.