نادیە ئوربیناتی: پشتگیری لە ئاشتیخوازیی کوردان دەکەم

نادیە ئوربیناتی، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی ئیتاڵی دەستپێشخەریی ئاشتیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بڕیارەکانی پەکەکە بە گرنگ زانی و وتی: بڕیارەکانی پەکەکە تەنها شتێکی سیمبوڵی نییە، بەڵکو خواستی ئاشتی و گۆڕانکارییە، بۆیە لە دڵەوە پشتیوانی دەکەم.

ناوەندی هەواڵ

 

پشتیوانی و هاندانەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێکراوە  بەردەوامە، نادیە ئوربیناتی، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی ئیتاڵی لەم چوارچێوەیەدا پەیامێکی پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی ئاڕاستەی ئاژانسی میزۆپۆتامیا کرد.

 

نادیە ئۆربیناتی لە پەیامەکەییدا وتی: پەکەکە بە بڕیارەکانی بەڕاشکاوی دەریخست، گەلی کورد دەیەوێت لەگەڵ گەلی تورکدا لە پێکەوەژیان و ئاشتییدا بێت.  بۆیە بە هیوایەکی مەزنەوە پشتیوانی لەم ئاشتیخوازییەی پەکەکە دەکەم. بۆ پەرەدان بە پلانی ئاشتی، بڕیارەکە پشتڕاستکردنەوە و جەختکردنەوەیە لە ئاشتی. بڕیاری پەکەکە بڕیارێکی یەکلانە و خۆویستە، بۆیە بە تەنها سیمبوڵیک نییە بەڵکو نیشانی دا دەیەوێت هەلومەرجی ئاشتی بڕەخسێنێت. بەڕاستی بڕیارێکی زۆر مانادار و سەنگینە، نیشانەیە بۆ ڕەخساندنی پێویستییەکانی ئاشتی و دەیەوێت ئاشتی بە ژیری و پێشمەرجەوە بەدەست بهێندرێت. هاوکات جەختکردنەوەیە لەوەی ئاشتی و دیموکراسی تەواوکەری یەکترن.

 

دەربارەی نادیە ئوربیناتی

لە ساڵی ١٩٦١ لە ئیتاڵیا لە دایکبووە، مامۆستای زانستە سیاسیەکانە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و چەندین پەرتوک و وتاری نووسیوە دەربارەی دیموکراسی مۆدێرن.