نێرگس محەمەدی و عالیە موتەلەب زادە ڕووبەڕووی تۆمەتی نوێ بوونەوە
نێرگس محەمەدی و عالیە موتەلەب زادە، دوو چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە پەیوەندییەکی کورت لەگەڵ خانەوادەكانیان ڕایانگەیاند، لەکاتی دەستگیرکردنیان ئەشکەنجە دراون و ڕووبەڕووی دوو تۆمەتی نوێ بوونەوە.
ناوەندی هەواڵ
هەفتەی ڕابردوو تەرمی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردی تەمەن ٤٦ ساڵ لە نوسینگەکەی دۆزرایەوە و بنەماڵەکەی وتیان، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە شوێنەکەدا گرتووە، بەو هۆیەوە چالاکوانان لە مەراسیمەکەیدا بەشداریان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی بەڵام ژمارەیەک لە چالاکوان و هاوڵاتی دەستگیر کران.
کەسوکاری نێرگس محەمەدی و عالیە موتەلەب زادە دوو چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامیان بڵاوکردەوە.
کەسوکاری نێرگس محەمەدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایانگەیاند، نێرگس محەمەدی زیندانیی سیاسیی و چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێران دوای سێ ڕۆژ لە بێسەروشوێن بوونی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پێی ڕاگەیاندین، کە لە مەراسیمی خەسرەو عەلی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستگیر کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتی هێرشەکەدا پێی وتراوە، ئێمە دایکت بۆ ماتەمینی تۆ دادەنیشێنین، هەروەها نێرگس بەهۆی سەختی برینەکانی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بە تۆمەتی”هاوکاریکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل” تۆمەتبار کراوە.
هاوکات، غەزەل عەبدوڵاهی، کچی عالیە موتەلەب زادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی دەستگیر کردنی دایکی ڕایگەیاند، دایکم”عالیە موتەلەب زادە” ئێوارەی یەکشەممە پەیوەندی پێوە کردم، لە کاتێکدا لەلایەن کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی ئێێرانەوە چاودێری دەکرا، پێی ڕاگەیاندم لە لایەن لێکۆڵەرەوەی لقی ٩٠١ بە تۆمەتی” کۆبوونەوە و پێلانگیڕی” بڕیاری یەک مانگ زیندانییکردنم بۆ دەرچووە.
تووشیەتی: دایکم بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆر و برینەکانی چارەسەری سەرەتایی پزیشکی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بارودۆخی تەندرووستی ناجێگیرە لەبەر ئەوەی چارەسەرییەکانی بەردەست نییە.