ناوەندی یەکێتی ژنانی سلێمانی چالاکییەکی دەستڕەنگینی بۆ ژنان ڕێکخست

ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، ناوەندی یەکێتی ژنانی سلێمانی، چالاکییەکی بۆ ٢٠ ژنی دەست ڕەنگین سازکرد، کە هەریەکەیان بە جۆرە دەست ڕەنگینیەک بەشداریان تێداکرد.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، لەلایەن ناوەندی یەکێتی ژنانی سلێمانی، چالاکیەک بۆ ٢٠ژنی دەست ڕەنگین بەڕێوەچوو، کە هەر یەکەیان بە جۆرە دەست ڕەنگینیەک بەشداریان تێداکرد، وەک ئیشی دەست و دروست کردنی خواردن و فرۆشتنی پێداویستیەکانی ژنان، چالاکییەکەش ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

 

''زۆر پێم باشە کە ژنان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و هەمووکات پشتیوانی ژنانم کردوە''

ژیان محەمەد، ڕێکخەری چالاکییەکە، ڕایگەیاند :بڕیارماندا ئەمڕۆ چالاکییەک ڕێکبخەین بە ناوی ناوەندی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی لقی سلێمانی، کە ئامانجمان لەم چالاکییە ئەوەیە ئەو ژنانەی کە کاری دەستی دەکەن و خواردنی کوردەواری ئامادە دەکەن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کارەکانیان نمایش بکەن و بژێوی ژیانیانی پێدابین بکەن، هەروەها دەستخۆشی لە نیازخان و لەیلاخان دەکەم بۆ ئەو هاوکاریانەی لە ئەنجامدانی ئەم چالاکییەدا پێشکەشیان کردووین.

 

 وتیشی: لێرەدا نزیکەی ٢٠ کەپرهەیە، هەروەها ٢٠ ژن بەشداریان لەم چالاکییەدا کردووە، ئەویش بە کاری دەستی و دروستکردنی خواردنی کوردەواری، هەروەها خۆشم جگە لەوەی کە ڕێکخەری ئەم چالاکییەم، کارە دەستییەکانی خۆشم هێناوە و لەم چالاکییەدا نمایشی دەکەم، کە کارەکانم بابەتی جلی کوردی و کڵاو و لەچک و هەموو ئەو بابەتانەیە کە بۆ جلی کوردی پێویستن، کە هەموویان خۆم دروستی دەکەم و کاری دەستی خۆمە، هەروەها من زۆر پێم باشە کە ژنان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و هەمووکات پشتیوانی ژنانم کردوە و هەوڵم داوە زۆرترین ژن بێتە ناو ئەم گروپانەوە، بۆ ئەوەی کاڵاکانیان نمایش بکەن و لە ڕووی مادییشەوە سودی لێ ببینن، هەندێکیشیان بە ئۆنلاین کاردەکەن، بەڵام لە چالاکییەکاندا زیاتر کارەکانیان دەردەکەوێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ژنان ئەم چالاکییەیان زۆر پێخۆشبووە بەتایبەت لە هەڵبژاردنی شوێنی ئەنجامدانی چالاکییەکە، کە شوێنێکی سەرەکییە، هەروەها من هانی ژنان دەدەم بەردەوامبن لە کارەکانیان و هەموو ژنێکیش بەهرە و توانایەکی تایبەت بە خۆی هەیە و دەبێت ژنان خاوەنکاری خۆیان بن .

 

''هیوادارم ژنان بە گشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی سەرکەوتووبن لە بوارەکانی خۆیاندا''

هێرۆ محەمەد، بەشداربوو، وتی : لەم چالاکییەدا بە بابەتی ئێکسسواراتی ژناندا بەشداریم کردووە، هەروەها ماوەی یەک مانگە دەستم بەکاری خۆم کردووە و یەکەم جارە بەشداری لەم جۆرە چالاکییانەدا دەکەم و هەموو کەسیش پێویستە کاربکات و خاوەن پیشەی خۆی بێت و چاوی لە دەستی کەس نەبێت بەتایبەتی ژنان، هەروەها هەموو ژنێک بە شێوازی هونەری خۆی کار بکات و حەز و خولیای چییە لەو بوارەدا کار بکات، منیش بەردەوام دەبم لە کارەکەم و چالاکی دیکەش ئەنجام بدرێت بەشداری تێدا دەکەم و هیوادارم ژنان بە گشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی سەرکەوتووبن لە بوارەکانی خۆیاندا.

 

''بۆیە پێویستە ژنان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خاوەن داهاتی خۆیانبن''

عەزیمە محەمەد، ڕێکخەر و بەشداربووی چالاکییەکە، وتی: من و ژیانی هاوکارم توانیمان ئەمڕۆ ئەم چالاکییە بۆ ژنانی دەستڕەنگین ڕێکبخەین، سوپاسی شارەوانی و ڕێکخراوی ژنان دەکەم کە هاوکارمان بوون لە ڕێکخستنی ئەم چالاکییە بۆ ژنانی دەستڕەنگین بەتایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوەن و ناتوانن کارەکانی خۆیان نمایش بکەن، کە ئەمڕۆ خۆشبەختانە توانیان لێرە شتەکانیان نمایش بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، ڕایگەیاند: من وەک ڕێکخەر و خاوەن کاری دەستی بەشداریم کردوە و کارەکانم کاری دەستین و چەند ژنێکی دەستڕەنگین دروستی کردون، کە لێرەدا بۆیان نمایش دەکەم، هەروەها لە ئێستادا ژنان زۆربەیان خاوەن کاری خۆیانن، بۆیە پێویستە ژنان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خاوەن داهاتی خۆیانبن، هەروەها چەندین شوێنمان هەیە کە ژنان خۆیان کردویانەتەوە و سەرپەرشتی دەکەن، هیواداریشم گرنگییەکی زۆر بدرێت بەم جۆرە چالاکیانە و ژنانیش بەشداری بکەن بەتایبەت ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوەن.