پەروین بوڵدان: بۆ ڕەچاوکردنی پرۆسەکە پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێت

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی کە لە تەلەفزیۆنی مێدیا هابەر دەرکەوت، وتی: پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئاسانی بەڕێوە بچێت، بەتایبەت بۆ مافی هیوا.

ناوەندی هەواڵ 

 

بە بەشداری سەرۆکی میت ئیبراهیم کالن و جێگری سەرۆکی گشتیی ئاكەپە ئەفکان ئالاش، شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە دوای ١٣ ساڵ لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغاندا کۆبوونەوە. 

 

کۆبوونەوەکە، کە لە شاندی دەم پارتی هەریەک لە پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەری تێدابوو، نزیکەی کاتژمێرێک و ٢٥ خولەکی خایەند، دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا ئاماژەیان بە ئەرێنی بوونی کۆبوونەوەکە کرد. 

 

پەروین بوڵدان لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەردا سەبارەت بە پرۆسەکە ڕایگەیاند، لە دوای کۆبوونەوەکە هەنگاوەکانی پرۆسەکە خێراتر دەبێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان بەردەوام دەبن. 

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ڕاگەیاندنی دەرنجامەکانی کۆبوونەوەکەی ١٠ـی نیسان بە ڕێبەر ئاپۆ، سەردانی ئیمرالی دەکەن. 

 

باسی لەوەشکردوە، ئەم پڕۆسەیە بگۆڕێت بۆ زەمینەیەکی یاسایی ئەوا هەفتەی داهاتوو داوای چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری داد دەکەن وتیشی: بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و بە تایبەت پەیوەیست بە “مافی هیوا” دەبێت هەنگاوی یاسایی بنرێت، تاوەکو پەرلەمان بەرپرسیارێتی نەگرێتە ئەستۆ، کێشەکانی پێش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، ویستومانە لە هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ وەزیری داد دەربارەی هەنگاوی یاساییەکانی پرۆسەکە کۆبوونەوە بکەین. 

 

هەروەها ڕاشیگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەکەمان قسەکردن و هەڵسەنگاندنە لەڕووی ئەوەی بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە پێویستی بە گۆڕینی چ یاسایەک هەیە و پێویستی بە چ یاسایەک دەکات، هەروەها قسەکردن دەبێت لەسەر ئەوەی پێویست بە چ هەنگاوێک دەکات، بۆچوونەکان بگۆڕدرێنەوە، بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایانە درێژە بە کۆبوونەوەکانمان دەدەین.