"باری نائاسایی مرۆیی لە سودان"
ڕێکخەری فریاگوزاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی سودان یەکێکە لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان و ئەم قەیرانە لێکەوتەی وێرانکەری بۆ خەڵکی سودان و تەواوی ناوچەکە دەبێت.

ناوەندی هەواڵ- ڕێکخەری فریاگوزاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی نیسان، دۆخی سودانی بە گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهان وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە شەڕەکە لێکەوتەی وێرانکەری بۆ خەڵکی سودان و تەواوی ناوچەکە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەر پێنج ئاوارەیەک لە سودان چواریان ژن و منداڵن. "زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەبوون، چوار ملیۆنیش لە سنوورەکانەوە هەڵاتوون، پەنایان بۆ ئەو وڵاتانە بردووە کە خۆیان ڕووبەڕووی قەیرانی برسێتی و پێداویستییە مرۆییەکان بوونەتەوە".
سەبارەت بە برسێتی لە سودان ڕایگەیاند کە ئێستا ئەو وڵاتە تاکە شوێنە لە جیهاندا کە برسێتی پشتڕاست کراوەتەوە و ئەمەش سێیەم برسێتی لەم سەدەیەدا. برسێتی بۆ یەکەمجار لە کەمپی زامزم لە دارفور ڕاگەیەندرا و لەو کاتەوە دە قەزای دارفور بڵاوبووەتەوە.
لە سەرانسەری سودان، نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس کە نیوەی دانیشتووانەکەیە، ڕووبەڕووی برسێتی توند دەبنەوە و پێنج ملیۆن منداڵ و دایکیش بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم قەیرانە دروستکراوی مرۆڤە، بەو پێیەی بەهۆی شەڕەوە دروست دەبێت و نەک بەهۆی وشکەساڵی یان لافاو یان بوومەلەرزە، بەڵکو زیاتر بەهۆی ئەو ئاستەنگانەیە کە لایەنەکانی ململانێ لە ڕێگەی هاوکارییە مرۆییەکانەوە دروستیان کردووە.
هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت، لە ساڵی سێیەمی قەیرانەکەدا دەیان هەزار کەس ڕووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە، مەگەر ڕێکخراوە مرۆییەکان بتوانن بگەنە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی و سەرچاوەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی کاردەکات بۆ فراوانکردنی بازنەی هاوکارییەکان و گەیشتن بە حەوت ملیۆن کەس تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، بەتایبەتی لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە یان مەترسی برسێتییان لەسەرە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بارانبارین، زۆرێک لە ڕێگاکان دەستیان پێناگات، بۆیە پێشکەشکردنی یارمەتی پێش وەرزی بارانبارین بە تایبەتی گرنگە.
هەروەها ڕێکخەری فریاگوزاری لە سودان داوای ڕاگرتنی شەڕ و کۆتایی هێنان بە شەڕەکان کرد بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن ژیانی خۆیان دەستپێبکەنەوە.
لە هێرشی سەر کەمپی ئەبو ئەلشوق ١٥ کەس کوژران
لە مەیدانی شەڕدا، سەرچاوە خۆجێییەکانی سودان بڵاویانکردەوە، لە هێرشێکی هێزی وەڵامدانەوەی خێرادا بۆ سەر کەمپی ئەبو ئەلشوق لە شاری ئەلفاشر لە دارفور، لانیکەم ١٥ کەس کوژراون. ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵی شارۆچکەی ئوم کادادایان لە نزیک پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوور ڕاگەیاند.
ئەم ململانێیانە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە پێشتر لە هەندێک ناوچەدا برسێتی ڕاگەیەندراوە، لەنێویاندا کەمپەکانی پەنابەران لە دەوروبەری ئەلفاشر و ئەگەری بڵاوبوونەوەی برسێتی هەیە. ئەم قەیرانە سوودانی بەرەوڕووی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان کردووەتەوە.