فەرمانی بۆردومان و گەمارۆدان و چۆڵکردن؛ پەرەسەندنی قەیرانی مرۆیی لە غەززە
لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و سەپاندنی گەمارۆی توند، قەیرانێکی مرۆیی بێ وێنە سەریهەڵداوە و دۆخەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرەو هەڵکشان دەچێت و پێشگرتن لە یارمەتییە مرۆییەکان ئازاری خەڵکی مەدەنی دوو هێندە کردووە.

ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی نیسان، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی ئەم جینۆسایدە گەیشتووەتە ٥٠ هەزار و ٨٨٦ کوژراو و ١١٥ هەزار و ٨٧٥ بریندار.
دەیان کەس کوژران و بریندار بوون
سەرچاوە پزیشکییەکانی فەلەستینی ڕایانگەیاند کە دوێنێ لە ئەنجامی بۆردومانی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیدا ٢٩ کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە هێرشێکدا بۆ سەر ماڵێک لە نزیک بینایەتێکی پزیشکی ناسر لە ڕۆژئاوای خان یونس دوو کەسی دیکە کوژران.
هێزەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکیان کردە ئامانج، لەوانە کەمپەکانی پەنابەران لە ئەلمەواسی، باشوور و ڕۆژئاوای کەرتی غەززە، هەروەها ناوچەی ئەلزەهرا لە ناوەڕاستی غەززە.
لە گەڕەکی شوجاعییە لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ حەوتەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامن و هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەیی لەگەڵدایە. لەم هێرشانەدا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە کە چەندین ژن و منداڵیشیان تێدایە.
"گەمارۆ و برسێتی"
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە ٧٥%ی نێردراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەیان پێنادرێت بچنە غەززە. بە وتەی ناوبراو، ئیسرائیل لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٥ەوە گەمارۆیەکی تەواوەتی بەسەر غەززەدا سەپاندووە و ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی خۆراک و دەرمان دەکات.
لە هەفتەی ڕابردوودا ٧٥%ی نوێنەرایەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و پەککەوتن بوونەتەوە. گەمارۆدانەکە وایکردووە خێزانەکان ڕووبەڕووی برسێتی و بەدخۆراکی و بێ ماڵ و حاڵ و نەبوونی ئاوی پاک و خزمەتگوزاری پزیشکی ببنەوە و مەترسی نەخۆشی و مردنی زیاتر کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان بۆ سەر سیستمی چاودێری تەندروستی لە غەززە بەردەوامن و لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ٤٠٠ کارمەندی فریاگوزاری کوژراون، لە ٢٣ی ئازاردا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کاروانێکی پزیشکی و بەهۆیەوە ١٥ کارمەندی پزیشکی و فریاگوزاری کوژران.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ کۆتایی هێنان بە گەمارۆی مرۆیی و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکی و مرۆییەکان لە سەرتاسەری غەززە و دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی چۆڵکردنی نەخۆش و ئازادکردنی زیندانیان و دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕەکان.
بەهۆی داخستنی ئەو دەروازانە لەلایەن ئیسرائیلەوە، کەرتی غەززە پێی ناوەتە قۆناغی برسێتی، کە تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی فەرمانە کاتیەکانی دادگای نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارەساتبار و مرۆیی فەلەستین پێکدەهێنێت.
فەرمانی چۆڵکردن
لە وەها هەلومەرجێکدا، سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەکانی غەززەی دەرکردووە و داوای لە دانیشتوانی باکووری غەززە کردووە بچنە ناوەندە دیاریکراوەکانی پەنابەران. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشداری دایە دانیشتوانی ناوچەکانی شوجاعییە، ئەلجەدیدە، تورکمان، زەیتونی ڕۆژهەڵات، ئەلنور و ئەلتوفا کە دەستبەجێ ناوچەکە بەجێبهێڵن و بگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی پەنابەران لە ڕۆژئاوای شاری غەززە.