حەوتەمین فێستیڤاڵی گیای بەهاری لە خورماڵ بەڕێوەچوو

لەشارەدێی خورماڵ بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و سەکۆی هاودەنگی رێکخراوەکان حەوتەمین ڤیستیڤالی گیایی بەڕێوەچوو.

ڕێژنە سەلام

هەڵەبجە-دوێنێ ١١ی نیسان، لەشارەدێی خورماڵ بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و سەکۆی هاودەنگی رێکخراوەکان حەوتەمین ڤیستیڤالی گیایی بەرێوەچوو، تێیدا ٦٥ جۆر گیایی بەهارە نمایش کرابوو کە سەرجەمیان لە پێدەشت و شاخ و کوێستانەکانی کوردستان  کۆکراونەتەوە.

 

 هێرۆ وەکیل، وەک ئامادەکار لە حەوتەمین فێستیڤاڵی گیایی وتی:  حەوتەمین فێستیڤاڵی گیای بەهارە لە شارەدێی خورماڵ بەڕێوەچوو تێیدا زیاتر لە ٦٥ جۆر گیای بەهارە نمایش کراون  و سەرجەمیان لە کوێستانەکان و دەشتەکانی هەڵەبجە و هەورامان بونیان هەیە، ئامانجمان لەم فێستیڤاڵە  ئەوەیە کە گیا بەهارییەکان بە گەنجانمان بناسێنین و بتوانین لە ڕێگەی گیا سروشتیەکانەوە سودەکانیان و شێوازی لێنان بخەینە بەردەم کڕیاران، لە ئێستاشدا کە لە خورماڵە ئەوەیە کە خورماڵ بە دڵی گژو گیای سروشتی دادەنریت و گەشتیاری  زۆر ڕووی تێدەکات.

 

حوسنا مەحمود، ژنێکی تری ئامادەکارە لە فێستیڤاڵی بەهارە  وتی: ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو زیاد لە ٦٠ جۆر گیا نمایش کرا کە پێشتر کارمان بۆ کردو گیاکانمان کۆ کردەوە و لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشمان کرد، ئەمە جگە لەوەش پیشانگایەکی ژینگەیمان کردەوە تاوەکو باس لەگرنگی پاراستنی ژینگە و ئاو و خاکمان بدەین و بەشێکی تریش هۆشیار کردنەوەی میوانەکانمانە لە شێوازی لێنانی گیاکان و لێکردنەوەیان تاوەکو لە فەوتاندن بیان پارێزین.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە گیا بەهارییەکان چەندین کاری دەستی ژنان نمایش کرابوو و تاوەکو درەنگانی ئیوارەی هەمان ڕۆژ بەردەوام بوو.