پاڵپشتی ژنانی ئەفغانستان بۆ بەرهەمهێنان دەکرێت
بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە ژمارەیەک ژنانی گوندنشینەکانی ئەفغانستان لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی شیرەمەنی ڕاهێناوەو ئەو ژنانە توانیویانە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان بە فرۆشتنی بەرهەمەکان دابین بکەن.
ناوەندی هەواڵ
بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ئەفغانستان لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی ڕاهێننای ژنانی گوندنشینەکانی ئەفغانستان لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی شیرەمەنی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ڕێکخراوەکە ژمارەیەک ژنی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئەفغانستان لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی شیرەمەنی وەک ماست، کەرە و پەنیر بە کوالێتی بەرز ڕاهێناوە، هەروەها لەو ڕێگەیەوە دەتوانن داهات بەدەست بهێنن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنانە توانیویانە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان بە فرۆشتنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ماڵەوە دابین بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ژنانی ئەفغانستان بەدەست سنووردارکردنەکانی تالیبانەوە دەناڵێنن و مافی خوێندن و کار کردن و چوونە دەرەیان لێ زەوت کراوە.