نامەیەک لە زەینەب جەلالیانەوە: پێویستە هەمووان بەشداری لە هەڵمەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بکەن

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی یەزدی ئێرانەوە نامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا بەشداری خۆی لە هەڵمەتی ئازادیی بۆ رێبەر ئاپۆ راگەیاند و داواشی کرد هەموو ژنان، گەنجان و ئازادیخوازان بەشداری لە هەڵمەتەدا بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

زەینەب جەلالیان کە ماوەی  ١٧ ساڵە لە زیندانەکانی ئێراندایە و سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە، لە زیندانی یەزدەوە نامەیەکی ئاراستەی رای گشتی کردووە و لە بەشێک لە نامەکەیدا رایگەیاندووە، بیرکردنەوەکانم ئیلهامیان لە پارادایمی هزری ڕێبەرم عەبدوڵا ئۆجالان وەرگرتووە، کە بەهۆی هزر و ئازادیخوازییەکەیەوە ٢٦ ساڵە لە بەندیخانەیەکی نامرۆڤانەدا دەستبەسەر کراوە. من بە ئەرکی سەرەکی و ئەخلاقی خۆمی دەزانم کە بەشداری ئەو کەمپەینە بکەم بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە..

 

دەقی نامەکە بەم شێوەیەیە:

من زەینەب جەلالیان، ژنێکی ئازادیخوازی سیاسیم کە لەسەر بیرکردنەوەکانم لە زینداندام. بیرکردنەوەکانم ئیلهامیان لە پارادایمی هزری ڕێبەرم عەبدوڵا ئۆجالان وەرگرتووە، کە بەهۆی هزر و ئازادیخوازییەکەیەوە ٢٦ ساڵە لە بەندیخانەیەکی نامرۆڤانەدا دەستبەسەر کراوە. من بە ئەرکی سەرەکی و ئەخلاقی خۆمی دەزانم کە بەشداری ئەو کەمپەینە بکەم بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە. سڵاو دەنێرم بۆ شەرەفمەندترین ئازادیخوازی جیهان، کە وانەی ئازادی فێرکردم و هیوای ئازادی بۆ ئەم بیرمەند و مرۆڤە گەورەیە دەخوازم.

 

لەو سەردەمەدا کە نیشتمانی دایکمان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانی دڵیی، ببووە گۆڕستانێک کە هەموو وەک مردوو تیایدا لەسەر پێ بوون، و کەس و هێزێک نەبوو شەڕ لەگەڵ دوژمنان بکات، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە شێوازێکی بێ ڕەحمانە بوونی کوردی ڕەتدەکردەوە و کۆمەڵکوژی دەکردن، تەنها کەسێک کە توانی لە بەرامبەر ئەم دەوڵەتە فاشیستەدا سەرهەڵبدات، بێ گومان ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بوو، کە بێ شك بیر و هزری ئەو، تاکە ڕووناکییەک بوو کە ڕێگای ئازادی بۆ گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە لە تاریکترین قۆناغی مێژووی تورکیادا ڕووناک کردەوە. کاتێک بیر لە ژیانی ئەو دەکەمەوە دڵم ئازارم دەدات کە بۆچی دونیای ئێمە درەنگ لێی تێگەیشت! ئەو لە گەنجی و ئازادی و بنەماڵە و هەموو پەیوەندییە تەقلیدییەکان خۆی دەرباز کرد و بە خستنەڕووی پێناسەیەکی نوێ بۆ ئەو دەستەواژانە، هەوڵیدا کە گەلی کورد و گەلانی دیکە بە مافە شایستەکانی خۆیان بگەن. حکومەتی فاشیستی تورکیا بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی وەک ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، بە شێوازێکی زۆر دڕندانە ئەو کەسایەتییە ئازادەیان دەستگیر کردووە و ٢٦ ساڵە لە دوورگەیەکدا زیندانی کراوە و هەموو سنووردارکردنێکیان بەسەریدا سەپاندووە. جیهان شایەتحاڵی ئەوەیە کە ئەم سنووردارکردنانە نەیانتوانیوە بیر و بیرۆکەکانیان سنووردار بکەن.

 

ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالییەوە وەک گەوهەرێک دەدرەوشایەوە، چونکە لە زیندانی ئیمرالی بیرۆکەی نوێی پێکهێنا و پێشکەشی کرد، سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی وەک ڕێگەچارەسەرێک لە جێگەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە خستەڕوو. خەڵکی هەرێم لە ڕێگەی ئەم سیستەمە دیموکراسییەوە توانییان مافی خۆیان بە دەستبهێنن و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانەیان هەبێت. بەم شێوەیە بەرژەوەندی حکومەتەکان کەوتە مەترسییەوە، بەم هۆکارەش حکومەتی فاشیستی تورکیا به نوێنەرایەتی هەموو دەوڵەت-نەتەوەکان فشارەکانی لەسەر ڕێبەری ئازادیخوازان، عەبدوڵا ئۆجالان زیادتر کرد، بەڵام سەرەڕای هەموو فشار و سنووردارکردنەکان، رێبەر ئاپۆ بە شێوازێکی زۆر داهێنەرانە رێبازی نوێی ڕێگای ئازادی خستەڕوو. وەک رێبەر و بیرمەندێک لە بەرامبەر هەر دڕندەییەکی دوژمندا گیانی شیرینی کرد بە قەڵغانێک بۆ پاراستنی گەلان. پاڵپشتیکردن و بەرگریکردنی گەلانیش لە ڕاستیدا بەرگریکردنە لە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی. من زەینەب جەلالیان ١٧ ساڵە لە سەختترین هەلومەرجدا بەهۆی بەرگریکردن لە مافەکانم و مافی هاوڵاتییەکانم لە زینداندام. من باش لە بارودۆخی زیندان تێدەگەم، هەر کاتێک ئەو گۆشەگیرییە بشکێنین کە لە ئیمرالی بەسەر ڕێبەر ئاپۆ سەپێندراوە، هەموو زیندانەکانیش دەشکێنین. بەم شێوەیە ئێمەی ژنان دەبینە پێشەنگ لە شکاندنی سیستەمی زیندانەکاندا.

 

لە ئێران ژنان و هەموو گەلان کار بۆ واتادان بە شۆڕش دەکەن و دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دەڵێنەوە کە فەلسەفەی ئازادی ئێمەی ژنانە. ئەم دروشمە، ئەو هزر و فەلسەفەیەیە کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرێنەرەکەیەتی، بۆیە بۆ پاراستنی ئەو هزرە پێداگری لەسەر ئازادیەکەی دەکەین و لە چوارچێوەی ئەو دروشمە بۆ ئێرانێکی دیموکراتیک و هزر و مرۆڤێکی ئازاد، پشتیوانی و پارێزگاری لەم هزر و فەلسەفەیە دەکەین.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارە داوا لە هەموو ژنان و گەنجان و بەتایبەت بیرمەندان، ئەکادیمیستەکان، هونەرمەندان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، پارێزەران، ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان، فێمینیستەکان و گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران دەکەم، کە پشتیوانی لە ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و بەشداری لە هەڵمەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بکەن، کە لە هەموو جیهاندا دەستی پێکردووە و پەرەی پێدراوە. بەو پێیەی گەلانی نیشتەجێی ئێران وەک گەلانی دیکە پێویستیان بەم جۆرە هزرە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانیان، کەواتە جێی خۆیەتی هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ ئازادکردن و لابردنی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراون.

 

لەبەر ئەوەی کە رێبەر ئۆجالان بۆ مرۆڤایەتی و لە پێناو هەمووماندا تێکۆشانی کردووە و لە سەختترین هەلومەرجدا لە دوورگەی ئیمرالی بەرخۆدان و تێکۆشانی کردووە و بنەمای بیرکردنەوەکانی لەسەر ئازادی ژنان دامەزراوە، کەواتە پشتیوانی و هەڵوێست لە چوارچێوەی تیکۆشان لە دژی پیاوسالارییە، کە بێگومان پێویستی هەموو کۆمەڵگەیە، بۆیە بانگهێشتتان دەکەم بە بەشداریکردن لە هەڵمەتی ئازادی جەستەیی بۆ رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەرکی مرۆیی خۆتان ئەنجام بدەن. بە دڵنیاییەوە ئازادی ئەو دەبێتە ئازادی هەموومان و بە تایبەت ژنانی تێکۆشەر.

 

زەینەب جەلالیان- زیندانییەک کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا - زیندانی یەزد

١٤٠٣.١٠.١٥ هەتاوی

٢٠٢٥.٠١.٠٤ زایینی