ڕێگری لە بنەماڵەی جیهان بیلگین و نازم داشتان کرا تەرمی ڕۆڵەکانیان وەربگرنەوە

بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان ویستیان بێنە باشووری کوردستان و تەرمی ڕۆڵەکانیان وەربگرنەوە لەسەر سنوور، بەڵام لە دەروازەی سنووریی خابوور ڕێگریان لێ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٩ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان کە لە ئەرکدا بوون و بەدوای هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیادا بوون بۆ سەر ناوچەکە، لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تیشرین و شارۆچکەی سیرین لە کانتۆنی فورات، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ بێفڕۆکەوانی تورکەوە کرانە ئامانج و لەئەنجامی هێرشەکاندا هەردوو ڕۆژنامەنووس شەهیدبوون.

 

 

دوێنێ ٦ی کانوونی دووەم، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامیشلۆ کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە جەماوەرێکی زۆرەوە مەراسیمی ماڵئاوایی هەردوو ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتان بەڕێوەچوو.

 

شاندێک کە پێکهاتبوون لە کاموران تانهان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و باوکی ڕۆژنامەنووس نازم داشتان و باوکی ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی ڕێکخراوەکان، بۆ وەرگرتنی تەرمی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان، لە نسێبینەوە بەرەو باشووری کوردستان کەوتنەڕێ.

 

کاتێک شاندەکە گەیشتنە دەروازەی سنووریی خابووری سلۆپی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلۆپییەوە بە پاساوی خراپی ئامێری ” Xray” ڕاگیران. پێش ئەوەش بە پاساوی “سیستەم وەستاوە” بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەبەردەم دەروازەکە ڕاگیرابوون، پاشان کاتێک شاندەکە گەیشتنە بەشی ” Xray” بە پاساوی خراپبوونی ئامێرەکە، ڕێگریان لێ کرا.

 

بەم هۆیەوە کاموران تانهان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پەیوەندی کرد بە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوە، بەڵام تا ئێستاش هەردوو وەزارەتەکە وەڵامێکی ئەرێنیان نەداوەتەوە بۆ تێپەڕبوونی شاندەکە.

 

کاموران تانهان ئەم بڕیارەی بە بڕیارێکی سیاسیی ناوبرد و ڕایگەیاند ئەمە ڕێزنەگرتنە لە تەرمەکان و لە جیهاندا هاوشێوەی نییە، لە جیهاندا هەمووان مافی ئەوەیان هەیە، تەرمی ئازیزانیان بەگوێرەی بیروباوەڕی خۆیان بەخاک بسپێرن و وتی: “ئەمە مافێکی سرووشتییە، ئێمەش دەمانەوێت تەرمەکان وەربگرین، تاوەکو بەشێوەیەکی شایستە بەخاک بسپێردرێن، داوا دەکەین هیچ ڕێگرییەک نەکرێت، تەرمەکان وەربگرین و لە شارەکانی خۆیان بەخاکیان بسپێرین.