"سارا خوداوەندی جوانی شاخی ئازاد بوو"

لەیلا واشوکانی، یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەژە، ئاماژەی بەوەدا کە ساکینە جانسز، وەک ژنێکی پێشەنگی تەڤگەری ئازادی، هەمیشە سەرقاڵی ڕێکخستن و پەروەردەکردنی خەڵک بووە و وتی: "هاوڕێ سارا خوداوەندە جوانەکەی شاخە ئازادەکان بوو"

سەلەنا دێرک

 

ناوەندی هەواڵ - یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارت و سەرۆکی تەڤگەری ئازادیی ژنان، ساکینە جانسز "سارا"، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لەگەڵ هاوڕێیانی فیدان دۆغان "ڕۆژبین" و لەیلا شایلەمەز "رۆناهی" لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرانە ئامانج، هەزاران گەنج بوون بە شوێنکەوتووی ساکینە جانسزی ڕێبەری ژیانی ئازاد و پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ئازادییەوە، لەیلا واشوکانی یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی یەپەژە بە بۆنەی ساڵیادی کوژرانی ساکینە جانسز قسەی بۆ دەزگاکەمان کرد.

 

'ژیانێکی ئەفسانەیی هەبووە'

لەیلا واشوکانی لە سەرەتای قسەکانیدا سێ ژنە شۆڕشگێڕەکە، سارا و ڕۆناهی و ڕۆژبینی بیر هێنایەوە و وتی: خوداوەند سارا لە پەرتوکە سێ بەرگەکەیدا بە ناوی 'ژیانم هەمیشە تێکۆشآن بوو'، باسی ژیانی خۆی کردووە و بەرخۆدان و کاتی خەباتی زۆر بە ڕوونی ڕوون کردۆتەوە، پەرتوکی شۆڕشگێڕی کورد سارا دەرسیم بەنرخترین میراسی ئەو سەردەمەیە بۆ هەموو ژنان، پێناسەکردنی ژیانی هەڤاڵ و فەرماندە سارا ئەوەندە سادە نییە، تەنها پێناسەی هاوڕێکانی و ئەوانەی ناسیویانە، بەس نابێت بۆ ستایشکردنی ژیانی خوداوەند سارا، چونکە ژیانی هاوڕێ سارا زۆر پڕە وهەموو ساتێکی خەبات و بەرخۆدان و یاخیبوون و شکۆمەندی بوو.

 

"سەرچاوەی هەیەجان و ڕۆحانیەت و هیوا"

لەیلا واشوکانی باسی لەوە کرد کە ژنە شۆڕشگێڕەکە"سارا" لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە دەستی بە تێکۆشان کردووە و وتی: ژیانێکی وەک داستانی هەبووە، هەڤاڵ و فەرماندە سارا بەشداری دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد و هاوکات یەکێک بوو لە کادرەکانی سەرەتای تێکۆشانی ئازادی، ئەو بوو بە نموونەی ژنێکی گەنجی یاخی لە زیندانەکانی دوژمن، شەهید سارا هەمیشە بە شانازییەوە لە زیندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکدا وەستاوە، هەرگیز سەری بۆ دوژمن دانەنەواندووە، وەک قەڵایەک لە دژی بکوژەکان وەستاوە، بە بەرزترین ئاستی ئازایەتی پێشەنگایەتی هەموو ژنە زیندانیکراوەکانی ناو زیندانەکەی کرد، بە ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە بەشداری لە بەرخۆدانەکەدا کرد، و بوو بە ئیلهامبەخش بۆ خەبات، سەرچاوەی هەیەجان و ڕۆحانیەت و هیوا بوو بۆ هەموو ژنان و هەڤاڵەکانی.

 

"زۆر دڵسۆز بوو بۆ ڕێبەر ئاپۆ"

لەیلا واشوکانی لە درێژەی قسەکانیدا، سەرنجی بۆ نزیکبوونەوەی ژنی پێشەنگ سارا ڕاکێشا و وتی: سارا هەمیشە کەیفی بە هاوڕێکانی هاتووە، هەیەجان و مۆڕاڵی پێبەخشیون، پەیوەندی گەلی بە ژیانی ئازادەوە زیاتر کرد، سەرچاوەی هیوا و مۆڕاڵ بوو. زۆر دڵسۆز بوو بۆ ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو پێداچوونەوەکانیدا باسی ڕێبەری دەکرد، هاوڕێ سارا کارێکی گەورەی بۆ تەڤگەری ئازادی ژنان کرد، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە گەشەپێدانی سوپای ژنان، سەرقاڵی ڕێکخستن و پەروەردەی گەل بوو، کاتێک باسی هاوڕێ سارا دەکرێت، بەرخۆدان، خەبات، خۆشەویستی، داهێنان و قوربانیدان دێتە بەرچاو.

 

"نمایشەکە شەڕ و خەبات و ژیانە"

لەیلا واشوکانی باسی لەوە کرد کە سارا ئیلهامبەخشی خەبات بوو بۆ هەموو ژنان و گەنجان و درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: هەڤاڵ سارا دەیوت ژنان دەبێت لە پێناو ئازادی و کۆمەڵگەدا خەبات بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە کۆیلایەتی و دەسەڵاتداری پیاو ڕزگار بکەن، بۆ ئەمەش زۆر ماندوو بوو، هاوڕێ سارا جیهانێکی زۆر گەورە و فراوانی هەبوو، ژنێکی ئاپۆیی پێشەنگ و خاوەن یاسا و پێوەر بوو، بۆ هەموو ژنان هێمای ئازادییە، نیشانەی ژیانی یەکسان و ئازادە، پێشەنگی شەڕ و خەبات و ژیانە، هەر لە شارەکانی تورکیا، کوردستان، زیندانەکان، شاخەکان تا ئەوروپا، لە هەموو شوێنێک خەباتی کردووە و جێپەنجەی خۆی بەجێهێشتووە، هاوڵاتی یاخیبووی دێرسیم بوو، خەڵکی ناوچەی بێس و زێریفا و بێریتانان بووە، هەڤاڵ سارا خوداوەندە جوانەکەی شاخە ئازادەکان بوو.

 

"دەمەوێت لە هەموو شوێنێکی کوردستان گوڵ بچێنرێت"

لەیلا واشوکانی، فەرماندەی یەپەژە لە کۆاتییدا وتی: دوای شەهیدبوونی هاوڕێ سارا، ڕێبەر ئاپۆ وتی 'ئازادی ژن خەباتی سارایە' ئێمە لەلایەن سەراکانەوە ڕاسپێردراوین. ئەگەر خۆشەویستی و سۆزمان بۆ ئازادی هەبێت، دەبێت خەبات و بیرکردنەوەمان هەمیشە لەسەر شاخ بێت و لەسەر ڕێگای ساراکان بڕۆین، دەمەوێت لە هەموو پارچەکانی کوردستان گوڵ بچێنرێت، هەرچییەک ڕووبدات، دەبێت ئەم ویستەی هاوڕێ سارا بەدی بهێنین، جارێکی تر هەموو شەهیدەکانمان لە کەسایەتی سارای هاوڕێماندا یاد دەکەینەوە، بەو ئامانجانە دەگەین کە شەهیدەکانمان خەباتیان بۆ کرد، وڵاتێک بە بۆنی گوڵی ڕەنگاوڕەنگ پێشکەشی هەموو گەلی ناوچەکە دەکەین.